مەلا بەختیار پەیامێك بۆ نێچیرڤان بارزانی دەنێرێت
مەلا بەختیار، لە سەروتاری ژمارە357ی ئەمڕۆ دووشەمی رۆژنامەی \"چاودێر\""دا كە بەناونیشانی \""پەیامێكی رۆژنامەوانی بۆ نێچیرڤان بارزانی\"" نووسیویەتی، سەرەڕای ئاماژەدان بەو كارە باشانەی كە كابینەی پێنجەم و شەشەم كردوونی، رەخنەش لەو كارانە دەگرێت كە هێشتا ئەنجام نەدراون.
مەلا بەختیار لە پەیامەكەیدا دەڵێ \""ئەوەی لە شەش ساڵی رابردوودا، /چوار ساڵی نێچیرڤان بارزانی و دوو ساڵی بەرهەم ساڵح/، ئەنجام نەدران، یەكخستنەوەی راستەقینەی تەواوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بەتایبەتی وەزارەتەكانی دارایی و ناوخۆ و تا رادەیەك پاشماوەی یەكنەخراوی پێشمەرگەش\"".
ئاماژە بەوەش دەكا \""ئەمجارەش دیسان، ئەم ئەركە قورسە بۆ كاببینەی حەوتەم مایەوە. كە من دڵنیام، هۆی یەكنەخستنی ئەو وەزارەتانە و رماندنی تەواوی دیوارە سیاسی و سایكۆلۆژییەكانی بەردەم یەكخستنەوەی دەزگا، پارێزگا و ناوچەكان، هێندەی بۆ هەلومەرجی سیاسی و سیاسەتی پارتی و یەكێتی دەگەڕێتەوە، كەمتر لەوە بۆ سەرۆك وەزیران و كابینەكانیان دەگەڕێتەوە\"".
لە بەشێكی تری ئەو سەروتارەدا هاتووە \""یەكێتی، بەدڵنیایەوە، دڵنیام ئامادەی راپەراندنی وەها ئەركێكی هاوبەشە لەگەڵ پارتی هاوپەیماندا، بەڵام لێشت ناشارمەوە، پێویستمان بە پێداچوونەوەیەك بە مافەكانمان، لە تەواوی وەزارەت و دامودەزگاكاندا هەیە\"".
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئاشكرای دەكا \""نیگەرانییەكی بەرچاو، لەلایەن هەڤاڵانی یەكێتییەوە، لە دامودەزگا و دەسەڵاتی وەزیرەكان هەتا دەگاتە بەڕێوەبەر و راوێژكار و پۆستەكانی تر، پەنگیان خواردوووە. هەروەها لە پارێزگاكانی هولێر و دهۆكیش، بێگومان پارتی و جەماوەرەكەیشی لە كۆیە هەتا گەرمیان، هەمان نیگەرانییان هەیە\"".
مەلا بەختیار لە پەیامە حەوت خاڵییەكەیدا بۆ نێچیرڤان بارزانی دەڵێ، ئەركی بنەڕەتی لە بەردەمدا ماون، جێبەجێ بكرێن، لەوانە \""گەڵاڵەكردن و پەسندكردنی یاسای سۆسیال لە كوردستاندا، دانانی سیستەمێكی تەندروستیی مۆدێرن، ئاوڕدانەوە لە ژێرخانی ئابووری، جادە و بانەكانی كوردستان، شەفافیەتی بازاڕ، بواری گەشتوگوزار و پەروەردە و خوێندنی باڵا\""."