مه‌سروور بارزانى پێشوزایى له‌ شاندێكى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى بریتانیا كرد

مه‌سروور بارزانى پێشوزایى له‌ شاندێكى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى بریتانیا كرد
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ رێكه‌وتى 29/1/2012 به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى پێشوازیى كرد له‌ شاندێكى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى بریتانیا به‌ سه‌رۆكایه‌تیى خانم (فرانسیس گایا) به‌رپرسى دۆسیه‌ى ئۆپۆزسیۆنى سووریا له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى بریتانیا .

له‌ دیدارێكدا كه‌ كریس پاوه‌رز كونسوڵى گشتیى بریتانیا له‌ هه‌رێم ئاماده‌ى بوو، به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى وێڕاى به‌خێرهێنانى گه‌رمى شاندى میوان، هیواى خواست دیدار و چاوپێكه‌وتنه‌كانى هه‌ردوولا به‌رده‌وام بن له‌ پێناو لێكتێگه‌یشتن و هه‌ماهه‌نگى سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ و قه‌یرانه‌كانى ناوچه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كه‌ جێگه‌ى گرنگى و بایه‌خى هه‌ردوولان .

هه‌ر له‌م دانیشتنه‌دا هه‌ردوولا بیروڕایان سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانى وڵاتى سووریا ئاڵۆگۆڕ كرد و ته‌ئكیدیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ لایه‌نه‌كانى سووریا به‌ حكوومه‌ت و ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ خۆیان دوور بخه‌ن له‌ ئه‌نجامدانى كرده‌وه‌ى توندوتیژى دژى یه‌كترى و هه‌وڵى جددیى زیاتر بده‌ن بۆ ئه‌نجامدانى دیالۆگى نیشتیمانى بۆ چاكسازیى بنه‌ڕه‌تى له‌ سیسته‌مى وڵاتدا و به‌ به‌شداریكردنى هه‌موو پێكهاته‌كانى وڵاتى سووریا له‌ به‌ڕێوه‌بردنى وڵات و دیاریكردنى چاره‌نووس و دوارۆژى ئه‌و وڵاته‌ .

لاى خۆیه‌وه‌ شاندى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى بریتانیا هه‌وڵه‌كانى به‌ڕێز سه‌رۆك بارزانى بۆ كۆكردنه‌وه‌ و ئه‌نجامدانى كۆنفرانسێكى به‌رفراوان بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردى سووریا به‌ كارێكى ئه‌رێنى و گرنگ و پێویست له‌ قه‌ڵه‌م دا به‌ تایبه‌تى كه‌ جه‌نابیان ته‌ئكید له‌ پشتیوانیكردنى داخوازییه‌ ره‌واكانى گه‌لى كورد له‌ سووریا ده‌كاته‌وه‌ به‌ مه‌رجێك یه‌كگرتوویى بنوێنن و خۆیان له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كى توندوتیژى دوور بگرن و به‌ رێگه‌ى ئاشتییانه‌ داواى مافه‌ ڕه‌واكانى خۆیان بكه‌ن .

هه‌ر له‌ میانه‌ى ئه‌م دانیشتنه‌دا هه‌ڵوێستى وڵاتانى هه‌رێم و جیهان سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانى وڵاتى سووریا باسى لێوه‌ كرا و هه‌ردوولا ته‌ئكیدیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ڵوێستى ڕوون و ئاشكراتر بنوێنن و هه‌وڵێكى جددى بدرێت بۆ كۆتاییهێنان به‌م بارودۆخه‌ى ئێستا كه‌ وڵاتى سوریاى گرتۆته‌وه‌ به‌ تایبه‌تى له‌م رۆژانه‌دا كه‌ ئاستى توندتیژییه‌كان به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كى ترسناكیان به‌خۆوه‌ بینیوه‌ .

شایه‌نى باسه‌ شاندى میوان خۆشحاڵى خۆیان به‌م سه‌ردانه‌ ده‌ربڕى و به‌ گرنگ و پێویستیان زانى بۆ هه‌ردوولا .

كریس پاوه‌رز كونسوڵى گشتیى بریتانیا وێڕاى شادبوونى به‌م دیداره‌، سوپاس و پێزانینى خۆى ئاراسته‌ى به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى كرد كه‌ توانیویه‌تى له‌م هه‌لومه‌رجه‌ ناسكه‌دا به‌ سه‌ركه‌وتوویى و لێهاتوویى كاره‌كانى ئه‌نجام بدات و هیواى سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنى زیاترى بۆ به‌ڕێزیان خواست.
Top