حزبە كوردییەكان ئەندامیەتییان لە رێكخراوەكانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا هەڵدەپەسێرن

حزبە كوردییەكان ئەندامیەتییان لە رێكخراوەكانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا هەڵدەپەسێرن
حزبە كوردییەكانى ناو \"ئەنجوومەنى نیشتمانیى كوردى\""ى سووریا ئەندامیەتیى خۆیان لە هەموو رێكخراوەكانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا هەڵپەسارد، ئەویش بەهۆى ئەوەى لەگەڵ هەر سێ رێكخراوەكەى ئۆپۆزسیۆن لەبارەى داننانى دەستوورى بە بوونى نەتەوەى كورد لەو وڵاتە نەگەیشتوونەتە رێكەوتن. ئاژانسى (یو پی ئەى) ئەمڕۆ پێنجشەم گواستیەوە.

فوئاد عەلیكۆ ئەندام ى مەكتەبی سیاسیی حزبی \""یەكێتی\""ى بەرهەڵستكارى كوردى سووریا بە رۆژنامەى (ئەلوەتەن)ى راگەیاند، حزبەكانى ناو ئەنجوومەنى نیشتمانیى كوردى ئەندامیەتیى خۆیان لە \""دەستەى هاوئاهەنگیی نیشتمانیى بۆ گۆڕانى دیموكراسی\"" و \""ئەنجوومەنى نیشتمانیى سووریایی\"" و \""راگەیاندنى دیمەشق بۆ گۆڕانى دیموكراسی\"" هەڵپەساردووە.

لەبارەى هۆى ئەو بڕیارەى حزبە كوردییەكانیشەوە ئاشكراى كرد هۆى بڕیارەكە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى تائێستە ئەو حزبە كوردییانە لەگەڵ هەرسێ بارستەى ئۆپۆزسیۆن نەگەیشتوونەتە هیچ لەیەكگەیشتنێك، لەبارەى مافى دەستووریى كورد وەك نەتەوەیەكى راستەقینە لە سووریا و چارەسەرى كێشەكەى لەسەر بناغەى مافى چارەى خۆنووسین.

عەلیكۆ روونى كردەوە، ئەنجوومەنى نیشتمانیى كوردى كە 10 حزب و نێزیكەى 150 كەسایەتیى كوردى لەخۆ دەگرێ و لە 26 تشرینى یەكەم/ئۆكۆتبەرى رابردوو دامەزرا، ماوەى دوو مانگ مۆڵەتى دایە ئەندامەكانى تا لەگەڵ بارستەكانى ئۆپۆزسیۆن بكەونە گفتوگۆ و دواتر كام لەوانە لە هەڵوێستى كورد نێزیك بوو، مامەڵەى لەگەڵدا بكرێ، بەڵام دوو مانگە تەواو بووبەبێ ئەوەى لەگەڵ هیچكام لە بارستە عەرەبییەكان بگەنە رێكەوتن.

لەبارەى شیمانەى گفتوگۆكردن لەگەڵ رێژیمەكەى بەشار ئەسەدیش، ئەو بەرپرسە كوردەى سووریا گوتى \""نەخێر، هەموو كەناڵەكان لەگەڵ رێژیم داخراون\""."
Top