له‌ له‌نده‌ن به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت چه‌ند دیدارو چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌ریتانیا ئه‌نجامدا

له‌ له‌نده‌ن به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت چه‌ند دیدارو چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌ریتانیا ئه‌نجامدا
له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو كۆنفڕانسی به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی تاوانه‌كانی ڕژێمی پێشووی عیراق ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی كوردستان له‌ له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌م كۆنفڕانسه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤی عیراقیه‌وه‌ سازكرابوو و 3 ڕۆژی خایاند. تێیدا محمد شیاع السودانی وه‌زیری مافی مرۆڤی عیراقی فیدڕاڵ و دكتۆر محی الدین عبدالله‌ هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباری باڵیۆزخانه‌ی عیراقی فیدڕاڵ له‌ به‌ریتانیا و نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و كاروباری كۆمۆنوێڵسی به‌ریتانیا و په‌رله‌مانتار مێگ مون ئاماده‌ی بوون.

هاوكات شاندێكی پایه‌به‌رزی هه‌رێمی كوردستان به‌شداریان له‌م كۆنفڕانسه‌ كرد كه‌ پێكهاتبوو له‌ مامۆستا ئارام وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و خاتوو به‌یان سامی عبدالرحمان نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌ریتانیا و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عیراقی فیدڕاڵ و هه‌رێمی كوردستان و به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان.

له‌ په‌راوێزی كۆنفرانسه‌كه‌دا فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت كۆمه‌ڵێك چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌ریتانیا، په‌رله‌مانتاران، خاوه‌ن بڕیاره‌كان و چاودێران ئه‌نجامدا بۆ شیكردنه‌وه‌ی بارودۆخی هه‌نووكه‌یی هه‌رێمی كوردستان.

له‌م چاوپێكه‌وتنانه‌دا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ عیراق به‌ بارودۆخێكی دژوار تێده‌په‌ڕێت و گووتی: “ هێزه‌كانی ئه‌مریكا عیراقیان به‌جێهێشت و ئێستا ئێمه‌ ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه‌ شێوازی پێكه‌وه‌ ژیان له‌گه‌ڵ یه‌ك و پابه‌ندبوونمان به‌ ده‌ستوور و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات هه‌ڵبژێرین به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق دیاریكردووه. هه‌موو كه‌سێك له‌ عیراق ده‌بێت هه‌ست به‌وه‌ بكات كه‌ هاووڵاتی یه‌كسانن و پشكی خۆیان له‌و ووڵاته‌ هه‌یه‌ . ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندین به‌وه‌ و داواش له‌ سه‌رجه‌م پارته‌ عیراقیه‌كان و گرووپه‌ جیا جیاكان ده‌كه‌ین كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌.”

هه‌ر له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا و به‌ ئاماده‌بوونی خاتوو به‌یان سامی عبدالرحمان نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌ریتانیا، فه‌لاح مسته‌فا چاوی كه‌وت به‌ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و كاروباری كۆمۆنوێڵس. له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ ڕۆشنایی خسته‌ سه‌ر بارودۆخی عیراق و جه‌ختی له‌سه‌ر بانگه‌وازیه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مسعود بارزانی كرده‌وه‌ له‌ سه‌ر به‌ستنی كۆنگره‌ی نیشتیمانی به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م پارته‌ سیاسیه‌ عیراقیه‌كان و به‌ گرنگی ناوزه‌د كرد بۆ بینینه‌وه‌ی ڕێگه‌ چاره‌یه‌ك بۆ بارودۆخی مه‌ترسیداری ئێستای عیراق هه‌ر له‌ دانیشتنه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر پێشكه‌وتنه‌كانی بواری ئابوری و پڕۆسه‌ی سیاسی ناوه‌خۆی كوردستان كرا.

هه‌ر له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌ فه‌رمیه‌كه‌یدا بۆ به‌ریتانیا فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاوی كه‌وت به‌ احمد اونال جێڤیكۆز باڵیۆزی كۆماری توركیا له‌ به‌ریتانیا.

له‌ دانیشتنێكدا باس له‌و گۆڕانكاریانه‌ كرا كه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ خۆیه‌وه‌ی ده‌بینێ. هه‌روه‌ها باس له‌ بارودۆخی عیراق و هه‌رێمی كوردستان و توركیا كرا. شایانی ووتنه‌ عیراق چواره‌مین هاوبه‌شی بازرگانی توركیایه‌ و گه‌وره‌ترین پشكی ئه‌م بازرگانیه‌ به‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت. كۆمپانیا توركیه‌كان ڕۆڵی گرنگ له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ تایبه‌ت له‌ بواری بیناسازی ده‌بینن و ئاڵوگۆڕی كه‌لتووری و په‌روه‌رده‌یی له‌ نێوان هه‌ردوولا ئه‌نجام ده‌درێت.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی لۆرداتی به‌ریتانیای كرد و له‌ لایه‌ن (باڕۆنێس مۆریس) سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ پارتی پارێزگارانی به‌ریتانیا (كه‌ یه‌كێكیشه‌ له‌ جێگره‌كانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی لۆردات) به‌ گه‌رمی پێشوازی لێكرا.

ئه‌نجومه‌نی ناوبراو كارده‌كات بۆ كۆكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی پارتی پارێزگاران له‌گه‌ڵ شاره‌زا سه‌ره‌كیه‌كان و مێوانه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. فلاح مسته‌فا ڕۆشنایی خسته‌ سه‌ر ئه‌و ڕۆڵه‌ پۆزه‌تیڤه‌ی كه‌ زانكۆكانی به‌ریتانیا، ڕێكخراوه‌ كه‌لتووریه‌كان، ڕێكخراوه‌ نا حكومیه‌كان و كۆمپانیاكان كه‌ له‌ ساڵی 2003 – وه‌ له‌ كوردستان ده‌یبینن و پشتگیری خۆی بۆ به‌رده‌وامی ئه‌و هاریكاریه‌ له‌ داهاتوودا دووپات كرده‌وه‌.

هه‌ردوو وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێزان ئارام محمد وه‌زیری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ ڕه‌وه‌ندی كوردستانی له‌ به‌ریتانیا سازدا به‌مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی هۆشیاری نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر كه‌یسی جینۆسایدی گه‌لی كورد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا له‌گه‌ڵ ره‌وه‌ندی كوردستانی فه‌لاح مسته‌فا ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵویست و بۆچوونه‌كانی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كرده‌وه‌ كه‌ له‌ كۆنفڕانسی نوێنه‌رایه‌تیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ‌ بایه‌خ و گرینگی زۆر به‌ ره‌وه‌ندی كوردستانی له‌ده‌ره‌وه‌ بدرێت و وه‌ك به‌شێكی دانه‌بڕاو له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستان بایه‌خ به‌راو سه‌رنج و بۆچوونه‌كانیان بدرێت و ده‌رفه‌تیان بۆ بڕه‌خسێت به‌شداربن له‌ پرۆسه‌ی پێشخستنی هه‌رێمی كوردستان.

هه‌روا گووتی ده‌بێ‌ هه‌موولایه‌ك به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین بۆ به‌نێوه‌ده‌ڵه‌تی ناساندنی جینۆسایدی گه‌لی كورد و ناساندنی هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ گه‌له‌كه‌مان كراوه‌.
Top