خەریكە دیالە دەبێ بە دوو ئیدارە

خەریكە دیالە دەبێ بە دوو ئیدارە
بەهۆی ئەوەی پارێزگەری دیالە (لە لیستی عێراقییە بەسەرۆكایەتیی ئەیاد عەلاوی) داوای گواستنەوەی دەوامی پارێزگە و بەشەكانی بۆ شارۆكەی خانەقین دەكا، نوێنەرانی كورد لە ئەنجوومەنی پارێزگەی دیالە وریاداری دەدەن لەوە شیمانەی دروستبوونی دوو ئیدارەیی لە پارێزگەكە لە ئارادایە.

دوێنێ (ئاكانیوز) لە چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاوی كردەوە كە لە دوای داوای بەهەرێمبوونی دیالە لە 12 كانوونی یەكەم/دیسێمبەری رابردووەوە، عەبدولناسر هنداوی پارێزگەری دیالە دەوامی نەكردووە و پێی وایە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە لە پارێزگەكە.

نەسرین بەهجەت ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی دیالە لە لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، عەبدولناسر مەهداوی پارێزگەری دیالە ماوەیەكە داوای دەكا دەوامی پارێزگە بگوازێتەوە بۆ شارۆكەی خانەقین /177 كم ڕۆهەڵاتی دیالە/ بەو پێیەی كە دۆخی باقوبە /سەنتەری پارێزگە/ نا ئارامە.

بەهجەت گوتی، بەهۆی ئامادەنەبوونی پارێزگەرەوە، فورات تەمیمی جێگری پارێزگەری دیالە كارباری كارگێڕی پارێزگەكە بەڕێوە دەبا.

لەوكاتەی دیالە داوای بەهەرێمبوونی راگەیاند، دۆخی تەناهیی صپارێزگەكە ئالۆزكا و لە بەغداوە هێز رەوانەی دیالە كرا كە دواتر گرتن و فەرمانی گرتنی چەند ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگەكەی لێ كەوتەوە كە سەر بەلیستی عێراقیەن

دلێر حەسەن سایە جێگری لێژنەی تەناهی و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی دیالە لە لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بۆ (ئاكانیوز) ئاشكرای كرد، عێراقییە وەك پێكهاتەی سونە بڕیاری دا دیالە ببێتە هەرێمی سەربەخۆ، بەڵام ئەو دۆخەی مەترسی دروستبوونی دوو ئیدارەی لێ دەكرێ داواكارییەكەی پارێزگەرە بۆ گواستنەوەی دەوامی پارێزگەكە بۆ خانەقین لە كاتێكدا بەعقوبە جێگری پارێزگەر كار دەكا، ئەوەیش زەنگێگە بۆ دروستبوونی دوو ئیدارەیی لە دیالە.

لە كاتی راگەیاندنی بەهەرێمبوونی دیالەدا ئەندامانی كورد پشتگیری داواكەیان كرد، بەڵام بەمەرج، تەنانەت كوردێك راگەیاندنی بەهەرێمبوونەكەی خوێندەوە.

تاڵب محەمەد سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە (ئاكانیوز)ی گوت، داواكەی پارێزگەر بۆ گواستنەوەی شوێنی دەوامی بۆ خانەقین یاسایی نییە، چونكە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگەكان وەك دەستوورە كە بۆ دۆخی ئێستەی دیالە لە بڕگەیەكدا دەڵێ، پارێزگەر لە دیوانی پارێزگە نەبێ، جێگرەكەی دەتوانێ لە ڕووی كارگێڕییەوە دەوامی خۆی بكا.

ئاماژەی دا، لە هەوڵداین بۆ گەڕاندنەوەی پارێزگەری بۆ باعقوبە بەمەبەستی دەوامكردن، چونكە ئەوە بەرژەوەندیی گشتییە نەك دوو ئیدارە لە پارێزگەكە هەبێ.

\"لە هەوڵدین ئەگەر پارێزگەر بگەڕێتەوە دەوام، بەڵام بەپێچەوانەوە كەسێكی تر لە شوێنی دابنرێ، چونكە دوو ئیدارەیی لە بەرژەوەندی دیالەدا نییە، هەرچەندە بەهەرێمبوونی پارێزگەكان مافێكی دەستوورییە بە پارێزگەكان دراوە\"" محەمەد گوتی.

دیالە /55 كم باكورى رۆهەڵاتى بەغدا/ لە 5 شارۆكە و 18 شارەدێ پێك هاتووە، ژمارەى دانیشتوانەكەى یەك ملیۆن و 500 هەزار كەسە و هەرسێ نەتەوەى كورد، عەرەب و توركمانی تێدا دەژین، لە ڕووى مەزەبیشەوە بەسەر شیعە و سونەدا دابەش بوونە."
Top