نامه‌ی پیرۆزبایی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌بۆنه‌ی هاتنی ساڵی نوێوه
پارتیمان پارتی دیموكراتی كورستان ساڵی نوێ ده‌كاته ساڵی كاركردنی به‌رده‌وام و گشتگیر بۆ هه‌رچی زیاتر چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی ژیانی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا له‌سه‌ر زه‌وینه‌ی دیموكراسی و یه‌كترقبوڵكردنی جیاوازییه‌كان و كاركردنی پێكه‌وه‌یی بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی قۆناخی ئێستا ده‌یانخوازێ. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی هه‌موو برِگه و مادده‌كانی ده‌ستوور وه‌كوو ته‌نیا زامنێك بۆ مانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی هه‌موو نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزاكان ده‌كه‌ینه‌وه و، هه‌روه‌ها دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه پێویسته ئه‌و ده‌ستووره بكه‌ینه ته‌نیا مه‌رجه‌عێك بۆ دانوستاندن و دیالۆگی نیشتمانی له‌پێناوی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان و مسۆگه‌ر كردنی چاره‌سه‌ری ئاشتییانه كه مافی هه‌مووانی تێدا پارێزراو بێت و رێ بگرێ له گه‌رِانه‌وه بۆ چوارگه‌شه‌ی یه‌كه‌م و هاتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تاكرِه‌وییانه‌ی یه‌ك نه‌ته‌وه یان یه‌ك مه‌زهه‌ب و یاخود یه‌ك حزبیی كه به درێژایی مێژووی خۆی، بنه‌مای هه‌موو به‌ڵا و نه‌هامه‌تییه‌كانی گه‌ڵانی عێراق بووه.
پارتیمان یه‌كرِیزیی و ته‌بایی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كاركردنی پێكه‌وه‌یی ناوماڵی كوردستانیی به ئه‌ركێكی چاره‌نووسساز ده‌زانێ و له ساڵی نوێ‌دا به هاوكاریی هه‌موو هێزه هاوپه‌یمانه‌كانی و به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كاری بێ پسانه‌وه ده‌كات بۆ ته‌واو كردنی هه‌نگاوه‌كانی پته‌وتركردنی كۆڵه‌گه‌كانی دیموكراسی و پێكه‌وه‌ژیان و چاكسازیی هه‌مه‌لایه‌نه و بره‌ودان به تواناكانی په‌رله‌مان و چالاكتركردنی حكومه‌تی هه‌رێم و پێشكه‌وتنی پرۆسه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و بونیاتنانی ژێرخانی گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگاكه‌مان و هه‌رچی زیاتر كرانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر جیهان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیدا.
هاوكات رووداوه‌كانی ناوچه‌كه، له‌ساڵی نوێ‌دا، نه‌ته‌وه‌ی كوردمان رووبه‌رِووی چه‌رده‌یه‌ك گۆرِانكاریی گرنگ ده‌كاته‌وه، بۆیه پارتیمان به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی به پێویستییه‌كی چاره‌نووسساز ده‌زانێ كه تێیدا گوتاری نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌ركه‌كانی ئه‌م قۆناخه یه‌كبخرێ و په‌یامی ئاشتیخوازانه‌ی كورد بگه‌یه‌نرێ به وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان و ئه‌وه دووپات بكرێته‌وه كه كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌گشتی و وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی به‌تایبه‌تی به‌رپرسیارێتی چاره‌سه‌ركردنی دیموكراسییانه‌ی كێشه‌ی كوردیان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ و نه‌ته‌وه‌ی كوردیش له‌و پێناوه‌دا خه‌یاری خه‌باتی ئاشتییانه و دیموكراسی ده‌كاته خه‌یاری یه‌كه‌م و ده‌ستی ئاشته‌وایی و هاوكاری بۆ هه‌مووان درێژ ده‌كات.
دووباره به بۆنه‌ی ساڵی نوێوه پیرۆزبایی گه‌رممان له هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین و هیوادارین ساڵی به‌دیهاتنی گشت ئاوات و ئامانجه‌كانمان بێت.
مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
هه‌ولێر، 31/12/2011