كار بۆ پێكهێنانى ئەنجوومەنێكى سیاسی بۆ گشت پێكهاتەكان دەكرێ لە كەركوك

كار بۆ پێكهێنانى ئەنجوومەنێكى سیاسی بۆ گشت پێكهاتەكان دەكرێ لە كەركوك
بەرپرسانى شارى كەركووك رایان گەیاند، رێكەوتنێكى سەرەتایى لەنێوان هێزە سیاسییەكانى پارێزگەكەدا هەیە بۆ پێكهێنانى ئەنجوومەنێكى سیاسی كە هەموو بارستە سیاسییەكان لەخۆ بگرێ، بەمەبەستى چارەسەركردنى كێشەكانى كەركووك.

مازن عەبدولجەبار نوێنەرى لیستى عێراقییە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند \"پێشنیازێك هەیە بۆ پێكهێنانى قەوارەیەكى هاوئاهەنگى یاخۆ ئەنجوومەنێكى سیاسی كە هەموو لایەنەكانى كەركووك لەخۆ بگرێ، لەپێناو لێك نێزیككردنەوەى بۆچوونەكان، ئەویش بە رێكەوتن لەگەڵ پارتى دیموكراتى كوردستان و بەرەى توركمانى\"".

هەروەها گوتى \""دەكرێ لەباتیى سەرهەڵدانى شەڕى سیاسی لە راگەیاندنەكاندا، لەم ئەنجوومەنەدا هەموو كێشەكان باس بكرێن و چارەسەرى گونجاویان بۆ دابنرێ و بیروبۆچوونى پێكهاتەكانى كەركووك بەرجەستە بكا، هەروەها لەرێى ئەنجوومەنەكەوە داوا و كێشەكان بۆ سەركردایەتیى سیاسیی عێراقییە و هاوپەیمانیى كوردستان بەرز دەكەینەوە\"".

لاى خۆیەوە فاتیح محەمەد ئەمین بەرپرسى پێوەندییەكان لە نووسینگەى هاوئاهەنگیى پارتى دیموكراتى كوردستان بە (ئاكانیوز)ى راگەیاند \""ئامانج لەو رێكەوتنە سەرەتاییە لەگەڵ لیستى عیراقییە، چارەسەرى ئەو كێشانەیە ناوچەكە بەدەستیانەوە گرفتارە\"".

هەروەها گوتى \""رێك كەوتین لەسەر ئەوەى نەك تەنیا لەگەڵ لیستى عێراقییە، بگرە لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانى شارەكە، بە بەرەى توركمانیشەوە، بەرنامەیەكى تایبەت بۆ چارەسەرى كیشەكانى كەركووك دابڕێژین\"".

كەركووك /255 كم باكورى بەغدا/ لەو ناوچانەى باكورى عێراقە كە بارى ئاسایش تێیدا ناجێگیرە، لە ڕووى پێكهاتەى نەتەوەیى و ئاینییەوە جۆرەوجۆرە و یەكێكە لە ناوچە كێشەدارەكانی نێوان هەرێمى كوردستان و حكوومەتى عێراق، كە مادەى 140ى دەستوورى هەمیشەییی عێراق بۆ چارەسەرى دانراوە."
Top