سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كانی ده‌ڤه‌ری دهۆك كۆبووه‌وه‌

سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كانی ده‌ڤه‌ری دهۆك كۆبووه‌وه‌
هه‌ر د چارچۆڤه‌یا سه‌ردانا خوه‌یا پارێزگه‌ها دهۆكێده‌ ئیرۆ رێزدار مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكێ هه‌رێما كوردستانێ ل دهوكێ دگه‌ل كه‌ساتی یێن ده‌ڤه‌رێ جڤیا و ژ نێزیكڤه‌ گوهداریا دیتن و نێرین و پێشنیازێن وانا كر.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك بارزانی مه‌به‌ستى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ ده‌ڤه‌رى دهۆك بۆ ئاماده‌بووان روون كرده‌وه‌ كه‌ گوێ گرتنه‌ له‌ تێبینى و پێشنیاریان و ئاستى ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ى كه‌ له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی سه‌باره‌ت به‌ خه‌بات و تێكۆشان دواو رایگه‌یاند كه‌ بایه‌خى ده‌ڤه‌ره‌كه‌و خه‌بات و تێكۆشانى خه‌ڵكه‌كه‌ى، به‌ تایبه‌تى له‌ شۆڕشى ئه‌یلوول و گوڵاندا به‌رچاوه‌و قه‌ت له‌بیر ناكرێت، بۆیه‌ ئه‌ركى سه‌ر شانی حكوومه‌ته‌ كه‌ باشترین خزمه‌تگوزارى پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵكى ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ بكات.

سه‌رۆك بارزانی تیشكیشى خسته‌ سه‌ر رووداوه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى زاخۆو دهۆك و قه‌سرۆك و سیمێل و نیگه‌رانى خۆى به‌رامبه‌ر ئه‌و رووداوانه‌ ده‌ربڕى و رایگه‌یاند كه‌ خه‌باتی خه‌ڵكى كوردستان بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ میلله‌ت به‌ ئازادى بژیت و سیستمى ژیانی خۆى هه‌ڵبژێرێت.

سه‌رۆك بارزانى گوتى من زۆرم پێ خۆشه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ خه‌ڵكى كوردستان ده‌بینم به‌وپه‌ڕى ئازادییه‌وه‌ ده‌ژین و به‌ ئازادیش خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌یش مافێكى هه‌موو هاووڵاتییه‌كى كوردستانه‌.
ئه‌وه‌ى جێى داخى ئێمه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك جار ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ توندو تیژییان لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌و ماڵ و حاڵى خه‌ڵكی یان ده‌وڵه‌ت دێته‌ سووتاندن، راسته‌ خه‌ڵك ئازاده‌، به‌ڵام نابێت ده‌ستدرێژى له‌ ماڵ و حاڵى خه‌ڵكى بكرێت.

ئه‌وانه‌ى لێره‌ ئاماده‌ن هه‌ر هه‌موویان به‌ته‌مه‌نن و خاوه‌ن ئه‌زموونن له‌ژیاندا، بۆیه‌ حه‌ز ده‌كه‌م رۆڵه‌كانى خۆتان له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگێكى دروست په‌روه‌رده‌ بكه‌ن كه‌ به‌ خۆتان و باوباپیرانتان دروستتان كردووه‌ له‌ رێزگرتن له‌ نه‌ته‌وه‌و ئایینییه‌كانى دیكه‌، چونكه‌ هه‌موومان یه‌ك خوا ده‌په‌رستین و دابونه‌ریتی كورده‌واریش قه‌ت رێى نه‌داوه‌ جیاوازى له‌ نێوان یه‌كێك و یه‌كێكى دیكه‌دا بكه‌ین.

ئێمه‌ هیچ جار كێشه‌ى ئایینیمان نه‌بووه‌، به‌ڵكو هه‌میشه‌ كێشه‌مان كێشه‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌یى بووه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌ش دووچارى چه‌ندین كاره‌سات بووین.

ئایا ده‌كرێت پاش ئه‌و هه‌موو ئێش و ئازارو غه‌درلێكردن و كاره‌ساته‌ بێین و به‌ چاوێكى تره‌وه‌ سه‌یرى كه‌سانى دیكه‌ بكه‌ین ؟ فه‌رهه‌نگى پێكه‌وه‌ژیان هه‌میشه‌ له‌ناو میلله‌تى ئێمه‌ باو بووه‌ و نه‌ته‌وه‌و خاوه‌ن ئایینه‌كانى دیكه‌ش وه‌ك برا له‌گه‌ڵ كورد ژیاون و پێكه‌وه‌یش له‌گه‌ڵ كورد تووشى ئازارو غه‌درو كاره‌سات بوونه‌.

په‌روه‌رده‌كردنى منداڵ ئه‌ركى هه‌ره‌ گه‌وره‌ى ئێوه‌یه‌، وه‌ك باوك و برا گه‌وره‌ و ڕیش سپى و پیاوماقوڵ ئامۆژكارى ڕۆڵه‌كانتان بكه‌ن كه‌ ره‌فتارى هه‌ڵه‌ نه‌كه‌ن و زیان به‌ ناوبانگى میلله‌ته‌كه‌یان نه‌گه‌یه‌نن.

هه‌رێمى كوردستان ئێستا ناوبانگێكى باشى له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ بۆیه‌ ئه‌ركى هه‌موومانه‌ ئه‌و ناوبانگییه‌ بپارێزین چونكه‌ هه‌ر ئه‌و ناوبانگه‌ وا ده‌كات كه‌ وڵاتانى جیهان به‌ چاوێكى پڕ رێزه‌وه‌ سه‌یرى بكه‌ن.

رێكخستنى ماڵى كورد یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌وله‌ویاتی من و به‌ هه‌موو توانایه‌كمه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م گه‌لى كوردستان یه‌ك هه‌ڵوێست بێت، چونكه‌ هه‌ر به‌و یه‌كێتییه‌ ده‌توانین رووبه‌ڕووى گه‌وره‌ترین ته‌حه‌دیات ببینه‌وه‌.

ئه‌مه‌و له‌ كۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سایه‌تییه‌كان تێبینى و راوسه‌رنجی خۆیان له‌سه‌ر ره‌وشى ده‌ڤه‌رى دهۆك خسته‌ڕوو.
Top