سبه‌ى له‌سلێمانى و به‌م زووانه‌ له‌هه‌ولێر و دهۆكیش بیمه‌ی بێكاری دابه‌شده‌كرێت

 سبه‌ى له‌سلێمانى و به‌م زووانه‌ له‌هه‌ولێر و دهۆكیش بیمه‌ی بێكاری دابه‌شده‌كرێت
دواى ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى كارو كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى پرۆژه‌ى بیمه‌ى بێكارى بۆ ده‌رچووانى زانكۆ و په‌یمانگا حكومییه‌كان خسته‌ بوارى جێبه‌جێكردن، بڕیاره‌ سبه‌ى بیمه‌ى بێكارى به‌سه‌ر ده‌رچووانى زانكۆ و په‌یمانگا حكومییه‌كانى پارێزگاى سلێمانى دابه‌شبكرێت و به‌م نزیكانه‌ش له‌هه‌ولێر و دهۆك دابه‌شده‌كرێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ وه‌زیرى كارو كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاسۆس نه‌جیب عه‌بوڵا له‌لێدوانێكدا رایگه‌یاند: تاكو ئێستا 20 هه‌زار و 720 ده‌رچووى زانكۆ و په‌یمانگا فۆڕمى بیمه‌ى بێكاریان پڕكردۆته‌وه‌، له‌و ژماره‌یه‌شدا له‌سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر له‌ كۆیه‌، سۆران، چۆمان، مه‌خمور، مێرگه‌سوور، ته‌قته‌ق و رواندز هه‌شت هه‌زار و 45 فۆڕم پڕكراوه‌ته‌وه‌، له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌لار، رانیه‌، ده‌ربه‌ندیخان و چه‌مچه‌ماڵیش شه‌ش هه‌زار 248 ده‌رچووى زانكۆو په‌یمانگا فۆڕمیان پڕكردۆته‌وه‌، له‌سنوورى پارێزگاى دهۆك له‌ ئاكرێ، ئامێدى، زاخۆش شه‌ش هه‌زار و 427 ده‌رچووى زانكۆ و په‌یمانگا فۆڕى بیمه‌ى بێكاریان پڕكردۆته‌وه‌ و پرۆسه‌كه‌ش به‌رده‌وامه‌.
نه‌جیب وتیشى: سبه‌ى له‌سنوورى ناو شارى سلێمانى قۆناغى یه‌كه‌مى بیمه‌ى بێكارى به‌سه‌ر ده‌رچووانى زانكۆ و په‌یمانگا حكومییه‌كان له‌فه‌رمانگه‌ى دابه‌شكردنى موچه‌ى چاودێرى خێزان دابه‌شده‌كرێت كه‌ له‌ 1 ئه‌یلول / سه‌پته‌مبه‌ره‌وه‌‌ بۆیان هه‌ژمار كراوه‌و بڕه‌كه‌ى بریتیه‌ له‌ 150 هه‌زار دینارى مانگانه‌.

وتیشى: دواى ته‌واو بوونى رێوشوێنه‌ یاساییه‌كان چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا هاوكارى بیمه‌ى بێكارى به‌سه‌ر ده‌رچووانى زانكۆ و په‌یمانگا حكومییه‌كانى هه‌ولێرو دهۆك دابه‌شده‌كرێت.

روونیشیكرده‌وه‌: مه‌رجه‌ ئه‌و ده‌رچووه‌ى سوودمه‌ند بێت له‌ بیمه‌ى بێكارى هاوڵاتى و دانیشتووى هه‌رێمى كوردستان بێت و ده‌رچووى زانكۆ و په‌یمانگاكانى حكومى بێت و ته‌مه‌نیشى له‌ 36 ساڵ زیاتر نه‌بێت و هیچ كارێكى نه‌بێت له‌كه‌رتى گشتى یان كه‌رتى تایبه‌ت.

ئاماژه‌یدا: وه‌زاره‌تى كار به‌هه‌ماهه‌نگى دامه‌زراوه‌كانى ترى حكومه‌ت و كه‌رتى تایبه‌ت و رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان، هه‌ڵده‌ستێت به‌كردنه‌وه‌ى خولى راهێنانى گونجاو بۆ شیاندنى سوودمه‌ندانى بیمه‌ى بێكارى بۆ ئه‌وه‌ى كارى گونجاویان بۆ بدۆزرێته‌وه.
Top