سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عیراق ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عیراق ده‌كات
ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 26/9/2011 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ خاتوو لیندال ساكس باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عیراق.

له‌ دیدارێكدا كه‌ هه‌ڤال ده‌سكۆ عه‌زیز نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ئوسترالیا ئاماده‌ی بوو ، خاتوو لیندال ساكس وێرای خۆشحاڵی ده‌ربڕین به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ مه‌به‌ست له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاشنای ره‌وشی هه‌رێم بێت و ، پشتگیری ته‌واوی وڵاته‌كه‌شی له‌ عیراقێكی دیموكرات دووپاتكرده‌وه‌ و ستایشی پێشووه‌چوونه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی كرد له‌ گشت بواره‌كاندا و ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌شی ده‌ربڕی له‌ هاریكاركردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌كانی كشتوكاڵ و په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و پیشه‌سازی و راهێنانی كارمه‌ندانی حكومه‌تی هه‌رێم و رایگه‌یاند كه‌ هه‌ر چۆن وڵاتی ئوسترالیا هاوسۆز بووه‌ له‌گه‌ڵ نه‌هامه‌تیه‌كانی گه‌لی كوردستان و عیراق ، هه‌روا هاوسۆزه‌ له‌ یارمه‌تیدانیان له‌ ڕووی گه‌شه‌پێكردنیان و هاریكاری كردنیان له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری .

سه‌رۆك بارزانی ، وێرای سوپاسكردن و به‌رزنرخاندنی رۆڵی كاریگه‌ری ئوسترالیا له‌ رزگاركردنی عیراق ، تیشكی خسته‌ سه‌ر تێروانینه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ گه‌شه‌پێدانی هه‌رێم و رۆڵی ئه‌و وڵاته‌ له‌ هاریكاریكردنی و داوای كرد كه‌ وڵاتی ئوسترالیا ده‌توانێ‌ له‌ رێی كۆمپانیاكانیه‌وه‌ هاریكار بێت له‌ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ی بازرگانی و وه‌به‌رهێنان و ئاماده‌یی هه‌رێمیشی ده‌ربڕی له‌ پێشكه‌شكردنی ئاسانكاری پێویست.

تاوتووێكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.
Top