ئه‌مساڵیش سه‌رژمێری ئه‌نجام نادرێت و وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراقییش هیچ ئاماده‌كارییه‌كی بۆ نه‌كردووه‌

ئه‌مساڵیش سه‌رژمێری ئه‌نجام نادرێت و وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراقییش هیچ ئاماده‌كارییه‌كی بۆ نه‌كردووه‌
دوای تێپەڕبوونی 14 ساڵ بەسەر دواسەرژمێریدا، ئەگەرێك لە ئارادایە كە 2012 سەرژمێریی گشتیی عێراق ئەنجام بدرێت، ئەوە لە كاتێكدایە كە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە 2007ـەوە بڕیاری ئەنجامدانی پڕۆسەكەی داوە.

سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمیش، دەڵێت كە بە هۆی هەلومەرجی سیاسی و نەبوونی كاتی پێویست بۆ ئامادەكاری، ئەمساڵ سەرژمێری ئەنجام نادرێت.

ناكۆكیی نێوان هێزە سیاسییەكانی عێراق، پرسی سەرژمێرییشی بە دەردی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی دیكەی پڕۆسەی سیاسی بردووە، لە ساڵی 2007ـەوە تاوەكوو ئێستا چەند جارێك وادەی بە ئەنجامگەیاندنی ئەو پڕۆسەیە دیاری كراوە، لێ هەموو جارێك دوا دەخرایەوە.

سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان (سیروان محەممەد)، بە “هەولێر”ـی گوت كە لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێك سەردانی بەغدای كردووە و لەگەڵ سەرۆكی دەستەی ئاماری عێراق و وەزیری پلانداناندا كۆ بووەتەوە، لێ هیچ شتێكی نوێ لە بارەی ئەنجامدانی سەرژمێرییەوە نییە.

ئەو، هەروەها ڕوونیشی كردەوە كە هیچ هیوایەك نییە بۆ ئەوەی لە ئەمساڵدا سەرژمێریی گشتیی عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵكوو ڕەنگە ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە ساڵی داهاتوودا بێت.

سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێم، ئەنجامنەدانی سەرژمێری لە ئەمساڵدا، بۆ دوو هۆكار گەڕاندەوە كە یەكەمیان ئەوەیە ئەو كێشانەی چەند ساڵە پڕۆسەكە دوا دەخات هەر چارە نەكراون بە تایبەتی لە ناوچە دابڕاوەكان، هۆكاری دووەمیش پێوەندی بە لایەنی تەكنیكییەوە هەیە و ناكرێت لەو ماوە كەمەی ئەمساڵ ئامادەكاریی پێویست بۆ پڕۆسەكە بكرێت.

گوتیشی: “بە داخەوە ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە لە لایەن لایەنە سیاسییەكانی عێراقەوە پرسێكە بەسیاسی كراوە، ئەوەیش وای كردووە كە بەربەست دروست بكرێت، وەزیری پلاندانانی عێراق لە كاتی سەردانیكردنی هەرێم بەڵێنی داوە كە هەنگاوی جیددی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری بنێت ئێمەیش لای خۆمانەوە پاڵپشتی دەكەین.”

لە دوای ئازادكردنی عێراق لە ساڵی 2003ـەوە، بڕیار درا لە ساڵی 2007ـدا سەرژمێریی گشتی لە عێراق ئەنجام بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەیش بڕی 120 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆسەكە تەرخان كرا، لێ بە بیانووی نالەباریی بارودۆخی وڵات پڕۆسەكە بۆ ساڵی 2009 دوا خرا و بودجەكەیش بۆ 200 ملیار دۆلار زیاد كرا، بە هۆی شكستپێهێنانی ئامادەكارییەكان بە تایبەتی لە ناوچە دابڕاوەكان لە لایەن هەندێك لە لایەنی عەرەبییەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا كە لە 24ـی تشرینی یەكەمی 2010ـدا ئەنجام بدرێت، بەڵام وەكوو هەموو پرسەكانی دیكەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق سەری نەگرت.

لە سەدەی ڕابردوودا چەند جارێك سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق ئەنجام دراوە، یەكەمین سەرژمێری لە ساڵی 1927ـدا بووە و دوایەمین جاریش لە ساڵی 1997ـدا ئەنجام دراوە، هاوكات لە ساڵانی 1937، 1947، 1957ـیش سەرژمێری بۆ دانیشتووان كراوە، بە پێی ئەو سەرژمێرییەی كە لە ساڵی 1987 ئەنجام درا، ژمارەی دانیشتووانی عێراق بە 22 ملیۆن كەس هاتە هەژماركردن. بەو پێیەی كە دواسەرژمێری تەنیا لە 15 پارێزگاكەی باشووری عێراقدا ئەنجام درا و هەرێمی كوردستانی نەگرتەوە، سەرژمێرییەكە بە دەقیق نەهاتە هەژمار كردن.

بە مەبەستی خەمڵاندنی ڕێژەی گەشەسەندن لە زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا لە 10 ساڵ جارێكدا سەرژمێرییەكی گشتی بۆ دانیشتووان ئەنجام دەدرێت، لە بەشێك لەو وڵاتانە 5 ساڵ جارێك ئەم پڕۆسەیە ئەنجام دەدەن، لێ لە عێراقدا ئەوە 14 ساڵە سەرژمێرییەكی دەقیق ئەنجام نەدراوە، زۆرێك لە شارەزایانی بواری ئامار، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەو سەرژمێریانەی پێشوویش ئەنجام دراون جیددی نین، چونكە هەرێمی كوردستانی نەگرتووەتەوە. زۆرێك لە ئابووریناسان، لەو باوەڕەدان كە سەرژمێری تەنیا پێوەندیی بە دەرخستنی ژمارەی دانیشتووانەوە نییە، بەڵكوو پێوەندی بە گەشەسەندنی وڵات لە ڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتی و پەروەردەییشەوە هەیە.

ئەگەر دواخستنی سەرژمێری لە ساڵی 2007ـدا بۆ نالەباریی بارودۆخی ئەمنی گەڕێندرایەوە، ئەوا لە ساڵی 2009 و 2010ـدا پێوەندیی بە هەڵوێستی سیاسیی قەوارە عەرەبییەكانی ناوچە دابڕاوەكانەوە هەبوو، كێشەكەیش لەسەر بڕگەی نەتەوەی نێو فۆڕمی سەرژمێری بوو، كە داوا دەكرا ئەو بڕگەیە لابدرێت یانیش عێراق بە 11 نەتەوە هەژمار بكرێت.

خوێندنەوەی كورد بۆ هەڵوێستی عەرەبی ناوچە دابڕاوەكان ئەوە بوو كە ئەوە هەنگاوێكە دژ بە جێبەجێكردنی ماددەی 140 و دەركەوتنی ژمارەی ڕاستینەی كورد لەو ناوچانەدا كە ئەوەیش دژ بە دەستووری عێراقە، بەو پێیەی كە ماددەی 140 ماددەیەكی دەستووری هەمیشەیی عێراقە و بۆ یەكێك لە میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی ئەنجامدانی سەرژمێرییە لە ناوچە جێناكۆكەكاندا.

بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست “هەولێر” كەوتوون، هەوڵێك لە ئارادایە بۆ ئەوەی یاسای سەرژمێری بە مەبەستی تاوتووكردنی ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بكرێت، بە جۆرێك یان لیژنەیەكی هاوبەشی نێوان كوتلە سیاسییەكان كار لەسەر ناوچە دابڕاوەكان بكەن، یانیش بڕگەی نەتەوە لەسەر فۆڕمی سەرژمێری لا بدرێت.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئیئتیلافی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان (د. مەحموود عوسمان)، بە “هەولێر”ـی گوت كە كورد هەرگیز قبووڵ ناكات لە سەرژمێریدا ئاماژە بۆ نەتەوە و بۆ ئایین نەكرێت. ئەو، ئەوەیشی خستە ڕوو كە ئەگەر باس لە نەتەوە نەكرێت، ئەوا ناچێتە چوارچێوەی سەرژمێرییەوە.

هەروەكوو سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێم ئاماژەی بۆ دا، (د. مەحموو)ـیش دووپاتی كردەوە كە پرسی سەرژمێری پێوەندیی بە ڕێككەوتنی نێوان لایەنە سساسییەكانەوە هەیە، تا ناكۆكیی نێوان قەوارەكان چارە نەكرێت، ئەوا ئەنجامدانی سەرژمێری كارێكی ئاسان نابێت.


-سایتی هەولێر
Top