سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئەمەریكا باسی لە پاڵپشتی ئەو وڵاتە بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 كرد

سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئەمەریكا باسی لە پاڵپشتی ئەو وڵاتە بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 كرد
له‌به‌رده‌وامى سه‌ردانه‌ فه‌رمیه‌كه‌ى بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مه‌ریكا، دوێنێ 25/9/2011 دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و شاندى یاوه‌رى، له‌باڵه‌خانه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن سه‌رۆكى به‌شی عیراق و ژماره‌یه‌ك له‌پسپۆر و شاره‌زایانى كاروبارى عیراق له‌وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا به‌گه‌رمى پێشوازیان لێكرا.

پاشان له‌دانیشتنێكدا باس له‌بارودۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و عیراق كرا و تیشك خرایه‌ سه‌ر به‌هارى عه‌ره‌بی و پێشبینى ئاینده‌ى ئه‌و رووداوه‌ نوێیه‌ له‌ناوچه‌كه‌ و كاریگه‌رى ناوخۆی عیراق له‌سه‌ر ره‌وتى رووداوه‌كان خرایه‌ به‌رباس و گفتوگۆ.

هاوكات تیشك خرایه‌ سه‌ر بۆردومان و تۆپبارانى ناوچه‌ سنوریه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانى ده‌وڵه‌تى توركیا و تۆپخانه‌كانى كۆمارى ئیسلامى ئێران و هه‌روه‌ها باس له‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانى نێوان حكومه‌تى ئیتیحادى و هه‌رێمى كوردستان كرا و سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان زۆر به‌وردی تیشكى خسته‌ سه‌ر ماده‌ى 140 و چۆنیه‌تى و گرنگیى جێبه‌جێ كردنى و تا ئێستا چ قۆناغێكى بڕیوه‌، هه‌روه‌ها كێشه‌كانى یاساى نه‌وت و غاز و ئه‌نجومه‌نى ئیتیحادى و كێشه‌ى پێشمه‌رگه‌ ورۆڵى پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان به‌ تایبه‌تى خانه‌قین و مه‌نده‌لى و گرنگى پابه‌ندبوون به‌ جێبه‌جێ كردنى ماده‌كانى ده‌ستورى عیراق گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ كراو تیشك خرایه‌ سه‌ر بارودۆخى ئه‌منى هه‌رێمى كوردستان و گشت عیراق.

هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا شه‌ڕى قاعیده‌ و ئه‌نساروئه‌لئیسلام و ئه‌وانه‌ى نایانه‌وێ دیموكراتیه‌ت و فیدرالیه‌ت له‌عیراقى ئیتیحادى هه‌بێ، به‌ڵكو مه‌به‌ستیانه‌ عیراقى فیدراڵ بۆ سه‌ده‌كانى ناوه‌راست بگه‌ڕێته‌وه‌، خرایه‌ به‌ر گفتوگۆو بیروبۆچوون له‌باره‌ى چۆنیه‌تى مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌عیراق و ژماره‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا ئه‌وانه‌ى ده‌مێننه‌وه‌ چ ژماره‌یه‌ك بن و له‌ژێر چ چه‌ترێكى یاسایی بن، باسیان له‌باره‌وه‌ كرا.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان تیشكى خسته‌ سه‌ر كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانى نێوان به‌غدا و هه‌ولێر كه‌ گه‌یشتۆته‌ چ راده‌یه‌ك و ته‌ئكیدى كرده‌وه‌ كه‌ ئێستا پێویستى به‌ چاره‌سه‌رى جیددى و عه‌مه‌لى هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها باس له‌رۆلى ئه‌مه‌ریكا و پاڵپشتى بۆ جێبه‌جێ كردنى ماده‌ ده‌ستوریه‌كان به‌گشتى كرایه‌وه‌ به‌تایبه‌ت ماده‌ى 140 كه‌ به‌ر له‌ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن كۆشكى سپى راگه‌ێنراوێكى له‌باره‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌،

له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ سه‌رۆكى به‌شی عیراق و پسپۆر و شاره‌زایانى كاروبارى عیراق له‌وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا دووپاتیان كرده‌وه‌ بۆ پشتیوانى پرۆسه‌ى دیموكراسیی و جێبه‌جێ كردنى ماده‌كانى ده‌ستورى هه‌میشه‌یى عیراق به‌ گشتى خۆشحاڵى و سه‌رسوڕمانى خۆیان به‌ كار و هه‌وڵه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كه‌ بۆ چه‌سپاندنى دیموكراتیه‌ت ئه‌نجام ده‌درێت ده‌ربڕى.

سه‌ردانى بانكى نێوده‌وڵه‌تی كرد

هه‌مان رۆژ 25/9/2011 دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و شاندى یاوه‌رى، سه‌ردانى بانكى نێوده‌وڵه‌تییان كرد و له‌لایه‌ن سید فرانك به‌رێوه‌به‌رى پرۆگرامى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست و په‌ره‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى و پلاندانانى بیناسازى و احمد حسین به‌رێوه‌به‌رى پرۆگرامى ئاسیا له‌په‌ره‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌گه‌رمى پێشوازى كران.

له‌دیدارێكدا گفتوگۆ له‌سه‌ر دانانى به‌رنامه‌ى گه‌شه‌پێدان و په‌ره‌پێدان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرا.

دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ گرنگانه‌ى كه‌ ده‌بێت له‌ كاتى جێبه‌جێ كردنى پلانى به‌رنامه‌ى گه‌شه‌پێدان جێبه‌جێ بكرێن و زۆریش گرنگ و پێویسته‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌ته‌ خۆجێیه‌كان هه‌ماهه‌نگى بكرێت بۆ جێبه‌جێ كردنى پلانى دارێژراوو ئه‌و كه‌رتانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ زۆر پێویستیان به‌ خزمه‌تگوزارى هه‌یه‌ خرانه‌ به‌ر گفتوگۆ بۆ ئه‌وه‌ى ئیداره‌ى پرۆژه‌كان به‌رێكوپێكى بكرێ و ئامانجى دیار بێ و پاره‌كانیش بزر نه‌بن.

وه‌ك بریاریشه‌ تیمێكى كارى پرۆگرامى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست له‌مانگى تشرینى دووه‌مى دادێ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پلاندانان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان ده‌ست به‌ كار بن.



سه‌نته‌رى میدیاى نیشتمانى ئه‌مه‌ریكى به‌سه‌ركرده‌وه‌

سه‌نته‌رى میدیاى نیشتمانى ئه‌مه‌ریكى وێستگه‌یه‌كى سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و شاندى یاوه‌رى بوو به‌گه‌رمى له‌لایه‌ن به‌رپرسانى ئه‌و سه‌نته‌ره‌ پێشوازى كران.

له‌دیدارێكدا دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان پوخته‌یه‌كى له‌باره‌ى بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان و عیراق و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست خسته‌ ڕوو، تیشكى خسته‌ سه‌ر تۆپباران و بۆردومانى ناوچه‌ سنوریه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن تۆپخانه‌كانى كۆمارى ئیسلامى ئێران و فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانى كۆمارى توركیا و باسی له‌و كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێراوانه‌ كرد كه‌ له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و عیراق ماونه‌ته‌وه‌و بۆچونه‌كانى بۆ چاره‌سه‌ركردنیان خسته‌ روو، هاوكات پوخته‌یه‌كى له‌باره‌ى په‌رله‌مانى كوردستان و پێكهاته‌كانى و چۆنیه‌تى كاره‌كانى خسته‌ ڕوو تیشك خرایه‌ سه‌ر گرنگى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمى كوردستان و ئه‌نجامدانى سه‌ر ژمێرى له‌گشت عیراق.
Top