سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكی لیستی عیراقیه‌ هه‌لومه‌رجی سیاسی عیراقیان تاوتوێكرد

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكی لیستی عیراقیه‌ هه‌لومه‌رجی سیاسی عیراقیان تاوتوێكرد
ئه‌مڕۆ 25/9/2011 له‌شاری هه‌ولێر به‌ڕێز د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیكرد له‌به‌ڕێز ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆكی لیستی عیراقیه‌و سه‌باره‌ت به‌هه‌لومه‌رجی سیاسی و عیراق و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان گفتوگۆیان كرد.

له‌م دیداره‌دا كه‌ سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌غدا ئاماده‌ی بوون، ته‌ئكید كرایه‌وه‌ له‌جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور و رێكه‌وتنامه‌كان كرده‌وه‌و به‌شداری راسته‌قینه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عیراقیشیان له‌پرۆسه‌ی سیاسی و حكومڕانی وه‌كو زه‌مینه‌یه‌كی سه‌ره‌كی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان وه‌سفكرد به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ببێته‌ بنه‌مای یه‌كتری قبوڵكردن و رێزگرتنی جیاوازیه‌كان .

هه‌ر له‌م دیداره‌دا هه‌ردوولا كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌كێشه‌و ناكۆكیه‌كان به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستوورو به‌رژوه‌ندی باڵای عیراق و جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنامه‌ی هه‌ولێر, له‌رێگه‌ی گفتوگۆو هه‌ماهه‌نگی نێوان لایه‌نه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، هه‌روا ته‌ئكیدیش كرایه‌وه‌ كه‌پێویسته‌ رێز له‌بنه‌ماكانی دیموكراسی و فیدرالی و و مافی به‌شداری راسته‌قینه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی عیراق بگیرێت و هه‌موو لایه‌ك به‌گیانی تێپه‌ڕاندنی كێشه‌كانی ئێستاو قوڵكردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ كاربكات، هه‌روه‌ك باس له‌ پێویستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی ئیتحادی كرا.
Top