ئێران سێ قەڵای دیکەی سەربازی لەناو خاکی ھەرێم دروست دەکات

ئێران سێ قەڵای دیکەی سەربازی لەناو خاکی ھەرێم دروست دەکات
لەگەڵ بەردەوامی تۆپباران کردنی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن سوپای ئێرانەوە، لەئێستاشدا سوپای ئێران سەرقاڵی دروست کردنی سێ قەڵای دیکەی سەربازییە لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان و سەرچاوەیەکی ئەمنی سنووری شارۆچکەی چۆمانیش دەڵێت: لەدروست کردنی قەڵا سەربازییەکانی ئێران لەناو خاکی ھەرێم سەروی خۆیان ئاگادار کردۆتەوە.

سەرەرایی بنیاد نانی حەوت قەڵای سەربازی لە سەر سنووری ھەرێمی کوردستان لە ساڵی رابردوو لە لایەن ئێرانەوە، کە بەشێک لەو قەڵایانە کەوتونەتە ناو خاکی ھەرێمی و کوردستان و رێگای ئۆتۆمبێلیشی بۆ سەرجەم قەڵاکان لێداوەو بە شێک لە رێگاکان بە ناو خاکی ھەرێمی کوردستاندا تێپەڕ دەبن.


لەمبارەیەوە موختاری گوندی وێزە عەبدوڵا حەمەد بۆ ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری وتی: ماوەی چەند مانگێکە سوپای ئێران سەرقاڵی بنیادنانی سێ قەڵای دیکەی سەربازییە لە سنووری گوندی وێزەی سەر بەشارۆچکەی چۆمان.

وتیشی: لەئێستا کارەکانی دوو لەو قەڵایانە بەکۆتا ھاتوون و کار بۆ تەواو کردنی قەڵای سێیەم دەکرێت.


قەڵای بۆزی مێرگەسیر


ھەروەھا ئاماژەیدا کە قەڵاکان بە شێوەیەکی ئاشکرا کەوتونەتە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان و لە ناوچەکانی (بۆزی مێرگەسیر، بەرد قەڵشتە و پیرەلۆک) دروست کراون.

ھەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی ناوچەکە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بۆ ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری وتی: لە سەرەتای بنیادنانی قەڵاکان، ئاگادار بووین و سەروی خۆمان ئاگادار کردۆتەوە کە سوپای ئێران سێ قەڵای دیکەی سەربازی لە سێ ناوچەی ھەرە بەرزی گوندەکانی دۆڵی سەکرایەتی دروست دەکات و لەو بەرزایانە دەڕواننە تەواوی سنووری باڵەکایەتی.


قەڵای پیرەلۆک

سەرچاوەکە رونیکردەوە، ھەردوو قەڵای (بۆزی مێرگەسیرو پیرەلۆک) بە کۆتا ھاتوون و رێگای ئۆتۆمبێل و تەزووی کارەبایان بۆ راکێشراوە، لە ئێستادا ژمارەیەک سەربازی زۆریان تیادا جێگیر کردووەو قەڵای بەرد قەڵشتەش رۆژانە کاری تیادا دەکرێ تا تەواو بکرێت.

ماوەی سێ ساڵە سوپای ئێران لە سەر سنوری خۆی و ھەرێمی کوردستاندا بە درێژایی سنووری باڵەکایەتی تا بناری قەندیل، سەرقاڵی تەلبەندی و بنیادنانی قەڵای سەربازی و لێدانی رێگای ئۆتۆمبێلن، ھەڵبەت تاکو ئێستا نۆ قەڵای سەربازی بە کۆتا ھێنراوەو قەڵای دەیەمیشی لە قۆناغی کۆتایی دایە.
Top