سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی لیستی ئەلعیراقیە و شاندێكی یاوەری دەكات

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی لیستی ئەلعیراقیە و شاندێكی یاوەری دەكات
دوێنێ یەك شەممە 17/7/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە د. ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی ئەلعیراقیە و شاندێكی یاوەری.

لە دیدارێكدا ، هەر دوولا سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی و ئەمنی ئەمرۆی عیراق و چۆنیەتی چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی بیروڕایان ئاڵوگۆڕكرد و هەر دوولا تەئكیدیان كردەوە كە پێویستە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی عیراقدا سەرجەم كێشەوگرفتەكان یەكلا بكرێنەوە.

هەر لەو دیدارەدا تەئكید لەسەر گرنگی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی هەولێر و دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاو بۆ پڕكردنەوەی پۆستە ئەمنییەكان بەشێوەیەك كە ببێتە هۆكاری بەرقەراربوونی هێمنی و ئارامی كرایەوە هەروەها گرنگی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیكردن لە حكومەتی هاوبەشی نیشتمانی و بڕیار و ئەركەكانی كاركردن لە حكومەتدا لە سەر رۆشنایی پرەنسیپەكانی دەستووریش گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
Top