پەكەكە: توركیا بەشدارە لە هێرشى ئێران بۆ ناوچە سنوورییەكانى هەرێمى كوردستان

پەكەكە: توركیا بەشدارە لە هێرشى ئێران بۆ ناوچە سنوورییەكانى هەرێمى كوردستان
بەرپرسى پێوەندییەكانى دەرەوەى پارتى كرێكارانى كوردستان (پەكەكە) ڕاى گەیاند، ماوەى دوو ڕۆژە هێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بەهاوبەشى سوپاى توركیا كردەگەلێكیان بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانى هەرێمى كوردستان دەست پێكردووە و كیلۆمەترێك هاتوونەتە ناو خاكى هەرێمەوە.

ئەحمەد دەنیز ئەمڕۆ یەكشەم بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی گوت، ماوەى چەند هەفتەیەكە سوپاى ئێران لە ناوچە سنوورییەكانى خۆى لەگەڵ هەرێمى كوردستان هێزێكى زۆرى كۆ كردووەتەوە و تۆپبارانى ئەو ناوچانە دەكات، لەسەرلەبەیانى دوێنىَ شەمووەوە ئەو هێزانە یەك كیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاكى هەرێمەوە و لەگەڵ هێزەكانى پژاك كەوتوونەتە شەڕەوە.

دەنیز گوتى، بەپێى ئەو زانیارییانەى بەئێمە گەیشتووە و هاووڵاتییان بەچاوى خۆیان بینویانە، چەندان بەرپرس و هێزى تایبەتى توركیا چوونەتە ناو خاكى ئێران و لەگەڵ سوپاى پاسداران بەشدارن لەو هێرش و پلانەدا بۆ سەر ناوچەكانى هەرێمى كوردستان، شەوى ڕابردووش هێزێكى زۆریان هێناوەتە ناوچە سنورییەكانى نێزیك لە شارۆكەى قەڵادزىَ.

پتر گوتى، ئامانج لەو هێرشە 100% هەرێمى كوردستانە و پلانێكى هاوبەشى ئێران و توركیایە و دەیانەوىَ هەرێم بخەنە ژێر دەسەڵات و كۆنترۆڵى خۆیانەوە.

ئاماژەى دا، لە ئێستەدا ئێران مەترسى هێرش و پەلامارى ئەمەریكاى هەیە بۆسەر وڵاتەكەى، بۆیە ئامادەكارى دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەو مەترسییانە، یەك لەو ئامادەكارییانەش دەیەوىَ باشوورى كوردستان بخاتە ژێر كۆنتڕۆڵ و كاریگەریى خۆیەوە.

شێرزاد كەمانگەر گۆتیاری پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، لەسەرلەبەیانى دوێنىَ شەممووەوە شەڕ و پێكدادان لە ناوچەكانی دۆڵە كورتی، دۆڵی ئایشان، جاسوسان و دۆڵی وەزنی لە نێوان هێزەكانی (پژاك) و هێزەكانی سوپای پاسداران ئێران دەستی پێ كردووە.

لەلاى خۆیەوە جەبار یاوەر ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە(ئاكانیوز)ی ڕاگەیاندبوو \"تا ئێستە هیچ هەواڵێكمان لەبارەی بوونی شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) و هێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لەناو خاكی هەرێم بەدەست نەگەیشتووە و هیچ زانیاریەكم لەو بارەوە نییە\"".

ماوەی چەند هەفتەیەكە هێزەكانی ئێران دەستیان بەتۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە، بەو هۆیەوە ژمارەیەك لە گوندنشینەكانی ئەو ناوچانە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و نیگەرانی زۆریشی لای هەمووان دروست كردووە.

ئێران ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا، بەبیانووی بوونی هێزەكانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) بۆردمانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و بەو هۆیەوە گوندنشینەكان ئاوارە دەبن و زیان بە رەز و باخەكانیان دەگات و كوژراو بریندار و ئاوارەی لێ دەكەوێتەوە.
"
Top