سه‌رۆكی حكومه‌ت: كێشه‌ی نیشته‌جێبوون له هه‌رێم به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه ده‌چێت
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه كێشه‌ی نیشته‌جێبوون رۆژ له دوای رۆژ به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه ده‌چێت و به‌شێكی زۆری گه‌نجان و خه‌ڵكی هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌ت له‌پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون سوودمه‌ند بوون.
له‌لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ PUKmedia د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د سالًَح سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: خۆشبه‌تانه ئێستا رۆژ له دوای رۆژ كێشه‌ی نیشته‌جێبوون له هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه ده‌چێت، بێگومان هۆكاره‌كه‌شی بۆ پێدانی قه‌رزی خانووبه‌ره‌یه له‌ڕێگه‌ی سندوقی نیشته‌جێبوون و دروستكردنی ئه‌و ژماره زۆری یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له‌ماوه‌ی 3 ساڵی رابردوودا له ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان دروستكراون و ئێستاش ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌ر به‌رده‌وامه.
وتیشی: ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نیه كه كێشه‌ی نیشته‌جێبوون له هه‌رێمی كوردستان نه‌ماوه‌و هه‌موو هاووڵاتیه‌ك بووه‌ته خاوه‌نی خانووی تایبه‌تی خۆی، چونكه ئه‌و كێشه‌یه له‌زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا هه‌یه‌و ئه‌م كێشه‌یه‌ش به‌كاتێكی كه‌م چاره‌سه‌ر ناكرێت، به‌ڵكو پێویستی به‌كات و توانای ئابوری زۆر باش هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ به‌راورد بكه‌ین به‌ساڵی رابردوو ده‌بینین كێشه‌ی نیشته‌جێبوون زۆر كه‌متر بووه‌ته‌وه‌و توانراوه به‌شێكی زۆری گه‌نجان و خه‌ڵكی هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌ت له‌پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون سوودمه‌ندبن.