به‌ ئاماده‌بوونى نوێنه‌رى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نوێنه‌رى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم، یادى (رۆژى رووسیا) له‌ هه‌ولێر به‌رِێوه‌چوو

به‌ ئاماده‌بوونى نوێنه‌رى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نوێنه‌رى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم، یادى (رۆژى رووسیا) له‌ هه‌ولێر به‌رِێوه‌چوو
ئێواره‌ى دوێنىَ به‌ ئاماده‌بوونى د. فوئاد حوسێن نوێنه‌رى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و د. كاوه‌ محمود نوێنه‌رى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم و ژماره‌یه‌ك له‌وه‌زیرانى حكومه‌تى هه‌رێم و به‌رپرسانى حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌ت و پارێزگارى هه‌ولێرو كونسوڵى گشتى رووسیا له‌ هه‌رێم و به‌رپرسانى دیكه‌ى حكومى و ژووره‌ بازرگانى و پیشه‌سازیه‌كان و یه‌كێتى پیاوانى كارو به‌ڵێنده‌ران و ژماره‌یه‌كى زۆرى جالیه‌ى رووسیا له‌ هه‌رێم كونسوڵگه‌رى گشتى رووسیاى فیدرِاڵ یادى (رۆژى رووسیا) له‌ هه‌ولێر سازكرد.

له‌سه‌ره‌تاى مه‌راسیمه‌كه‌دا ڤالێرى پۆسپیلۆڤ كونسوڵى گشتى رووسیا ووته‌یه‌كى پێشكه‌شكرد و گووتى رۆژى 12ى حوزه‌یران 1991 یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمارى رووسیاى فیدرِاڵ بوو، له‌ساڵى 1994 به‌ فه‌رمانێكى سه‌رۆك كۆمار ئه‌مرِۆژه‌ كرا به‌ جه‌ژنى سه‌رتاسه‌رى حكومى رووسیاى فیدرِاڵ. هه‌روا گووتى\" ئێستا رۆژى رووسیا به‌شێوه‌یه‌كى به‌رفراوان له‌ ولاَته‌كه‌مان وه‌ك جه‌ژنى سه‌ربه‌خۆیى و ئازادى و لێبورده‌یى ته‌واوى هاولاَتیان له‌سه‌ر بنه‌ماى یاساو یه‌كسانى یاد ده‌كرێته‌وه‌\"".

كونسوڵى گشتى رووسیا له‌ هه‌رێم له‌ به‌شێكى وتاره‌كه‌یدا سلاَوو رێزى باڵیۆزى رووسیاى له‌ عیراق له‌ به‌ ئاماده‌بووان گه‌یاند، هه‌روا گووتى \"" پیرۆزبایى له‌ گه‌لى روس و هاولاَتیانى ئێمه‌ له‌ هه‌ولێرو هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م به‌بۆنه‌ى رۆژى رووسیا، هاوكات هیواى به‌خته‌وه‌رى ئاشتى و پێشووه‌چوون بۆ هاولاَتیانى خۆشه‌ویستى كوردستان و عیراق ده‌خوازم.
دواتر فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌ت له‌ ووته‌یه‌كیدا به‌ناوى حكومه‌تى هه‌رێم پیرۆزبایى له‌ گه‌ل و حكومه‌تى رووسیاى فیدرِاڵ كرد به‌بۆنه‌ى ئه‌م یاده‌ نیشتیمانیه‌ و ئاماژه‌ى به‌ په‌یوه‌ندى دێرین و له‌مێژینه‌ى گه‌لى كورد له‌گه‌ڵ یه‌كێتى سۆڤیه‌تى جاران و رووسیاى فیدرِاڵ كرد.

له‌ته‌وه‌رێكى ترى ووته‌كه‌یدا به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌ت ئاماژه‌ى به‌و راستییه‌ كرد كه‌وا رووسیاى فیدرِاڵ له‌ یه‌كه‌مین ئه‌و ولاَتانه‌ بوو كه‌ كونسوڵگه‌رى گشتى له‌ هه‌رێم كرده‌وه‌. هاوكات ئاماژه‌ى به‌ سوود وه‌رگرتنى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ قوتابیان له‌ زه‌ماله‌ى خوێندن له‌ رووسیا و بوونى ره‌وه‌ندى رووسیا له‌ هه‌رێم كرد و ئومێدى پێشكه‌وتن و به‌رده‌وامى بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ خواست.

جێگه‌ى باسه‌ هه‌موو ساڵێك له‌ 12/ى حوزه‌یران گه‌لانى رووسیاى فیدرِاڵ به‌گرینگى و بایه‌خه‌وه‌ یادى رۆژى رووسیا ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌م یاده‌ش دواى یه‌كه‌م دانیشتنى په‌رِله‌مانى رووسیا له‌ساڵى 1990 وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك ئاماژه‌ى پێكرا كه‌ تێیدا هاتبوو ئازادى و سه‌ربه‌خۆیى مه‌رجى سه‌ره‌كى بوون و به‌رده‌وامبوونى حكومه‌تى فیدرِاڵى رووسیایه‌."
Top