سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كارگه‌یه‌كى دروستكردنى ده‌رمانى له سلێمانى كرده‌وه
پێشنیوه‌رِۆى 11/6/2011 به‌ئاماده‌بوونى د.تاهیر هه‌ورامى وه‌زیرى ته‌ندروستى و نوێنه‌رى وه‌زیرى ته‌ندروستى عیراق و نوێنه‌رانى كۆمپانیاى الرائده (پایۆنیر) و به‌رپرسانى حكومه‌ت، د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كارگه‌ى دروستكردنى ده‌رمانى پایونیرى له ناوچه‌ى قرِگه‌ى نزیك سلێمانى كرده‌وه كه به‌برِى 70 ملیۆن دۆلار دروستكراوه.
له‌سه‌ره‌تاى مه‌راسیمى كردنه‌وه‌ى كارگه‌كه‌دا، سه‌عد كۆڵه‌ك به‌نوێنه‌رایه‌تى خاوه‌ندارى كۆمپانیاكه وته‌یه‌كى پێشكه‌شكرد و كورته‌یه‌كى له‌باره‌ى كارگه‌كه بۆ ئاماده‌بووان روونكرده‌وه، پاشانیش منجد سه‌عید میخا به‌رِێوه‌به‌رى رێگه‌پێدراوی كۆمپانیاى الرائده له‌باره‌ى توانست و قه‌باره‌ى كۆمپانیاكه دوا و روونیكرده‌وه كارگه‌ى پایۆنیر بۆ دروستكردنى ده‌رمان له شارى سلێمانى ده‌ستى به‌به‌رهه‌مهێنانى به‌رهه‌مى ده‌رمان كردووه كه به‌پێى پێوانه و رێنماییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌رمان به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستخۆشى له كۆمپانیاكه كرد له دروستكردنى ئه‌و كارگه‌یه كه وێستگه‌یه‌كى گرنگه له په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌پێدانى ژێرخانه‌ى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى هه‌رێم و به‌رجه‌سته‌ى هاوكاری و هاریكارى كه‌رتى تایبه‌ت و سیاسه‌تى درێژخایه‌نى حكومه‌تى هه‌رێمه له‌بوارى وه‌به‌رهێنان و پاڵپشتى كردنى كه‌رتى تایبه‌ت و هه‌روا ده‌ستخۆشى له ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان كرد له هاوكاریكردن و كارئاسانی كردن بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران و دووپاتیكرده‌وه ئێستا له كوردستاندا ده‌رفه‌تێكى گه‌وره‌ى وه‌به‌رهێنان سازاوه، سه‌ره‌رِاى كێشه و ئاسته‌نگه‌كان، ده‌رفه‌تى وه‌به‌رهێنانى له‌و جۆره له‌كه‌م وڵات‌دا هه‌یه.
د.به‌رهه‌م ساڵح وتى: هه‌رێمى كوردستان ده‌روازه‌یه‌كى گرنگی بازارِى عیراق و ناوچه‌كه‌یه و ده‌توانین له رێگه‌ى ئه‌م پرۆژانه‌وه نه‌ك هاورده‌كردنى ده‌رمان و به‌رهه‌مى ده‌ره‌كى كه‌م ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو ده‌رفه‌تێكیشه بۆ هه‌نارده‌كردنى به‌رهه‌مى ناوخۆ و ده‌رفه‌تێكیش ده‌بێت بۆ هه‌لى كار بۆ گه‌نجانى و پێگه‌یاندنى كادیرى پێشكه‌وتوو و جه‌ختیشى كرده‌وه كه پێشخستنى بوارى وه‌به‌رهێنان پێویستى به هاوكارى زیاتری حكومه‌ت و كه‌رتى تایبه‌ت هه‌یه.
سه‌رۆكى حكومه‌ت ئاماژه‌ى به هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكانى حكومه‌تى هه‌رێم كرد له پشتیوانیكردن و كارئاسانیكردن بۆ كه‌رتى تایبه‌ت و روونیكرده‌وه هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكى حكومه‌ت كه‌ده‌چێته كه‌رتى تایبه‌ت بۆ ماوه‌ى دوو سال نیوه‌ى مووچه‌كه‌ى بۆ خه‌رج ده‌كرێت.