هەرێم رێگری لە ئاوارەی سووریا ناكات و بەوریاییش مامەڵەی لەگەڵ دەكات

هەرێم رێگری لە ئاوارەی سووریا ناكات و بەوریاییش مامەڵەی لەگەڵ دەكات
بریكاری وەزارەتی ناوەخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند هەرێم رێگری لە هاتنی ئاوارەی سووریا ناكات ئەگەر رووی تێ بكەن، بەڵام بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو حاڵەتەدا دەكات، چونكە شیمانەی هاتنی خەڵكی گێرەشێوێنیش لەو رێگەیەوە دەكرێ.

فایەق تۆفیق ئەمڕۆ پێنجشەم بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند \"رێگریمان لە كەس نەكردووە و كەسمان نەگەڕاندووەتەوە، بەڵام ئەمە بەمانای هاندانی خەڵك نییە و ئێمە رێگەیان پێشان نادەین و پێیان یڵێین چی بكەن، بۆ ئەوەی روو لە هەرێم بكەن و كەسانی گێرەشێوێن بكەونە ناویانەوە، چونكە هەموو ئەوانەی ئاوارە دەبن مەرج نییە خەڵكی باش بن\"".

ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت كە بەهۆی خۆپێشاندانەكانی سووریا و كەوتنەوەی توندوتیژی لە نێوان خەڵك و هێزە تەناهییەكاندا، ژمارەی ئاوارەكان لەسەر سنوورەكان روو لە زیادبوونە و لە 24 ساتی رابردوودا بەپێی میدیای توركیا هەزار و 50 هاووڵاتی سوریایی پەنایان بردووەتە بەر توركیا.

\""پێشتریش خەڵكی ئاوارە هەبووە و پەنامان داون، بەڵام ئەجارە نابێت بمێننەوە و داوای كار و شوێنی نیشتەجێبوون بكەن\"" تۆفیق وای گوت.

بریكاری وەزارەتی ناوەخۆ ئەوەیشی خستە روو كە لە سنوورەكان پێڕۆی تایبەت هەیە، بۆ نموونە لە كۆڕەوە ملیۆنییەكەی كوردستان لە /1991/ كەس نەیگوت وەرنە وڵاتی ئێمە و هەموو خەڵكیش چوونە ناو وڵاتانەوە، تا ئێستە بەهۆی رووداوەكانی سووریاوە هیچ شتێك بەرەسمیی لە سنوورەكانەوە بەئێمە نەگەیشتووە.

بەشێك لە دانیشتوانی سووریا كە ژمارەی تەواویان نەزانراوە، كوردن و پێشبینی دەكرێ زیاتر پەرەسەندنی رووداوەكانی وڵاتەكەیان وایان لێ بكات هانا بۆ هەرێمی كوردستان ببەن.

ساڵی 1991 زۆرینەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانی عێراق بەهۆی هێرشی رێژیمی لەكارخراوی \""سەدام حسێن\"" روویان لە سنوورەكانی توركیا و ئێران كرد و لەلایەن ئەو وڵاتانەوە پەنا دران."
Top