ئه‌و ئاوارانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه
![ئه‌و ئاوارانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه](https://gulanmedia.com/public/site/images/single/1.jpg)
نه‌رمین عوسمان به‌رپرسی لیژنه‌ی دارایی مادده‌ی 140 به PUKmedia ی راگه‌یاند: هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی فۆڕمی خۆراكیان گواستووه‌ته‌وه بۆ كه‌ركوك و له رابردوودا راگوێزراون به‌پێی بڕگه‌و بابه‌ته‌كانی مادده‌ی 140 قه‌ره‌بو ده‌كرێنه‌وه.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه ئه‌و كه‌سانه‌ی له رابردوودا راگوێزراون و به‌ڵگه‌ی ته‌واویان به ده‌سته‌وه‌یه، به‌ڵام فۆڕمی خۆراكی ئه‌وكاته‌یان نیه‌و تائێستا قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه، به‌پێی رێككه‌وتنێك كه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی بازرگانیدا ئه‌نجاممانداوه هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ش پاش ماوه‌یه‌كی تر قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه، به‌ڵام قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه ته‌نها ئه‌و كه‌سانه ده‌گرێته‌وه كه هه‌موو به‌ڵگه‌یه‌كی ته‌واویان هه‌یه.
سه‌باره‌ت به‌و به‌ڵگانه‌ی كه پێویستن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له ده‌روه‌ی وڵات بوون یان له رابردوودا له شاری كه‌ركوك ده‌ركراون، به‌ڵام فۆڕمی خۆراكیان پێ نه‌دراوه، نه‌رمین عوسمان وتی: ئه‌و كاره زۆر ئاسانه ده‌ست، بۆ نمونه كه‌سانێك له رابردوودا وه‌زیفه‌ی حكومییان هه‌بووه یان له گه‌ڕه‌كێك نیشته‌جێبوون و خانویه‌كی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌یان به‌ناوه‌وه بووه، جگه‌له‌وه له سه‌رده‌می رابردوودا ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ركراون هه‌موو به‌ڵگه‌كانیان ماوه، هه‌موو ئه‌مانه ده‌بنه سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ی ئه‌و هاووڵاتییه له رابردوودا راگوێزراوه.
به‌رپرسی لیژنه‌ی دارایی مادده‌ی 140 باسی له‌وه‌شكرد كه له‌ئێستادا نزیكه‌ی 1300 چه‌كی قه‌ره‌بووكردنه‌وه ئیمزاكراوه و له هه‌فته‌ی داهاتوودا ده‌ستده‌كرێت به دابه‌شكردنی ئه‌و چه‌كانه به‌سه‌ر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی كه زه‌وی و موڵكی هاووڵاتیانیان داگیركردووه ئێستا زه‌وی و موڵكه‌كانیان لێوه‌رگیراوه‌ته‌وه، به‌پێی یاسا ئه‌و كه‌سانه قه‌ره‌بو ده‌كرێنه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی له زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كاندا پڕۆژه‌ی ئاودێرییان كردووه، بۆیه پێویسته هه‌موویان قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی به‌رپرسی لیژنه‌ی دارایی مادده‌ی 140 تائێستا 20 هه‌زار خێزانی عه‌ره‌بی هاورده‌و 60 هه‌زار ئاواره قه‌ره‌بوو كراونه‌ته‌وه، گه‌ر قۆناغه‌كانی قه‌ره‌بووكردنه‌وه به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا بڕوات تا ساڵی 2015 پڕۆسه‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه به‌رده‌وامده‌بێت.