پێنج مادده‌ی تر له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ په‌سندكرا

پێنج مادده‌ی تر له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ په‌سندكرا
دوای ئه‌وه‌ی له‌ كۆبونه‌وه‌ی رۆژی 25-5 دا په‌رله‌مانی كوردستان دوو مادده‌ی تری له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ په‌سندكرد، سه‌عات حه‌وتی ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ، په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی د.كه‌مال كه‌ركوكی و به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ردوو وه‌زیری دارایی و پلاندانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دووه‌م كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.

له‌و دانیشتنه‌دا دوای گفتوگۆی په‌رله‌مانتاران و به‌بێ گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆ، مادده‌كانی (3، 4، 5، 6، 7) په‌سندكران، به‌مه‌ش له‌ هه‌شت دانیشتنی ئاسایی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ، حه‌وت مادده‌ی په‌سندكردووه‌و بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ 26-5 دانیشتنه‌كان به‌رده‌وامبن، بۆ ته‌واوكردنی مادده‌كانی تر كه‌ له‌ 30 مادده‌ پێكدێت.

له‌و گۆڕانكارایانه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌ مادده‌كانی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵكراوه‌، په‌سندكردنی پێشنیارێكی فراكسێونی كوردستانی بوو، ئه‌ویش كه‌ كردنه‌وه‌ی رێژه‌ی 10% له‌ بودجه‌ی به‌كارخستن واته‌ 970 ملیار دیناره‌ بۆ چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی پێویست، له‌وانه‌ زیادكردنی پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری بۆ 5 ملوێن دینار، له‌نێویشیاندا له‌ كوڕو كچی شه‌هید ده‌به‌خشرێت و لێیان وه‌رناگیرێته‌وه‌. زیادكردنی قه‌رزی خانووبه‌ره‌ بۆ 20 ملیۆن دینار، هه‌روه‌ها ته‌رخانكردنی 35 ملیار دینار بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، له‌گه‌ڵ زیادكردنی ده‌رماڵه‌ی خۆراكی پۆلیس بۆ 210 هه‌زار دینارو تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ 150 هه‌زار دینارو 150ملیار دینار بۆ هه‌ڵمه‌تی نیشتمانی دروستكردنی قوتابخانه‌و خوێندگاو 70 ملیار بۆ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان، 20 ملیار دینار بۆ سێكته‌ری وه‌رزشی و ته‌رخانكردنی 100 ملیار دینار بۆ ناوچه‌ سنوریه‌ زیان لێكه‌وتووه‌كان.

جێی ئاماژه‌یه‌ له‌ڕۆژی 27-2 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پڕۆژه‌ی بودجه‌ی ئه‌مساڵی په‌سندكرد كه‌ بڕه‌كه‌ی 13ترلیۆن و 940 ملیار دیناره‌.
Top