ئەمڕۆ هەردوو مەكتەبى سیاسیى یەكێتیى و پارتى لەگەڵ سەرۆكى هەرێم كۆ دەبنەوە

ئەمڕۆ هەردوو مەكتەبى سیاسیى یەكێتیى و پارتى لەگەڵ سەرۆكى هەرێم كۆ دەبنەوە
سەرچاوەیەكى بەرپرس لە یەكێتیى نیشتمانیى كوردستان ڕاىگەیاند بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كۆبوونەوەى پێنجقۆڵی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و دیاریكردنى كات و وادەى ئەو كۆبوونەوەیە، پێنجشەم هەردوو مەكتەبى سیاسیى یەكێتیى و پارتى لەگەڵ سەرۆكى هەرێم كۆ دەبنەوە، بەرپرسێكى ئۆپۆزسیۆنیش ئاماژە بەوە دەكات چاوەڕوانى ئەنجامى ئەو كۆبوونەوەیەن.

مەلا بەختیار كارگێڕى مەكتەبى سیاسیى یەكێتیى نیشتمانیى كوردستان ئەمڕۆ لەمیانى پێشكێشكردنى گوتارێكدا لە مۆنۆمێتنى یادگارى شارۆكەى هەڵەبجە، گوتى، سبەى ئێمە وەك هەردوو مەكتەبى سیاسى یەكێتیى نیشتمانى و پارتى دیموكراتى كوردستان لەگەڵ سەرۆكى هەرێمى كوردستان كۆدەبینەوە و گفتوگۆ لەبارەى كۆبوونەوەى پێنجقۆڵى و دیاریكردنى كات و وادەى ئەو كۆبوونەوەیە دەكەین.

پتر گوتى، ئێمە لەسەر ئەنجامى ئەو كۆبوونەوەیە دەكەوینە گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و نەك 22 خاڵ ئەگەر 122 خاڵیشیان هەبێت ئێمە گفتوگۆیان لەگەڵ دەكەین.

مەلا بەختیار ئاماژەى بەوەش كرد، گرێ كوێرەى ڕێك نەكەوتنى هەردوولا تائێستە 2 خاڵ بوو ، یەكەم هەڵوەشاندنەوەى حكومەت و پێكهێنانى حكوومەتێكى تەكنۆكراتى كاتى بوو، ئێمە هەڵوەشاندنەوەى حكوومەتمان بەو سیاغەیە قبوڵ نەبوو، دووەم هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان بوو، ئەوەشمان قبووڵ نەبوو.

پتر گوتى، ئێمە لەبرى هەڵوەشاندنەوەى حكوومەت، حكوومەتێكى بنكەفراوانمان قبووڵە و لەبرى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانیش هەڵبژاردنى پێشوەختمان قبووڵە.

لاى خۆیەوە عومەر محەمەد ئەندامى سەركردایەتیى یەكگرتووى ئیسلامیى كوردستان بۆ (ئاكانیوز) گوتى، هەردوولایەنى پارتى و یەكێتى كۆدەبنەوە و كات و وادە و شوێنى كۆبوونەوەكانى نێوان هەردوولا دیارى دەكەن، ئێمە چاوەڕوانى ئەنجامى ئەو كۆبوونەوەین.

هەفتەى رابردوو مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كورستان لە پەیامێكدا داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان كرد بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دیالۆگی بێ مەرج و لە روانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی مێژووییی خۆیان رەفتار بكەن و لاپەڕەیەكی نوێ لە پێوەندیی نێوانیان هەڵبدەنەوە و بەهاوكاریی یەكتر بگەنە چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەو كێشە و گیروگرفتانەی هەن.

لەلای خۆیانەوە لێژنەی هاوئاهەنگیی هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن شەوی چوارشەمی رابردوو لە بارەگای سەرەكیی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی كۆ بوونەوە، بەمەبەستی تاوتوێكردنی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدا، دواتریش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئامادەییی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە گفتوگۆ چاوەڕوانكراوەكاندا پێشان دا بەو پڕۆژەیەی كە هەیانە.
Top