حكوومەتى هەرێم: بەم زووانە وەڵامى ڕاپۆرتەكەى هیومان ڕایتس وۆچ دەدەینەوە

حكوومەتى هەرێم: بەم زووانە وەڵامى ڕاپۆرتەكەى هیومان ڕایتس وۆچ دەدەینەوە
وتەبێژی حكوومەتى هەرێمى كوردستان ئەمڕۆ چوارشەم ڕاى گەیاند، بەم زووانە حكوومەتى هەرێم وەڵامى ڕاپۆرتەكەى هیومان ڕایتس وۆچ لەبارەى دۆخی ئازادی و مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و داواكارى دەست لەكاركێشانەوەى وەزیرى پێشمەرگە دەداتەوە.

كاوە مەحموود بەئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس(ئاكانیوز)ى ڕاگەیاند، لە ئێستەدا حكوومەتى هەرێم تاوتوێى ڕاپۆرتەكەى ڕێكخراوى هیومان ڕایتس وۆچ دەكات لەبارەى دۆخی ئازادی و مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و داواكارى دەست لەكاركێشانەوەى وەزیرى پێشمەرگە، بەم زووانە وەڵامى پێویستى ئەو ڕاپۆرتە دەداتەوە.

پتر گوتى \"پێویستە بەچاوێكى دوور لە بابەتى سیاسیى بەرتەسك و حزبایەتى تێڕوانینمان لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە هەبىَ، بگرە لە ڕوانگەى مافى مرۆڤ و پێوەرەكانى مافى مرۆڤەوە بىَ و هەمووشمان هەوڵ بدەین بنەماكانى مافى مرۆڤ بپارێزین، هەر ڕوونكردنەوەیەكى پێویستیش هەبێ لەسەر ئەو بابەتە بڵاوى دەكەینەوە\"".

لاى خۆیەوە هەڤاڵ ئەبوبەكر مامۆستاى بەشى ڕاگەیەندنى زانكۆى سلێمانى لەبارەى ئەو داواكارییەوە بۆ (ئاكانیوز) گوتى، ئەو جۆرە داواكارییانە ئەگەر لەسەر بنەماى جاڕنامەى گەردوونیى مافەكانى مرۆڤیش بكرىَ، ئەوە بەزۆر نییە و لەو جۆرە داواكارییانە نییە كە پێویستە بێتە جێبەجێكردن.

پتر گوتى ئەو جۆرە داواكارییانە لەسەر ئاستى شكۆمەندى و ئامادەیى و پێگەى كورد لە سیستەمە دیموكراسییەكانى دنیا و لە ژیانى تازەى دنیادا ناشیرین دەكات و دەیخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام لە بەرامبەردا ئەوە نییە بڵێین ئەو داواكارییە كرا جێبەجىَ دەكرىَ.

ئەبوبەكر هیواشى خواست كورد فایلی لەو شێوەیەى نەبێت، بۆ ئەوەى كورد بەو ناونیشان و ناوەوە نەچێتە نێو ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكانەوە، چونكە دواجار شكۆمەندیى كورد و كوردستان و هاووڵاتییان دەسەڵاتى سیاسى لە پێش هەمووانەوە دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.

سێشەمى ڕابردوو رێكخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی راپۆرتێكی تایبەتی لەبارەى دۆخی ئازادی و مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە و تێیدا تانە لە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ ئازادی لە عێراق دەدا، هەروەها داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكا وەزیری پێشمەرگە لەسەر كار لا بدات، ئەگەر دەركەوت هەڕەشەی لە سەرنووسیاری كۆواری لڤین كردووە.

لەو راپۆرتەدا كە لە ماڵپەڕی رێكخراوەكەدا بڵاو بووەتەوە هاتووە، دەسەڵاتدارانی هەرێم چەندان جار هەوڵیان دا كۆواری لڤین و میدیاكانی تر بێ دەنگ بكەن و دەسەڵاتداران بەچەندان شێوە رووبەڕووی دەنگی ئەو كۆوارە بوونەتەوە، بەڵام پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەركۆنەی ئەو دۆخە بكات.

ئەو راپۆرتە وردەكاریی زیاتری لەسەر دۆخی رۆژنامەوانیی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان بڵاو كردووەتەوە كە بەشێوەیەكی گشتی تانەی لێ دەدا و پێی وایە هەرێمی كوردستانی شیاوی دۆخی باشترە."
Top