سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم و جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا بۆ كاروباری دیموكراسی، پرۆسه‌ى دیموكراسى وگه‌شه‌پێدانى مه‌ده‌نى تاوتوێ ده‌كه‌ن

سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم و جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا بۆ كاروباری دیموكراسی، پرۆسه‌ى دیموكراسى وگه‌شه‌پێدانى مه‌ده‌نى تاوتوێ ده‌كه‌ن
25/5/2011 ماریا ئۆتێرۆ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری دیموكراسی و وه‌فدێكی هاورِێی سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كردو له‌لایه‌ن به‌رِێز د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.

له‌و دیداره‌دا ئاستی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاو عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی باسیان لێوه‌كراو هه‌ردولا ته‌ئكیدیان كرده‌وه‌ كه‌ بۆ خزمه‌تی زیاتری خه‌ڵكی عیراق و هه‌رێمی كوردستان زیاتر گه‌شه‌ به‌و په‌یوه‌ندیانه‌ بدرێت و هه‌ماهه‌نگی و ئاماده‌كاری ته‌واو پێشكه‌ش بكرێت.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا سه‌باره‌ت به‌دۆخی هه‌رێمی كوردستان و گه‌شه‌كردنی پرۆسه‌ی دیموكراسی و رێزگرتن له‌مافه‌كانی مرۆڤ و چۆنیه‌تی چه‌سپاندنی زیاتری ئه‌و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی خزمه‌ت به‌دیموكراسی و ئازادی ده‌كه‌ن بیرورا ئاڵوگۆر كراو ئاماژه‌ كرا به‌و هه‌ولاَنه‌ى كه‌ له‌ بوارى پرۆسه‌ى دیموكراسى وكۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ ئارادان سه‌رۆكى حكومه‌ت خوازیاربوو ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نى و دیموكراسیه‌كانى ئه‌و ولاَته‌ هاوكار و پشتیوانى پرۆسه‌ى دیموكراسى و په‌ره‌پێدانى هه‌نگاوه‌كانى دیموكراسی بن له‌ هه‌رێمى كوردستان و هاوكارى دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نى و دیموكراسیه‌كانى بكه‌ن.

لاى خۆشیه‌وه‌ جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا بۆ كاروبارى دیموكراسى خۆشحاڵى خۆى بۆ گرنگى پێدانى حكومه‌تى هه‌رێمى به‌مه‌سه‌له‌ى دیموكراسى و خه‌باتى مه‌ده‌نى ده‌ربرى و هیواى خواست زیاتر هه‌نگاوه‌كانى دیموكراسى له‌م هه‌رێمه‌و عێراق و ناوچه‌كه‌ بچێته‌ پێش و گه‌شه‌ بكات.

شایانی باسه‌ كاری سه‌ره‌كی ماریا ئۆتێرۆ بریتیه‌ له‌ هه‌ماهه‌نگی كردن سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌كانی دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤ و ژینگه‌ و ته‌ندروستی له‌سه‌ر ئاستێكی جیهانیدا و یه‌كه‌م جاریشه‌ سه‌ردانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بكات.
Top