هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن یاداشتێك بەسەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دەدەن

هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن یاداشتێك بەسەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دەدەن
فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن بەهۆی دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی ئاساییی پەرلەمان بەشداری لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان ناكەن، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات یاداشتێك بەسەرۆكایەتیی پەرلەمان دراوە بۆ ئەوەی ئەولەویەتی بەرنامەكانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ تاوتوێكردنی داخوازییەكانی خۆپێشاندەران بدرێت.

كاردۆ محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ دووشەم رايگەیاند \"هەرسێ فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتووی ئیسلامی) بەشداریمان لە دانیشتنی ئاساییی پەرلەمانی كوردستان نەكرد\"".

روونی كردەوە \""بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ یاداشتێكمان بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان داوە بۆ ئەوەی ئەولەویەتی كار و بەرنامەكانی دانیشتنەكانی پەرلەمان بە داواكاری خۆپێشاندەران بدرێت\"".

ئاماژەی بەوەش دا \""دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەم پاش دانیشتنی ئاساییی پەرلەمان، فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەیە\"".

لای خۆیەوە سەرگوڵ رەزا پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە كوردستان گوتی \""پێشتریش رامانگەیاندبوو ئەگەر سەرۆكایەتیی پەرلەمان گرینگی بە داواكارییەكانی خۆپێشاندەران و بڕیارەكانی پێشووی خۆی كە لەبارەی خۆپێشاندەرانەوە دەری كردبوو نەدات، ئێمە بەشداری لە دانیشتنەكانی پەرلەمان ناكەین\"".

زیاتر گوتی \""تا ئەوكاتەی كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئەنجام نەدەین و بۆچوون و تێڕوانینی ئەوان نەزانین، نا توانین هیچ زانیارییەك لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بڵێین\"".

لە دانیشتنی نائاساییی دوێنێی پەرلەمانی كوردستاندا، كە تایبەت بوو بانگهێشتنكردنی جەعفەر مستەفا وەزیری پێشمەرگە بۆ روونكردنەوە و لێپرسینەوە لەبارەی رووداوەكانی ئەم دوایییەی هەرێم، دوای ئاراستەكردنی پراسیارەكان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە، سەرۆكی پەرلەمان لێسەندنەوەی متمانەی لە وەزیری پێشمەرگە خستە دەنگدانەوە و لە بەرامبەر دەنگدان بۆ متمانەدانەوە بە وەزیری پێشمەرگە، فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن لە هۆڵی پەرلەمان هاتنە دەرەوە.

-ئاكانیوز"
Top