فوئاد حوسێن: سەرۆكی هەرێم حكوومەت رادەسپێرێ‌ رێكاری یاسایی دژ بەو كەسانە وەربگرێ‌ كە لە كاتی خۆپێشاندانەكاندا تاوانیان ئەنجامداوە

فوئاد حوسێن: سەرۆكی هەرێم حكوومەت رادەسپێرێ‌ رێكاری یاسایی دژ بەو كەسانە وەربگرێ‌ كە لە كاتی خۆپێشاندانەكاندا تاوانیان ئەنجامداوە
فوئاد حوسێن رایگەیاند كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیارێك دەردەكات بە مەبەستی هێوركردنەوەی رەوشی هەندێ ناوچەی هەرێمی كوردستان و تێیدا بۆ پاراستنی ئاسایش و ماف وئازادی هاوڵاتیان ونیزامی گشتی، بەڕێزیان داوا لە حكوومەت دەكات رێكاری یاسایی دژ بەو كەسانە وەربگرێ‌ كە لە كاتی خۆپێشاندانەكاندا چ بە تەقەكردن لە هاوڵاتیان یان هێڕشكردنە سەر بارەگا و دامەزراوەكان و یانیش بە هاندانی خەڵك بۆ گرتنەبەری شێوازی توندوتیژی تاوانیان ئەنجامداوە.

لەمبارەیەوە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە 30/3/2011 لە لێدوانێكدا ئاشكرای كرد كە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیارێك سەبارەت بەو رەوشە ناجێگیرەی چەندین ناوچەی هەرێمی كوردستان دەردەكات وتێیدا حكوومەتی هەرێم رادەسپێرێ كە لە چوارچێوەی یاسادا دەستوبرد بكات بۆ گرتنەبەری رێكاری یاسایی پێویست دژ بە هەر كەسێك ئەو تاوانانەی بەسەردا ساغ بێتەوە كە لە میانی خۆپێشاندانەكانی چەند هەفتەی رابردوو روویاندا.

فوئاد حوسێن هەروەها گوتی كەوا ئەم بڕیارەی بەڕێز سەرۆك بارزانی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران ولایەنە پەیوەندیدارەكانی دەكات بۆ جێبەجێكردنی، سەرجەم ئەو تاوان و پێشێلكاریانە دەگرێتەوە كە لەمیانی خۆپێشاندانەكانی چەند هەفتەی رابردوودا لە چەندین ناوچەی هەرێمی كوردستاندا روویانداوە و تێیدا هاتووە كە رێكاریی یاسایی پێویست دژ بە هەر كەسێك وەربگیرێت كە: 1- تەقەی لە هاوڵاتیان كردبێت و ببێتەهۆی شەهیدكردن و برینداركردنیان، 2- هێڕشی كردبێتە سەر بارەگا حزبیەكان و دامەزراوە حكوومیەكان و زیانی بە موڵك وسامانی دەوڵەت وهاوڵاتیان گەیاند بێت، 3- هانی خەڵكی دابێت یان هانی خەڵك بدات بۆ پێشێلكردنی یاسا و نیزامی گشتی، 4- بەبێ مۆڵەت وەرگرتن خۆپێشاندانی رێكخستبێت و رێكیبخات و سەرەڕای ئەوەش بە پێچەوانەی یاسا جووڵابێتەوە و لەسەریشی بەردەوام بێت، 5- هەر لێپرسراوێكی پۆلیس یان ئاسایش كەمتەرخەم بووبێت لە جێبەجێكردنی ئەركی فەرمیی خۆی بۆ پاراستنی دەزگا و موڵك وسامانی دەوڵەت و هاوڵاتیان.
Top