ئەردۆگان: ئینكاری بونی كورد سیاسەتێكی كۆنەو رەتی ئێمە دەكەینەوە

ئەردۆگان: ئینكاری بونی كورد سیاسەتێكی كۆنەو رەتی ئێمە دەكەینەوە
دوای ئەوەی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هەریەك لە مەسعوود بارزانى سەرۆكى هەرێمی كوردستان، بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆكى حكوومەت، كەمال كەركووكى سەرۆكى پەرلەمان و نێچیرڤان بارزانى جێگری سەرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان و بەرپرسانى حكوومەت لە پێشوازیى بوون، دوای كردنەوەی باڵەفڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە گوتەیەكدا سەرۆك وەزیرانی توركیا ڕای گەیاند

ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك وەزیرانی توركیا لە گوتەیەكدا هیوای خواست ئەو كۆبوونەوەیە بۆ كردنەوەی باڵەفڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر ببێتە مایەی خێر و خۆشی و گوتی، ئێمە پێوەندیی مێژووییمان لەگەڵ عێراق و ئەم هەرێمە جوانەدا هەیە، نەك تەنیا لە ڕێگەی باڵەفڕگە و گەشتی ئاسمانییەوە، بگرە لە ڕێگەی گەلەوە لە یەكتر نێزیك دەبینەوە.

هەروەها گوتی دەمەوێ مژدەی ئەوەتان پێ بدەم كە تا ئێستە تەنیا كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت گەشتیان هەبوو بۆ هەولێر، بەڵام لەمەودوا بڕیارمان داوە هێڵی ئاسمانیی \"توركیش ئێرلاین\"" گەشتەكانی هەبێت.

ئەردۆگان ئاماژەی بەوە دا كە كۆمپانیا و بەڵێندەرانی توركیا هاوكاریی باشیان كردووە لە ئاوەدانكردنەوەی عێراقدا، هەروەها لەلایەكی تریشەوە پێمان خۆشە كە خزمەتی كوردەكان دەكەن لە عێراقدا، یەك لەوانیش هونەرمەند ئیبراهیم تاتڵیساسە كە كاری وەبەرهێنان دەكات لێرەدا، بەداخەوە لەم ماوەیەی دواییدا تووشی كارەساتێك بوو.

ئەردۆگان باسی ئەوەی كرد تاتڵیساس لە گۆرانییەكدا باسی ئەوە دەكات كە گرینگ نییە زمانمان جیاواز بێت، لای ئێمەش مرۆڤ پیرۆزە، ئیتر لە هەر نەتەوەیەكەوە هاتبێ، چونكە بەر لە هەر شتێك مرۆڤە.

لەبارەی دۆخی ئابووریی توركیاشەوە ئەردۆگان گوتی هەستانەوەی ئابووری بەوە دێ كە پێویستە تەریب بێ لەگەڵ ئارامیی وڵات و ئازادیی تاك، لە ماوەی پێشتردا توانیمان لە ڕووی ئابووری و پێوەندییەكانی توركیا لەگەڵ جیهان هەڵسینەوە، بۆ ئەمەش هەنگاوی مێژووییمان ناوە.

ئەردۆگان لەبارەی دۆخی كورد لە وڵاتەكەیدا ئاماژەی بەوە دا لەو شوێنانەی توركیا كە بەزۆری كورد تێیدا دەژین، پێویستە واز لەو سیاسەتە كۆنە بێنین، گوتی لە ماوەی 8 ساڵی سەرۆك وەزیرانمدا ئەو سیاسەتە كۆنەم ڕەت كردەوە كە ئینكاری بوونی كوردی دەكرد.

دواتر سەرۆك وەزیرانی توركیا گوتی بەهێزبوونی عێراق واتە بەهێزبوونی توركیا، ئەو پێوەندییە ئابوورییەی لە نێوان عێراق-توركیا و هەرێمی كوردستان-توركیادا هەیە، پێویستە هەوڵ بدەین ئەو پێوەندییە لەناو گەلانی هەردوولادا دروست بێت."
Top