ئه‌حمه‌د تورك: خوێندن به‌ زمانی دایك و ئۆتۆنۆمی بۆ كورد دوو هێڵی سوورن بازدان به‌ سه‌ریاندا مه‌حاڵه‌

ئه‌حمه‌د تورك: خوێندن  به‌ زمانی دایك و ئۆتۆنۆمی بۆ كورد دوو هێڵی سوورن بازدان به‌ سه‌ریاندا مه‌حاڵه‌
گولاَن- ع. ا


سه‌رۆكی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی له‌ توركیا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات فێربوون و خوێندن به‌ زمانی كوردی و ئۆتۆنۆمی دیموكراتی به‌ نیسبه‌ت كورد دوو هێڵی سوورن و بازدان به‌ سه‌ریاندا مه‌حاڵه‌.

له‌ میانی پێشكه‌شكردنی وتاری خۆیدا له‌ كۆبوونه‌وه‌ی پارته‌كه‌یدا سه‌رۆكی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی ئه‌حمه‌د تورك چه‌ند پرس و رووداو و پێشهاتێكی له‌ ناویشیاندا چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی سه‌رۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان عه‌بدوڵلاَ ئۆجه‌لان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی توركیاو پرۆسه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی راگرتنی ئاگر به‌ستی یه‌كلایه‌نه‌ی په‌كه‌كه‌و هه‌ڵبژاردنه‌كانی حوزه‌یرانی داهاتوو و پرۆژه‌ی حوكمی زاتی و ده‌ستوور نوێی توركی تاوتوێكرد.
له‌ وتاری كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌كه‌دا ئه‌حمه‌د تورك دووپاتی كرده‌وه‌ هه‌ر وه‌كو چۆن به‌لای هه‌موو لایه‌ك هێڵی سووره‌، به‌لای كوردیش هه‌ر یه‌ك له‌ خوێندن و فێربوون به‌ زمان دایك و برِیاردان له‌ سه‌ر مافی ئۆتۆنۆمی بۆ كورد دوو هێڵی سوورن. سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12 ی حوزه‌یرانی داهاتووش تورك داوای كرد كورد به‌شدارییه‌كی سه‌رتاسه‌ری بكات.

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ ئاگر به‌ستی یه‌كلایه‌نه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان تورك روونی كرده‌وه‌ ئه‌وان وه‌كو كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ رێگه‌چاره‌ی ئاشتین بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد به‌لاَم له‌ به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی توركیا ده‌یه‌وێ كورد نه‌هێڵێت، یه‌كریزی و یه‌كپارچه‌یی گه‌لی كوردیشی له‌ پێناو خه‌باتكردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادی و دیموكراتی به‌ پێویست زانی و دووپاتی له‌ سه‌ر كرده‌وه‌، داواشی له‌ سیاسه‌تمه‌داری دووره‌ ولاَتی كورد كه‌مال بۆركای كرد كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا ره‌جه‌ب ئه‌ردۆگان داوای گه‌رِانه‌وه‌ی كردبوو بگه‌رِێته‌وه‌ توركیاو بچێته‌ ناو ریزه‌كانی پارتی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی و پرِۆژه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد له‌و ولاَـه‌ پێشكه‌ش بكات.


سه‌رچاوه‌: ئاكا نیوز
Top