150 كه‌سایه‌تى كورد له‌ توركیا دادگایی ده‌كرێن و په‌كه‌كه‌ درێژكردنه‌وه‌ى ئاگربه‌سته‌كه‌ى په‌یوه‌ست ده‌كات به‌و دادگای كردنه‌وه‌

150 كه‌سایه‌تى كورد له‌ توركیا دادگایی ده‌كرێن و په‌كه‌كه‌ درێژكردنه‌وه‌ى ئاگربه‌سته‌كه‌ى په‌یوه‌ست ده‌كات به‌و دادگای كردنه‌وه‌

گولاَن/ساڵح محمد

به‌تۆمه‌تى پشتیوانى كردنى پارتى كرێكارانى كوردستان دادگاى دیار به‌كرد 150 كه‌سایه‌تى سیاسی كوردى دادگایی كرد و له‌میانى دادگایه‌كه‌دا تۆمه‌تباران به‌زمانى كوردى به‌رگریان له‌خۆیان كرد و دادگاى دیاربه‌كر رِه‌تى كرده‌وه‌ كه‌ لێدوانه‌كانیان وه‌ربگرێت كه‌ به‌زمانى كوردى له‌دادگا به‌رگریان له‌خۆیان پێكردبو.

له‌نێوان ئه‌و گیراوانه‌دا ژماره‌یك سه‌رۆك شاره‌وانى كوردى تێدایه‌ كه‌ سه‌ربه‌ پارتى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نین، و له‌لای خۆشیه‌وه‌ (سه‌لاَحه‌دین ده‌میرتاش) سه‌رۆكى پارتى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى ئه‌و دادگایی كردنه‌ى به‌ده‌رفه‌تێك دانا بۆ چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌ى كورد له‌ توركیا به‌رِێگه‌یه‌كى ئاشتى و گوتیشى: گرتنى ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ كوردانه‌ دواى ئه‌وه‌ دێت كه‌ حكومه‌تى توركیا نه‌یتوانى متمانه‌ى شه‌قامى كوردى بۆلای خۆی رِابكێشێت.

(رِه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان)سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا رِایگه‌یاند: پارتى ئاشتى دیموكراتى نوێنه‌رى كورد نیه‌ چونكه‌ زۆرینه‌ى ده‌نگه‌كانیان له‌ هه‌ڵبژاردنى رِابردودا به‌ هه‌رِه‌شه‌ و زۆر لێكرن هێناوه‌ بۆیه‌ ناتوانن له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتودا ده‌نگه‌كانى پێشویان بهێننه‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ر دادگاى كردنى ئه‌و 150 كورده‌ (موراد قه‌ره‌یلان) به‌رپرسی سه‌ربازى پارتى كرێكارانى كوردستان رِایگه‌یاند: دادگایی كردنى ئه‌و كوردانه‌ هه‌ڵوێستى حكومه‌تى توركیا رِون ده‌كاته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌ى كورد، و چۆنیه‌تى دادگایی كردنه‌كه‌ى هه‌ڵوێستى ئێمه‌ رِون ده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌گه‌رى درێژه‌دان به‌ ئاگربه‌ست یان هه‌لوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و ئاگربه‌سته‌.
Top