سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران كۆبووەوە

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران كۆبووەوە
ئەمرۆ چوارشەممە 14/7/2010 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئازاد بەرواری جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرە بەرێزەكان كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا ، وێرای بەخێرهێنانی ئامادەبووان ، سەرۆك بارزانی باسی سەردانەكانی بۆ هەر یەك لە وڵاتانی توركیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئوردون و میسر كرد و دەرئەنجامەكانی خستەڕوو و تەئكیدی لەوەكردەوە كە لەو سەردانانەیدا هەستی بەوەكرد كە قورسایی هەرێم چووەتە ئاستێكی بەرزەوە .

دەربارەی سەردانەكەی بۆ توركیا ، سەرۆك بارزانی ئاماژەیی بەوەكرد كە گۆڕانێكی گەورە لە سیاسەتی توركیا روویداوە كە پێویستە وەك هەرێمی كوردستان پشتگیری لەو سیاسەتەی بكەین.

توركیا دەوڵەتێكی گەورەیە لە ناوچەكەدا كە دەكرێ‌ لەگەڵیدا دۆست بین و كار بۆ بەرژەوەندی هەر دوولا بكەین.

لە رووی ئابوورییەوە زۆر چووینەتەپێش و لە رووی سیاسیەوەش ئێمە لەگەڵ كرانەوەی دیموكراتیەكەی توركیاین و هیوادارین توركیا بەردەوام بێ‌ لەسەر ئەو سیاسەتەی خۆی و شتی لابەلاش كار نەكاتە سەر ئەو پرۆسەیە كە دەستی پێكردووە ، چونكە ئەو مەسەلەیە بە ئاشتی نەبێ‌ بە چەك چارەسەر ناكرێ‌ . بۆ بەرەو پێش بردنی پەیوەندییەكانیش سەرۆك بارزانی تەئكیدی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانی و كەلتوری و وەرزشی و پەروەردەیی لەگەڵ ئەو وڵاتە كردەوە و لەم رووەوە چەند پێشنیارێك خرانەڕوو ، لە وانە پێكهێنانی لیژنەیەك بە سەرپەرشتی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و ئەندامییەتی نوێنەرانی چەند وەزارەتێكی دیكە بۆ ئامادەكردنی راپۆرتێك لەسەر چۆنیەتی پەرەپێدانی ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و توركیا لە بوارە جیاجیاكاندا.

سەبارەت بە سەردانەكەشی بۆ فەرەنسا ، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەو یاداشتە كرد كە لە كاتی سەردانەكەی بەرێزیان بۆ فەرەنسا نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری فەرەنسا ئیمزا كراوە و رایگەیاند كە فەرەنسا ئامادەییەكی زۆری هەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا و دەبێ‌ وەكو هەرێم سوود لەو هەڵوێستەی وڵاتی فەرەنسا وەربگرین و لەم رووەوە چەند پێشنیارێك خرایە ڕوو بە دانانی لیژنەیەك بە سەرپەرشتی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و ئەندامییەتی نوێنەری چەند وەزارەتێك بۆ ئامادەكردنی راپۆرتێك دەربارەی چۆنیەتی كاراكردن و جێبەجێكردنی یاداشتەكەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فەرەنسا .

لەمەڕ سەردانەكەشی بۆ وڵاتی ئەڵمانیا ، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەكرد كە ئەو وڵاتەش ئارەزووی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیاركرا هەمان لیژنە راپۆرتێك ئامادەبكات دەربارەی چۆنیەتی پێشوازیكردن لە كۆمپانیا ئەڵمانییەكان و بەشدارییان لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستاندا.

پاشان سەرۆك بارزانی دەربارەی سەردانە فەرمییەكەی بۆ هەر یەك لە وڵاتانی ئوردون و میسر دواو ئاماژەی بەوەكرد كە هەڵوێستی ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ ئەوەدایە كە پەرە بە پەیوەندییەكان خویان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بدەن و ئاماژەی بە هاتنی دوو شاندی ئوردونی و میسری كرد بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیاركرا كە لیژنەیەك بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ و ئەندامیەتی نوێنەرانی چەند وەزارەتێك پێك بهێنرێ‌ دەربارەی چۆنیەتی پەرەپێدان و پێشخستنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئوردون و میسر و ئامادەكردنی دوو شاندی جیا بۆ دانوساندن لەگەڵ هەر دوو شاندەكە و هەروەها وەرگرتنی ئامادەكاری پێویست بۆ ئەو كۆنگرەیەی كە بڕیارە لە قاهیرە ببەسترێت دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان كورد و میسر لە مێژوودا كە بە هاوكاری وەزارەتی رۆشنبیری میسری دەبەسترێت.

ئەمەو لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ، سەرۆك بارزانی دەربارەی دوو پرسی گرنگ دوا كە یەكەمیان دەربارەی بارودۆخی عیراق بە گشتی لە دوای هەڵبژاردن و گفتوگۆی شاندی كوردستان لە بەغدا بۆ دامەزراندنی حكومەتی نوێی عیراق بوو ، دووەمیشیان دەربارەی راپۆرتەكەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بوو سەبارەت بە پاشماوەی بەرهەمە پاڵێوراوەكانی نەوت.

سەرۆك بارزانی وردەكاری ئەو دانوستانانەی خستەڕوو كە لە بەغدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ بەرێوەدەچن و تەئكیدی لەوەكردەوە كە كورد قەت نابێتە بەشێك لە ململانێیەكان، بەڵكو بەشێك لە چارەسەر و لەگەڵ ئەو هێز و قەوارانەش نزیك دەبێتەوە كە بەرنامەیان لەگەڵ بەرنامەكەی ئیئتیلافی فراكسیۆنە كوردستانییەكان نزیك بێت.

سەبارەت بە راپۆرتەكەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزیش ، سەرۆك بارزانی رێنوێنی بە ئەنجومەنی وەزیران دا كە بەهیچ شێوەیەك نابێ‌ پاشماوەی بەرهەمە پاڵێوراوەكانی نەوت بە شێوەیەكی نایاسایی لە هەرێمی كوردستان دەربچن و داواشی لێكردن كە بە توندترین شێوە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو مەسەلەیەدا بكرێ‌ .
Top