ورده‌كاری كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی نێوان سه‌رۆك بارزانی و عه‌مرو موسا له‌ قاهیره‌

ورده‌كاری كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی نێوان سه‌رۆك بارزانی و عه‌مرو موسا له‌ قاهیره‌
سه‌رۆك بارزانی له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا به‌ كوردی قسه‌ی كرد

و/عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانییه‌كه‌ی بۆ كۆماری میسر ، دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مسعود بارزانی شاندی یاوه‌ری سه‌ردانی باره‌گای كۆمكاری ولاَتانی عه‌ره‌بیان كرد له‌ قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی بۆ باره‌گای كۆمكار كه‌ تێیدا باڵیۆزی عێراق له‌ میسر نزار خه‌یروڵلاَو نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی عێراق له‌ كۆمكار قه‌یس عه‌ززاوی ئاماده‌ی بوون، له‌لایه‌ن ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری ولاَتانی عه‌ره‌بی عه‌مرو موسا پێشوازی لێكرا.
له‌ میانی دانیشتنێكی دوو قۆڵیدا هه‌ر یه‌ك له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی تاوتوێی چه‌ند پرس و ته‌وه‌رێكی تایبه‌ت به‌ رۆژهه‌لاَتی ناوه‌راست و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ولاَتانی دراوسێی عێراق و چه‌ند پرس و ته‌وه‌رێكی دیكه‌یان تاوتوێكرد، هه‌روه‌كو هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ نابێت ولاَتانی دراوسێ ده‌ست له‌ كاروباری ناوخۆی عێراق وه‌ربده‌ن.
دوای ته‌واوبوونی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم سورِێكی به‌ناو كۆمكاری عه‌ره‌بیدا كرد، دواتریش له‌گه‌ڵ موسا كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شیان گرێدا، سه‌ره‌تا موسا به‌گه‌رمی پێشوازی كۆمكاری له‌ سه‌ردانییه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ میسرو كۆمكاری عه‌ره‌بی كردوو گوتی: حۆشحاڵم به‌سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێم مسعود بارزانی، هه‌ردوولاشمان له‌ میانی دانیشتنی نێوانمان باسی په‌یوه‌ندییه‌ سروشتییه‌كانی نێوانمان و هه‌ڵویستكان سه‌باره‌ت به‌ عێراق و یه‌كپارچه‌یی و داهاتووی عێراقمان كرد، بۆیه‌ من زۆر به‌رِێزه‌وه‌ سه‌ردانییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌نرخێنم كه‌ سه‌ردانی كۆمكاری عه‌ره‌بی كردوو كۆمكاریش به‌گه‌رمی پێشوازی لێده‌كات.
له‌لای خۆشییه‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم مسعود بارزانی گوتی: خۆشحاڵم كه‌ هه‌لی ئه‌وه‌م بۆ ره‌خسا سه‌ردانی باره‌گای كۆمكاری ولاَتانی عه‌ره‌بی بكه‌م و چاوم به‌ ئه‌مینداری گشتی عه‌مرو موسا بكه‌وێت، گوتیشی له‌گه‌ڵ ئه‌مینداری گشتی كۆمكار هه‌لی ئه‌وه‌مان بۆ ره‌خسا بیروبۆچوونه‌كانمان ئاڵوگۆر بكه‌ین و هه‌ردوولامان تاوتوێی پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق بكه‌ین، سه‌رۆكی هه‌رێم سوپاسی ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌یشی كرد كه‌ له‌لایه‌ن موساو به‌رپرسانی دیكه‌ی كۆمكاری عه‌ربی لێیكرا، سه‌رۆكی هه‌رێم سووربوونی هه‌رێمی كوردستانیشی له‌سه‌ر پاراستنی یه‌كپارچه‌یی عێراق دووپاتكرده‌وه‌ و هه‌وڵه‌كانی كوتله‌ی كوردستانیشی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی شه‌راكه‌تی نیشتمانی له‌ عێراقی نوێدا به‌ نموونه‌ هێنایه‌وه‌ كه‌ له‌ كۆتاییدا به‌رژه‌وه‌ندی عێراق و ناوژه‌كه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی سه‌ردانییه‌كه‌ی بۆ بۆ توركیاو پرسی تۆپبارانكردنی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن تۆپخانه‌كانی توركیاوه‌ سه‌رۆك بارزانی گوتی: ماوه‌ی مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ توركیا بووم، هه‌ڵوێستیشمان زۆر روون و ئاشكرا بوو ، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی كێشه‌كانداین، له‌ به‌رامبه‌ریشدا خۆشبه‌ختانه‌ حكومه‌تی توركیاش گه‌یشتۆته‌ ئه‌و باوه‌رِه‌ كه‌ ده‌بێت كێشه‌كان له‌ رێگه‌ی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ به‌ ئه‌نجام بگه‌ن، به‌داخه‌وه‌ له‌م ماوانایه‌ی دواییدا چه‌ند كێشه‌یه‌ك روویاندا به‌لاَم ئومێده‌وارین كاریگه‌ری سلبین به‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی كرانه‌وه‌ی حكومه‌تی توركیا به‌رِووی كوردا نه‌بێت، بێگومان هه‌ركاتێك كێشه‌ له‌سه‌ر سنوور ده‌بێت له‌ به‌رامبه‌ردا كارو به‌رچه‌كرداریش ده‌بێت هه‌ندێك جار له‌لایه‌ن ئێران و هه‌ندێك جاریدیكه‌ش له‌لایه‌ن توركیا وه‌ ده‌بێت، ئێمه‌ هیواخوازین ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌ رێگه‌ی ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ته‌واوی كێشه‌كانی دیكه‌ رزگارمان بێت، پرۆسه‌ی تۆپبارانكردنی ناوچه‌ سنوورییه‌كان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك لای ئێمه‌ ره‌تكراوه‌یه‌.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراقدا سه‌رۆك بارزانی روونیكرده‌وه‌ كه‌ ئێستا شاندی كوردی له‌ به‌غدایه‌و چاوی به‌ كوتله‌كانی دیكه‌ كه‌وتووه‌، پێشمان وایه‌ ده‌بێت حكومه‌تی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌تی نیشتمانی پێكبهێنرێت، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هیچ هاوپه‌یمانییه‌تییه‌ك نین له‌سه‌ر حیسابی لایه‌نێك پێكبهێنرێت و دووپاتیشی ده‌كه‌ینه‌وه‌ ده‌بێت حكومه‌ت به‌ به‌شداری ته‌ولوی كوتله‌ براوه‌كان پیكبهێنرێت بێ ئه‌وه‌ی هیچ كوتله‌یه‌ك په‌راوێز بخرێ.
له‌ باره‌ی پلانی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رۆك بارزانی دووپاتیكرده‌وه‌: ئێمه‌ زۆر گرنگی به‌ كه‌رتی وه‌به‌رهێنانی میسری ده‌ده‌ین، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌رێش وه‌زیری وه‌به‌رهێنانی میسری و شاندێكی گه‌وره‌ی ئه‌و ولاَته‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد له‌ میانه‌ی سه‌ردانیه‌كه‌یشیاندا بارودۆخی وه‌به‌رهێنانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر كرده‌وه‌، بۆیه‌ ده‌كرێ ئێمه‌ له‌ رێگه‌ی ئه‌و سه‌ردانییه‌وه‌ به‌ دواداچوون له‌سه‌ر بارودۆخی وه‌به‌رهێنانی میسری له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین و پێشوازیشی لێده‌كه‌ین.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ دواكه‌وتنی واده‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق سه‌رۆك هه‌رێم جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ و گوتی: ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌ دواكه‌وتنی واده‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق نیگه‌رانین و به‌لاَم هه‌وڵه‌كانیش بۆ پێكهێنانی به‌رده‌وامن و كوتله‌ سیاسییه‌كانیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ دانووستانه‌كانیان درێژه‌یان هه‌یه‌، دووپاتیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ هاوپه‌یمانی كوردستانی به‌شێكه‌ له‌ چاره‌سه‌ر كدرنی كێشه‌كان و به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش نابینه‌ به‌شێك له‌ درووستكردنی كێشه‌كان.
له‌ باره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عێراق و هه‌ڵوێستی كورد سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌تی نێوان هه‌ردوو ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاساو كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم مسعود بارزانی گوتی: پێم وایه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی دیموكراسیانه‌ به‌رِێوه‌چوو، سه‌ره‌رِای هه‌ندێك كه‌م وكورِی به‌لاَم به‌گشتی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی من زۆر باش بوو، بێگومان پێكهێنانی هه‌ر هاوپه‌یمانییه‌تییه‌ك له‌ نێوان ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاساو كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه‌ یاخود له‌ نێوان هه‌ر كوتله‌یه‌كی دیكه‌ بێت ئێمه‌ دچی نابین به‌ڵكو پشتگیری ده‌كه‌ین به‌لاَم به‌مه‌جێك نابێت كوتله‌كانی دیكه‌ په‌راوێز بخرێن.
ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری به‌ستنی لووتكه‌ی عه‌ره‌بی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵی 2011 سه‌رۆكی هه‌رێم رایگه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه‌ پێشوازی له‌ به‌ستنی لووتكه‌ی عه‌ره‌بی بكات له‌ ساڵی داهاتوو، هه‌موو تواناكانیش له‌ ژێر مامه‌ڵه‌ی كۆمكاری عه‌ره‌بی و لووتكه‌ی عه‌ره‌بیدا ده‌بێت، پێشتریش كۆنگره‌ی په‌رله‌مانیانی عه‌ره‌بی به‌هۆی خراپی بارودۆخی ئه‌منی به‌غدا له‌ هه‌ولێر به‌سترا، ئومێده‌واریشین بارودۆخی ئه‌منی به‌غدا باش بێت بۆ ئه‌وه‌ی پێشوازی له‌ به‌ستنی لووتكه‌ی عه‌ره‌بی بكات به‌لاَم ئه‌گه‌ر داواكرا ئه‌وكات هه‌ولێر ئاماده‌ ده‌بێت پێشوازی لێبكات.
له‌ باره‌ی رۆڵی پێشمه‌رگه‌ له‌ پراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری، سه‌رۆك بارزانی دووپاتیكرده‌وه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌شداره‌ له‌ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری ئاماده‌شه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو یه‌كه‌كانی سوپای عێراقی و پۆلیس عێراقی هاوكاری بكات بۆ پاراستنی ئاسایشی هه‌ر پارێزگایه‌كی عێراقی و هه‌ر ناوچه‌یه‌ك له‌ ناوچه‌كانی عێراق و ده‌شتوانێ رۆڵی ئیجابیانه‌ی خۆی له‌ پاراستنی گیان و ماڵ و حاڵی هاولاَتیان بگێرِێ.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد- توركیا سه‌رۆكی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌دا له‌گه‌ڵ سه‌ردانییه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی بۆ توركیا كه‌ به‌سه‌ردانێكی فه‌رمی سه‌ردانی ئه‌و ولاَته‌ی كرد په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كوردو توركیا پێی نایه‌ قۆناخێكی نوێ، گوتیشی ده‌توانم بڵێم ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كان به‌و په‌رٍی باشی تێپه‌رِ ده‌بن.
سه‌رۆك بارزانی هه‌موو ئه‌و قسه‌و ده‌نگۆیانه‌یشی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ باس له‌ په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئیسرائیل ده‌كه‌ن، دووپاتیشی كرده‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به‌ حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌ هه‌یه‌. گوتیشی ئه‌م پرسیاره‌ ماندووی كردووم وه‌لاَمیشی ناده‌مه‌وه‌ به‌ دڵنییایه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌ له‌ به‌غدا ، هه‌رێمی كوردستان به‌بێ په‌یوه‌ندی نێوان به‌غداو هه‌ر ولاَتێكی دیكه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هیچ حكومه‌تی|َك نابه‌ستێ.
جێی باسه‌ له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا له‌وه‌لاَمی پرسیاری رۆژنامه‌نووساندا به‌كوردی قسه‌ی كرد، گوتیشی ئه‌مه‌ گۆرِانێكی گه‌وره‌یه‌ من له‌ ناوباره‌گای كۆمكاری ولاَتانی عه‌ره‌بی به‌ كوردی قسه‌ بكه‌م.

-pukmedia
Top