ئەركەكانمان بۆ پاراستنی گۆی زەوی

ئەركەكانمان بۆ پاراستنی گۆی زەوی


وڵاتانی جیهان لە (22) ی نیسانی هەموو ساڵێك یادی رۆژی جیهانیی زەوی دەكەنەوەو، چیرۆكی ئەم رۆژە لەوەوە دەست پێ دەكات كە لەو رۆژەی ساڵی (1970)دا، نزیكەی (20) ملیۆن كەس لە تەواوی ئەمریكادا بەسەركردایەتی سێناتۆر (گایلۆرد نیلسۆن) خۆپیشاندانیان كرد، بۆ دەرخستنی مەترسییەكانی پیسبوونی ژینگە، بەهۆی كارگە پیشەسازییەكانەوە.
خۆپیشانداندەران داوای دامەزراندنی ئاژانسی پاراستنی ژینگەو دەرچوونی یاساكانی پاراستنی ژینگەیان دەكرد، كە دواجار كۆنگرێس هەردوو داواكانیانی پەسەند كرد، ئەم رۆژەش لە ئەمریكادا بوو بە رۆژی زەوی، لەدواییشدا نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژی (22)ی نیسانی هەموو ساڵێكی كردە رۆژی زەوی، بۆ گشت جیهان.
ئەم راگەیاندنەش ددانپێدانانێكە بەو راستییەی كە زەوی و سیستمە ئیكۆلۆژییەكەی، سەرچاوەی سەرەكیی ژیان و بژێویی گشت دانیشتووان و گیانلەبەرانە.
هەروەها ددانپێدانانێكە بە بەپرسیارێتیی گشتی، كە راگەیاندنی كۆنگرەی زەوی لە (ریۆدی جانیرۆ) لە ساڵی (1992) داوای كردووە، بۆ زیاتر تەبایی و كۆك بوون لەگەڵ سرووشت و زەویدا، لە پێناو دابینكردنی هاوسەنگییەكی دادپەروەرانە لە نێوان پێداویستییە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی نەوەكانی ئێستاو داهاتوو.
وەك وەبیرهێنانەوەیەكیش لە ساڵی (2013) لە رۆژی جیهانیی زەویدا، (بان كی مۆن) سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی: «رۆژی جیهانیی دایكەزەوی دەرفەتێكە بۆ دووبارە جەختكردنەوە لە بەرپرسیارێتیی هەموومان، بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ سرووشتدا، لەو كاتەی كە هەسارەكەمان رووبەڕووی مەترسیی گۆڕانی كەشوهەواو خراپ بەكاربردنی دەرامەتەكان و زۆر كێشەی دیكە دەبێتەوە، كە دەستكردی مرۆڤەكانن، بۆیە كاتێك دەبینە هەڕەشە لەسەر هەسارەكەمان، ئەوسا خۆمان ئەم ماڵە تاقانەیەی خۆمان دەرووخێنین، با بە بۆنەی ئەم رۆژە جیهانییەوە پەیمان تازە بكەینەوە و رێز لەم دایكەزەوییەمان بگرین».
بۆ یادكرنەوەی ساڵانەی رۆژی زەوی، نەتەوە یەكگرتووەكان دروشمی جیا جیا هەڵدەبژێرێت، لەپێناو هاندانی ملیۆنەها كەس لە دانیشتووانی گۆی زەوی، بۆ بونیادنانی ژینگەیەكی تەندروستی بەردەوام، لە رێگەی سەوزكردنی كۆمەڵگەكان لەسەرتاسەری جیهاندا، چونكە ئەمڕۆ نیوە زیاتری دانیشتووانی جیهان لە نێو شارەكاندا دەژین، بۆیە لەگەڵ زیادبوونی دانیشتووان و ئاسەوارەكانی گۆرانی كەشوهەوادا، پێویستە ستایلی ژیانیش لە نێو شارەكاندا بگۆڕێن، بەئاراستەی سەوزكردن.
لەم بۆنەیەی رۆژی زەویدا، ئێستا كاتی وەبەرهێنانە لە بواری وزە نوێبوەوەكان و، دووبارە بونیادنانەوەی شارو شارۆچكەكانمان و، دەستكردن بە چارەسەركردنی كێشەی كەشوهەوا، بۆ ئەوەی لەماوەیەكی كورتداو، بە جووڵەیەكی خێرا، ئاسەواری باشی ئەم گۆڕانكارییە دەربكەوێت.
لە (22)ی نیسانی هەموو ساڵێكدا نزیكەی یەك ملیار كەس لە (190) دەوڵەتدا، لە رێگەی چاندنی نەمام و پاككردنەوەی نێو شار و پەیوەندیكردن بە نوێنەرەكانیانەوە، زۆر چالاكیی دیكەی ژینگەپارێزانە، بۆنەی رۆژی زەوی بەرزو زیندوو رادەگرن.
ساڵانە لەم بۆنەیەدا تیشك دەخرێتە سەر كێشەو رێگرییە كۆن و نوێیەكان، بەتایبەت مەسەلەی دەركەوتنی زیانە زۆرەكانی گردبوونەوەی دانیشتووان لە شارەكانداو، چۆڵكردنی گوند و لادێكان، بۆیە لەگەڵ دەركەوتنی زیانە گەورەكانی گۆڕان لە كەشوهەوادا، پێویستە ئێمەش لە كوردستاندا ئەم هەنگاوانە بەئەركی خۆمان بزانین:
1- بەخۆداچوونەوە بەو شێوازە هەڵەیەی ژیانكردن، كە زۆرێك لە مرۆڤەكان ئالوودەی بوون.
2- گرنگیی گەڕانەوە بۆ نێو سرووشت و، هەڵسوكەوتی هاوڕێیانەی مرۆڤ لەگەڵ سرووشتدا.
3- هەوڵدان بۆ پەرەپێدان بە كولتووری سەوزكردن و چاندنی زانستییانە.
4- كەم بەكارهێنانی ئۆتۆمۆبیل و بایەخدان بە پایسكل و پیادەڕۆیی.
5- باش بەكارهێنانی ئاو و دووركەوتنەوە لە زیادەڕەوییكردن لە بەكارهێنانیدا.
6- چاوخشاندنەوە بە دیزایینی شارەكان و، گۆڕینی وەبەرهێنانیش بۆ وەبەرهێنانی ژینگە دۆستی.
7- سیاسەتێكی نوێی ژینگەپارێزانەی بەردەوام پەیڕەو بكەین، سەبارەت بە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت وغازو، ژمارە و جۆر و قەبارەو شوێنی پاڵاوگە نەوتییەكان.
8- هەوڵدانی بەردەوام بۆ ئامادەكردنی تاك و كۆمەڵگەیەكی بەرپرسیار، لە رێگەی هۆشیاریی و یاساپارێزییەوە.
هەر لەم بۆنەیەدا گرنگە هاوكاریی نێودەوڵەتیی بگاتە ئاستێكی باڵای ئەوتۆ، كە دەوڵەتان پێكەوە بە هاوبەشی و بەرپرسیارانە هەوڵەكانیان یەك بخەن، بۆ پاراستنی زەوی، بەتایبەت لەم رۆژەدا كە كۆبونەوەی ئۆنڵاینی لوتكەی سەركردەكانی جیهانی تێدا ئەنجام دەدرێت، بۆ دانانی پلانی نوێ، بۆ رووبەڕوبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا و مەترسییەكانی گەرمداهاتنی زەوی.
Top