غەفوور مەخمووری

غەفوور مەخمووری

نووسەر و سیاسەتوان غەفوور مەخمووری دوو كتێبی ناوازەی بە چاپ گەیاندووە و بەم دواییە خستوونیەتە بەردەستی خوێنەران، هاوكارمان لوقمان ڕەشیدی ئەركی دیزاین و بەرگەكەیانی ئەنجام داوە. كتێبی یەكەمی كە چاپی دووەمیەتی بە ناوی «هەگبەی مەخمووری»یە، قەبارە گەورە و (300) لاپەڕەیە، كۆبەرهەمێكە بە سەر چەندین بواری ئەدەبی و كولتووری و سیاسی و هزری و ڕۆشنبیریی گشتیدا دابەش بووە، لەوانە: (سەرەتایەك بۆ حەیران و كورتەیەك لە ژیانی حەمەد بەگی)، (بناری قەرەچووغ) كە كۆمەڵێك حەیران و هۆنراوەی لەخۆگرتووە، هەروەها (سێ تیشك لە پەنجەرەی شیعرەوە) هەڤپەیڤینە لەگەڵ چەندین شاعیر، (حەیران، چەمك – ناوەڕۆك - سەرهەڵدان)، ( عومەرخامۆش- كۆشیعر)، وتار: گوڵبژێرێكە لە وتارە ئەدەبییەكانی نووسەر. هەر لەم كتێبەداجەخت لەوە دەكاتەوە كە فۆلكلۆر بەشێكە لە ڕابردووی هەر نەتەوەیەك و لە ڕێی فۆلكلۆرەوە دەتوانیت ڕابردووی نەتەوەكەت ببینیت، نەتەوەی كوردیش وەكو هەموو نەتەوەكانی دیكە خاوەن ڕابردووی خۆیەتی و ڕۆڵێكی كارای هەبووە لە بیناكردنی شارستانیەتی ڕۆژهەوڵاتی ناڤیندا، حەیران و لاوك و چیرۆك و داستان و بەیت و هەقایەت و ئەفسانە كوردییەكان زۆر لایەنی ژیانی كۆمەڵگەی كوردەواریی ئەو سەردەم دەخاتە ڕوو. پێداگرییش لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئێمەی كورد پێویستمان بە سەنتەرێكی كۆكردنەوە و بەدواداچوون و ساخكردنەوەی تێكستە فۆلكلۆرییەكان هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین بە لایەنی كەم ئەم تێكستانە لە فەوتان ڕزگار بكەین و، دواتریش بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیان بۆ بكەین. نووسەر پێی وایە كە میدیای كوردستان دەتوانێت ڕۆڵێكی كارا ببینێت لە بایەخدان و زیندووكردنەوەی فۆلكلۆری كوردی، بەڵام بە داخەوە ئەو میدیایە هەوڵی شێواندنی فۆلكلۆری كوردیی داوە و وەك پێویست خزمەتی بە بوارەكە نەكردووە.
كتێبی دووەم كە بە زمانی عەرەبییە و چاپی دووەم و زیادكراو و بژاركراوەیە بە ناوی «الصراحة - حوارات حول القضیة الكوردیة»، بریتییە لە كۆمەڵە دیدار و چاوپێكەوتنی ڕۆژنامەوانیی نووسەر لەگەڵ ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەكانی كوردی و عەرەبی و بیانی، ئەو وتارانە ڕەنگدانەوەی دیدگای كوردیین بۆ كێشە سیاسییەكان و ململانێ و ناكۆكیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردی و ئابڕووبردنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستیی داگیركەرانی كوردستان لە هەمبەر گەلی كوردستان، جگە لە شرۆڤەكردن و خستنەڕووی بارودۆخی سیاسی و دۆزینەوەی چارەسەر و دەستنیشانكردنی كێشە سیاسییەكان.شایانی باسە ڕۆژی 18/2/2021 لە ڕێوڕەسمێكدا هەردوو كتێبەكەی نووسەر ناسێندران و، پێشكەش بە ئامادەبووان كران.
پیرۆزبایی لە نووسەرو سیاسەتوان غەفوور مەخمووری دەكەین. هیوای سەركەوتن و بەرهەمی زیاتری بۆ دەخوازین.
Top