پرۆسەی سیاسی دوای هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراق
June 26, 2018
وتار و بیروڕا
ئەوەی كە پەیوەستە بە حەیدەر عەبادییەوە، ئەو شكستی هێناو شانازی ئەوەشی دەكرد كە عێراقی لە داعش و هەرەسی ئابووری رزگاركردووە، هاوكات رووبەڕووی گەندەڵی و گەندەڵكاران بۆتەوە، لەوەش گرنگتر وای بۆ دەچوو كە عێراقی لە مەترسیی دابەشكردن رزگاركردووە، لەگەڵ ئەوەی كە رزگاركردنی عێراق لە داعش نەدەهاتەدی ئەگەر هێزەكانی پێشمەرگە نەبوایە كە ئەفسانەی داعشیان تێكشكاند.
موقتەدا سەدر لەم هەڵبژاردنەدا لە ئاكامی ئەو هاوپەیمانییەی پێكیهێنا بە ناوی (سائرون) سەركەوتنی بەدەستهێنا، ئەو هاوپەیمانییە لە چەند حزبێكی سیاسیی مەدەنی پێكدێت دیارترینیان حزبی شیوعی عێراقییە، رەنگە خوێنەر بپرسێت نهێنیی ئەو سەركەوتنە چییە؟ بێ گومان موقتەدا سەدر كەسایەتییەكی كاریزمایە چونكە سەر بە بنەماڵەیەكی دێرینی عێراقی و ئاینییە كە بە ئال سەدر ناسراوە، یەكێك بووە لە سەرسەخترین بەرهەڵستكار دژی بوونی ئەمریكییەكان لە عێراق، دوای ساڵی 2003 سوپای مەهدی دامەزراند، شەڕوشۆڕ لەنێوان لایەنگرانی لە سوپای مەهدی و لەنێوان سوپای ئەمریكا روویدا، لە ساڵی 2007 پڕۆژەیەكی نیشتمانی راگەیاند تێیدا داوای دەوڵەتێكی مەدەنیی عێراقی كرد دوور لە دەستتێوەردانی دەرەكی، دیارترین ناوەڕۆكی ئەم پڕۆژەیە وەستان بوو دژی دەستتێوەردانی ئێران، من كاتێ سەردانی نەجەفم كرد دەربارەی ئەو پرۆژە نیشتمانییە قسەم لەگەڵدا كرد، داوای لە ئێمە كرد لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە پشتگیریی بكەین لەم پرۆژەیە بۆ رزگاركردنی عێراق لە تایفەگەری و پشكپشكێنەو گەندەڵی، بەغداش بۆ یەكەم جار خۆپیشاندانی دژواری بەخۆیەوە دی كە دروشمی(ئێران بۆ دەرەوەو بەغداش ئازادە)یان دەگوتەوە، ئەم دروشمە كاریگەریی زۆری لە شەقامی عێراقی هەبوو، خاڵێكی گۆڕانگاری بوو دوای 15 ساڵ لە مێژووی پرۆسەی سیاسیی دیموكراسیی عێراق، ئەم خاڵە گرنگترین هۆكارە كە وای كرد لەم هەڵبژاردنەی ئەم دواییە سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت، ئەوەندەی نەبرد سەدر لەگەڵ فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری هاوپەیمانیی پێكهێنا، ئەم هاوپەیمانییە لە ئێرانەوە بەسەریدا سەپێنرا، واتا لە ترسان نەك بە حەزی خۆی لەسەری رازی بوو، بە مەرجی ئەوەی كە ئێران هیچ كەسایەتییەك لە حزبی دەعوە كاندید نەكات، بۆیە ئەو هاوپەیمانییە هیواو ئامانجی عێراقییەكانی لەباربرد لە رووی رەوتە مەدەنی و دیموكراسییەكان و چینی رۆشنبیر كە زۆر ئومێدیان لەسەر سەدر هەڵچنیبوو.
پێكهێنانی هاپەیمانییەكان و گومانبردن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراقیش هەر بەردەوامن، هەندێك سەركەوتنی خۆی راگەیاندووە بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە،هەندێكی دیكە چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەیە دوای شكستهێنانی سیستەمی ئەلیكترۆنی، هەندێكیش هەن دەیانەوێت هەڵبژاردن دووبارەبكرێتەوە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان، پرۆسەی سیاسی لە قۆناغێكی مەترسیدایە، چەند رۆژێك ماوە بۆ كۆتایی خولی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران، دواتر عێراق دەكەوێتە بۆشاییەكی دەستوورییەوە، سەیرە دادگای فیدڕاڵی كە زوو دەستتێوەردانی لە گشتپرسیی كوردستاندا كرد لەگەڵ ئەوەی كە گشتپرسی سەد لە سەد پرۆسەیەكی دیموكراسیی شارستانی بوو، بەڵام بێدەنگییەكەی لە چارەنووسی عێراق هەڕەشەی هەرەسهێنانە، عەبادیش دەركی بە مەترسیی رەوشەكە كردووە و داوای كۆبوونەوەیەكی كردووە دوای جەژن بۆ باسكردنی ئەو بارودۆخە ئاڵۆزە، بە تایبەتیش كە وڵات بۆ یەكەم جارە دەكەوێتە بۆشاییەكی دەستوورییەوە، چەندین پێشنیاریش هەیە كە دەكرێ گفتوگۆیان دەربارە بكرێت، یەكەمیان درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ماوەیەكی كەم وەك ئەوەی لوبنان، ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە، پێویستیشی بە هەمواركردنەوەی دەستوور هەیە، ئەمەش دیسان پێویستی بە گشتپرسیی گەل هەیە، هەرچەندە ناشكرێت لەبەرئەوەی كاتی تەواو نییە، پێشنیاری دووەم دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەمەش پێویستی بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵییە، دوای چاوخشاندنەوە بە كاری كۆمسیۆن و ئەو تانانەی لە دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران باسكران، چونكە لە 9-6-2018 كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەبەردەم دادگای فیدڕاڵی تانەی لە هەمواركردنی سێیەمی یاسای ژمارە(45)ی ساڵی 2013ی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دا، كە ئەنجومەنەكە لە 6-6-2018 دەریكردبوو، دادگاكەش هیچ شتێكی دەرنەكرد و دووپاتی كردەوە كە كۆمسیۆن تانەی لێدراوە، هەروەها هیچی دەرنەكرد تایبەت بە كاری ئەنجومەنی باڵای دادوەری كە بە بڕیارێكی هەڵەی ئەنجومەنی نوێنەران هاتە شوێنی كۆمسیۆن، ئەمەش پێچەوانەی دەستوورو پەیڕەوی ناوخۆو یاسای كۆمسیۆنە، پەرلەمانیش مافی نییە دەنگی دەنگدەران هەڵوەشێنێتەوە، چونكە دەنگدان مافی دەستوورییانە و هەر دەنگدەرانیشە كە شەرعییەتیان بە پەرلەمان داوە.
پێویستە ئاماژە بە چەند خاڵێكی گرنگ بكرێت: دەسەڵاتی پەرلەمان نییە كە بڕیار دەربكات، ئەمەش بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی هاتووە، كەواتە ئەگەر ئەو بڕیارە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەو بێت، دووەم شت:دەسەڵاتی پەرلەمان نییە دەستوەربداتە كاروباری دادوەری، چۆن داوا لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەكات شوێنی كۆمسیۆن بگرێتەوە؟ بۆیە پێویست بوو لەسەر دادگای فیدڕاڵی فەرمانێكی وەلائی دەربكات بە راگرتنی هەمواركردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان ژمارە(45)ی ساڵی 2013، بەڵام ئەوەی نەكرد لەبەر فشاری سیاسی و گرێبەستی سیاسیی نێوان دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و حكومەت، بە راشكاویش دەڵێم لەنێوان عەبادی و سەلیم جبوری، سێیەم: دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و ئەوانەیشی كە لەم هەڵبژاردنە دەرنەچوون بە توندی سووربوون كە كۆمسیۆنە كۆنەكە بگۆڕن، بە تایبەتیش هەندێ حزبی كوردستانی كە بەشدارییان لەم بڕیارەدا كرد، چونكە نوێنەریان لە كۆمسیۆنەكەدا نییە، هەروەها چونكە سەرۆكەكەی لە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، هاوكات نوێنەرێكمان هەبوو لە كۆمسیۆنە تازەكە، بەڵام ئامادەنەبوونی ئێمەیان لە بەغدا قۆستەوە چونكە بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانمان كردبوو بەهۆی بڕیارە سیاسییە ستەمكارەكانی دژی گەلی كوردستان بە هۆكاری گشتپرسی، ئەوان بە نوێنەرێكی دیكە گۆڕیانەوە كە سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە، حزبە كوردستانییەكانی دژ بە گشتپرسیش لە بەغدا بوون و خەریكی بەدەستهێنانی پۆست بوون لەجیاتی بەشداریكردن لە وەها بۆنەیەكی نیشتمانیی مێژوویی، لەگەڵ ئەوەی نوێنەرمان لە كۆمسیۆنەكە نەبوو، بەڵام سەركەوتنی گەورەمان بەدەستهێنا، هەموو حزبە سەرەكییەكان نوێنەریان هەبوو، تەنانەت سەرۆكی كۆمسیۆنیش سەر بە كۆمەڵەكەی سەلیم جبوری بوو، بەڵام هیچ كورسییەكی لە پەرلەمان نەهێنا.
هەمواركردنی یاسایەكە بەسەر ئەندامان دابەشنەكرا، سێیەم: ناكرێ دەنگ لەسەر شتێك بدرێت كە ناوەڕۆكەكەی نەزانرێت، چوارەم: ناكرێت بڕگەی تازە لەكاتی دەنگدان زیادبكرێت،هەندێ پەرلەمانتاری فراكسیۆنە كوردستانییە ناڕازییەكان بڕگەیەكی تازەیان زیادكرد كە بریتی بوو لە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت، پێنجەم: رێگە بە كەس نەدرا پەڵپ بگرێت یان خاڵی سیستەم ئەنجامبدات، بەڵكو دەستەی سەرۆكایەتی پەلەی بوو تاكو یاساكە تێپەڕێنێت پێش كۆتایی ماوەكە، بەڵگەش ئەوە بوو كە لە ماددەی(8) بڕگەیەكیان لە هەمواركردنی سێیەم زیادكرد( ئەم یاسایە لە رۆژی دەنگدان لەسەری جێبەجێ دەكرێت) ئەمەش تاكو پێویستی بە رەزامەندیی سەرۆكایەتیی كۆمار نەبێت، چونكە رەتدەكرێتەوە، ئەمەش پێویستی بە(15) رۆژە، هەرچەندە هەر یاسایەك دەربچێت لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە سەرۆكایەتیی كۆمار مافی رەتكردنەوەی نییە، ئەمەش لەو هەڵە كوشندانەیە كە سازانی سیاسیی وڵات لەبەین دەبات، هەموو یاساكان دوای (15) رۆژ جێبەجێدەكرێن هەتا ئەگەر سەرۆكایەتیی كۆمار رازیش نەبێت، لێردەدا لاوازیی ئەو پۆستە دەردەكەوێت، شەشەم: ئایا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان داوای رەزامەندیی حكومەتی كرد لەسەر ئەم هەمواركردنە، واتا گۆڕینی سیستەمی ئەلیكترۆنی، كە سەدان ملیۆن دۆلار لەسەر حكومەت كەوتووە بۆ سیستەمی جیاكردنەوەی دەستی، بە دڵنیاییەوە داوای نەكردووە، چونكە كات رێگە نادات، هەرچەندە عەبادی رازی بوو چونكە هەماهەنگی هەبوو لەنێوان هەردوو لادا، لە راستیدا لەگەڵ هەموو ئەو سەرپێچی و تانانەی دژی پەرلەمان پێشكەشكراون دادگای فیدڕاڵی لێیان بێ دەنگ بووە، ئەمەش وایكرد كە پەرلەمان بڕیاری ستەمكارانەی سیاسی دەرحەق پرۆسەی سیاسی دەربكات، بۆیە ئێمە لە فراكسیۆنی خۆمانەوە بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراقمان كرد، چونكە ئامادەنین بەشداری لە هەڵە كارەساتبارە مێژووییەكانی ئەنجومەندا بكەین،حەوتەم:ئەم كۆمسیۆنە سەركەوتوو نەبوو، هۆكارەكەش ئەوەیە كە بەپەلە پێكهێنراو راهێنانیان نەكردبوو و بە تەواوی فێرنەبووبوون، بۆیە سەرپێچی و ساختەكاری روویدا، هەشتەم: سیستەمی ئەلیكترۆنی بە تەواوی شكستی هێنا، بۆیە بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو لە كوردستان رەتكرایەوە لە ترسی كەموكوڕی و ساختەكاری، نۆیەم:ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ژماردن و جیاكردنەوەی دەنگەكان بە دەست و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان ناترسین، چونكە جەماوەری نیشتمانپەروەری خۆمان هەیە كە بە قەناعەتەوە دەنگ دەدات، بەڵكو ستەمێكی گەورەمان لێكرا لە دەنگدانی زۆر ناوچەی وەك موسڵ بە تایبەتیش لە شنگال، ئەگەر وردبینی و دەستپاكیی راستەقینە و چاودێریی بەهێز لە هەڵبژاردنەكاندا هەبووایە كورسیی زیاترمان دەبوو، پەرلەمانی عێراقیش بەرپرسیارێتیی ئەم بێ سەروبەری و ئاژاوەی لە ئەستۆدایە، كە بەپەلە ئەو كۆمسیۆنەی بۆ بەرژەوەندیی هەندێ حزب و كەسایەتی پێكهێنا كە لە كۆتاییدا شكستی هێنا، دەیەم: ئەوانەی دژی گشتپرسی وەستانەوە لە حزبە كوردستانییەكان هەمان ئەوانە ئەمڕۆ داوای هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت دەكەن، ئەمەش تاوانێكی ئاشكرایە دژ بە پێشمەرگە كە بە گیانی خۆیان بەرگرییان لە كوردستان كرد، ئەگەر ئەوانە راستگۆ بوونایەو كەمترین غیرەتیان هەبوایە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتی هێزەكانی عێراقیان دەكرد، بەڵام چونكە ئامانجی سەرەكی ئەو حزبانە تەنیا وەستان بوو دژی داخوازییەكانی گەلی كوردستان، هەروەها دژی گشتپرسی و قوتی خەڵك و بوودجە وەستانەوەو پێشمەرگەشیان بە میلیشیا ناودەبرد لە شەڕی داعش، لەگەڵ چەندین هەڵوێستی دیكەی نابەجێ كە مێژوو لەبیریان ناكات.
دەستەی سەرۆكایەتی و ئەو پەرلەمانتارانەی كورسییەكانیان دۆڕاندبوو لەو قەناعەتەدا بوون كە ئەم جۆرە بڕیارانە هەڵەن، بەڵام ئامانجی ئەوان ئەوە بوو كە عێراق بخەنە نێو قەیران و ئاژاوەو بۆشایی دەستوورییەوە، بۆیە پێموایە كە هۆكاری بێدەنگیی دادگای فیدڕاڵی بۆ ئەوەیە كە چاودێریی سیاسیی بارودۆخەكە بكرێت نەك یاسایی، تاكو بگاتە قەناعەتێك دواتر لە رووی سیاسییەوە بڕیاربدات، نابێ فشارە سیاسییەكانی ناوخۆو دەرەوە بۆ سەر دادگاكە لەبیربكەین، دیارە ئەو دیالۆگەی دوای جەژن لەسەر داوای عەبادییە قەناعەتی دادگای فیدڕاڵی دەگۆڕێت.
سەرۆك بارزانی چاك دەركی بەوە كردبوو و دەیزانی كە پرۆسەی سیاسی رێڕەوەی راستیی خۆی لەدەستداوە، بە ئاراستەیەكی مەترسیداردا دەڕوات، بۆیە داوای لە سەركردە سیاسییەكان كرد كە بكەونە گفتوگۆی جیددییەوە بۆ راستكردنەوەی ئاراستەی ئەم پرۆسەیە، بەڵام بێ سوود بوو، وایانزانی كە ئەم داواكارییە بۆ ئامانجی سیاسی و حزبییە، نازانن رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت، ئەوان پشتیان لە داواكەی بارزانی كرد، بۆیە پرۆسەی سیاسی كەوتە نێو تونێڵێكی تاریكەوە، پرۆسەی سیاسی لار بۆتەوە چونكە هەر لە سەرەتاوە بە ئاراستەیەكی خواردا گوزەریكرد، لەبەر ئەوە تەنیا بەوە راست دەبێتەوە كە بگەڕێینەوە ئەو خاڵەی كە لێیوە دەستمان پێكرد دوای رووخانی رژێم لە ساڵی 2003، داعش پەیدابوو و ماعش شوێنی گرتەوە، گەندەڵكاران هاتنە مەیدانەوەو تایفەگەران دەستیان بەسەر كاروباردا گرت، ئەنجومەنی نوێنەران بوو بە یانەیەك بۆ گرێبەستی سیاسی و بەئامانجگرتنی كەسایەتییەكان و موزایەداتكردن، ئەنجومەن هەیبەتی خۆی لەدەستدا، بوو بە بووكەڵەیەك بەدەست تاقمێكی كەمەوە كە لە رێی ئەنجومەنەوە مەرامی كەسیی و سیاسیی خۆی وەدی بهێنێت، وەلابوون بۆ حزب و تایفەو نەتەوەو دەوڵەت و كەسایەتییەكان شوێنی وەلابوون بۆ نیشتمانی گرتەوە، كاتێكیش ئینتیما بۆ نیشتمان لەق دەبێت، وڵات دەكەوێتە دەست هەندێك كە بە ئارەزووی خۆیان پەخشان و تەخشانی پێدەكەن، بۆیە هاووڵاتیش هیچ ئومێدێكیان نەماوە و هیواخوازن وڵات بەجێبهێڵن بۆ ئەوەی بحەسێنەوەو هەست بە ئارامی و سەقامگیری بكەن، كاتێكیش بارزانی بێئومێد بوو لە چاكسازیی پرۆسەی سیاسی و بینی كە دەستوور بە ئاشكرا پێشێلدەكرێت و دامەزراوەكانی دەوڵەت بوونەتە دامەزراوەی حزبی و تایفەگەریی دژ بە گەلی كوردستان، كە نموونەمان زۆرە لێرە بواری باسكردنیان نییە، بارزانی پێشنیاری بۆ حزبە كوردستانییەكان كرد كۆببنەوە تاكو هەڵوێستیان رابگەیەنن سەبارەت بەوەی كە لە عێراق روودەدات و بەدوای ئەلتەرناتیڤێكدا بگەڕێن، زۆربەی حزبە كوردستانییەكان رێككەوتن كە رۆژی 25-9-2017 بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی دەستنیشان بكەن، بڕیاریش بوو كە ئەگەر داعش پەیدا نەبووایە لە ساڵی 2014 ئەنجامبدرایە. چاكترین شت كە بارزانی بۆ گەلەكەی كردی ئەنجامدانی گشتپرسی بوو، گشتپرسی بەو بڕوانامەیەی زانكۆ چوواند كە قوتابی بەدەستی دێنێت، كەی ویستی دابمەزرێت پێشكەشی هەر دامەزراوەیەكی دەكات كە كاری تێدا دەكات، ئێمە سەد ساڵە نەمانتوانیوە ئامانج و خواستی خۆمان رابگەیەنین، بەڵام ئەمجارە لە كۆتاییدا ئەم ئامانجەمان هاتەدی، ئەم گشتپرسییەمان نەكرد تا ئەو كاتەی عێراق گەیشتە قۆناغی بێئومێدی، قۆناغی سەختیی گوزەران لەو وڵاتەی كە تێیدا كلتووری رق و كینەو دوژمنایەتی باوە، ئێمە داوامان كرد كە بایكۆتی ئەو هەڵبژاردنەی دوایی بكەین یان بە لیستێكی یەكگرتوویی كوردستانی بەشداری بكەین، بەڵام حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی كوردستان كە - خەمیان تەنیا پۆستە- رازی نەبوون، بۆیە بە تەنیا بەشداریمان كرد، بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كەركووكمان كرد چونكە داگیركراوە، لەگەڵ ئەوەشدا كورسیی زۆرمان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق بەدەستهێنا، سەرباری ئەو سەركەوتنە گەورەیەی مسۆگەرمانكرد، داوا لە حزبە كوردستانییەكان دەكەین بێنە نێو گفتوگۆی جیددییەوە بۆ دانانی بەرنامەیەكی گرنگی وتووێژ لەگەڵ بەغدا، تاكو بتوانین دەستكەوتی زیاتر بۆ گەلەكەمان بەدەست بهێنین، هەروەها هاوسەنگی و سازانی سیاسی بگێڕینەوە، بەڵام دیارە ئەو گفتوگۆیەیان ناوێت و دەیانەوێت گومان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردندا بكەن، ئەم رەتكردنەوەیەش بەڵگەی شكست و مایەپووچیی سیاسییانە، جا بۆ ئەوەی یارمەتی گەلەكەمان بدەین كە زۆر مەینەتیی كێشاوە لە ئەنجامی سیاسەتی ناڕەوای بەغدا دەرحەق كوردستان، چاكتر وایە پەلەبكرێت لە پێكهێنانی شاندێكی باڵای سیاسیی كوردستانی و دەرگاش واڵا بكات لەبەردەم ئەوانەی دەیانەوێت تێیدا بەشداربن و پێكەوە بچنە بەغدا، تاكو بەشداری لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوودا بكەن.