عێراق لەنێوان ئینتیمای نەتەوەیی و ئینتیمای ئایدیۆلۆژیدا
November 13, 2017
وتار و بیروڕا
ئەوەی موقتەدا باسیکرد، تەکتیک نەبوو، بەڵکو قەناعەتی تەواو بوو کە قۆناخی دوای ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٧ شکستخواردوو بوو تایبەت بە پڕۆژەکەیان، بۆیە ئەو پڕۆژە نیشتمانییەیان راگەیاند کە ھەموو لایەک پێی رازی بن، کوردو سوننەو زۆر لە شیعە و پێکھاتەکانی دیکەی عێراق پێیان باش بوو، ھەر بۆیە دەبینین کە دەوڵەتانی عەرەبی بەتایبەتیش سعودیە وەک کەسیی گونجاو بۆ قۆناخی داھاتووی کرانەوە بەسەر عەرەب و بەتایبەتیش سعودیە لێی دەڕوانن، کەچی لایەنی دیکە واز لە قیبلەی ئایدیۆلۆژییەکەیان ناھێنن، بەڵکو شانازی پێوەدەکەن و پێیانوایە قیبلەی پێکھاتەی شیعەیە، لە راستیدا بە ھۆی ئەو قیبلەی ئایدیۆلۆژییەوە کەوتۆتە تونێڵێکی تاریکەوە، کێشکەش ئەوەیە کە ئەوان بەو عەقڵییەتە حوکمی عێراقیان کردووە کە بووە ھۆی کاولکردن و ھەرەسھێنانی ئابووریی وڵات و شکستی دامەزراوە سەربازییەکان و پەرتەوازەیی کۆمەڵگە، ھەرچەندە پێمانوایە قیبلەی راستەقینەی عێراق پێویستە ئەو دەوڵەتانە بن کە بڕوایان بە دیموکراسی و مەدەنییەت و مافی مرۆڤ و پێکەوەژیانی ئاشتییانە ھەبێت لەنێو پێکھاتەکانی وڵات.
بێگومان چینی سیاسی کە دوای ٢٠٠٣ حوکمی عێراقی کرد شکستخواردوو بوو، ئێستاو لە ئایندەشدا ھەر شکست دێنێت، ناتوانێ سەربکەوێت مادام لەسەر ئەو عەقڵییەتە سیاسییەی پێشووی بمێنێتەوە، کە رەھەندی ئایدیۆلۆژی بەسەر رەھەندی نیشتمانیدا زاڵە، رەھەندەکانی ئایدیۆلۆژی ھەڕەشە لە ئاستیی کۆمەڵگە دەکەن، تا کار گەیشتە ئەوەی کە ھاووڵاتی عێراقی لەسەر ناسنامەی ئایینی و مەزھەبی بکوژرێت، لەکاتێکدا عەقڵییەتی دیموکراسیی کۆمەڵگە پۆلێن ناکات، بە چاوی یەکسانی و دادپەروەری سەیری تاکەکان دەکات، کاتی ئەوە ھاتووە بڕیاری سیاسی بەدەستی گەلەوە بێت لەجیاتی ئەوەی بەدەستی چینێکی سیاسییەوە بێت کە شارەزاییان نەبێت و دەرەبەدەری دەرەوە بوون و بڕوانامەی باڵایان نییە کە شایانی سەرکردایەتیکردنی وڵات بن، ئەوانەی بڕوانامەشیان ھەیە دەستبەرداری ئایدیۆلۆژیەتی تەسکیان نەبوون و لە لایەنی سیاسی و ئیدارییەوە شکستیان ھێناوە.
کێشەی چینی حوکمڕانی عێراق بە تایبەتیش حزبی دەعوە وەک نوێنەری فەرمیی ئیسلامی سیاسیی شیعە ئەوەیە کە گرنگیی بە لایەنی ئایینی و مەزھەبی دەدات زیاتر لە لایەنی نیشتمانی، وا سەیری مەزھەب دەکات وەک بڵێی نیشتمانە، لەگەڵ ئەوەی کە نیشتمان لە ئایین و مەزھەب و نەتەوەش گەورەترە، مەبەستم لەوە ئەوەیە کە تاکەکان بڕوا بە ئایین دەھێنن لەناو ئەو نیشتمانە، چونکە نیشتمان جێی ھەموو ئایین و مەزھەب و نەتەوەکانی تێدا دەبێتەوە، بەڵام ئایین تەنیا بۆ ئەوانەیە کە بڕوایان پێیەتی، کاتێ ئیسلامی سیاسی دەیەوێت نیشتمانی گەورە بە ئایین و مەزھەب رەنگ بکات، زوو شکست دێنێت، چونکە یەک رەنگ قبوڵ ناکات، کاتێکیش بە زەبری ھێز یەکڕەنگی بەسەردا دەسەپێنرێت، نیشتمان دەبێتە بەندیخانەیەکی گەورە، کە بەندییەکان بە ھەر شێوەیەک بێت ئومێددەخوازن لێی دەرچن، ئەوەیە ئەو دیموکراسی و مەدەنییەتەی دەمانەوێت، بەڵام چینی سیاسەتوان نیشتمانیان کردۆتە بەندیخانەیەکی گەورە، ھاووڵاتی دەیەوێت لێی دەرچێت، کاتێ سەقامگیری و ژیان و کارەباو ئاوو کار و ئایندە نەبێت، بەڵکو بێکاری و کاولکاری و شەڕو میلیشیای نایاسایی ھەبن، دوای ئەو ھەموو شتانە داوا لە کورد دەکەن لەو بەندیخانە گەورەیەدا بمێننەوە، لەجیاتی ھەڵاتن بۆ نیشتمانی راستەقینە کە فرەڕەنگە، دیموکراسی و ئازادی و ئاسایش و کارو ئاوەدانی و پێکەوەژیانی تێدایە، سەرەڕای بڕینی بودجەو قەیرانی ئاوارەکان و شەڕی داعش، ناھێڵین لە کوردستان یەک رەنگ بەسەر نیشتماندا بسەپێنرێت، باخچەش بە فرەگوڵییەوە جوانە، ئەگەر بمانەوێت پارێزگاری لەوە بکەین، ئەوا ریفراندۆم باشترین چارەسەرە، کە تاکە رێگەیە بۆ پارێزگاریکردنی کوردستان لەو پەتایەی تووشی عێراق بووە.
با بگەڕێینەوە سەر باسەکە، سیاسەتوانانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەو دەرفەتەیان لەدەستچوو، دەیانتوانی دەوڵەتێکی دیموکراسی و مەدەنیی راستەقینە لە ناوچەیەک بنیادبنێن، کە ببێتە نموونەیەکی جوان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، چونکە دەستووری عێراق ھاوکارە و توانایەکی زۆریش لەبەردەستدا بوو، ھاوکات دەرفەت ھەبوو بۆ ئاشتبوونەوەی نیشتمانی لەنێوان پێکھاتەکانی عێراق، لەوانەش گرنگتر گەڕانەوەی کورد بۆ بەغدا، کە پێکھاتەی سەرەکین، ئەزموونیان لە حوکمڕانی و پیادەکردنی دیموکراسی و بەڕێوەبردنی دامەزراوە شەرعی و جێبەجێکردن و دادوەری و سەربازییەکان ھەیە، بەڵام لەجیاتی ئەمە تەرکیزیان کردە سەر پڕۆژەی ئایینی و ئایدیۆلۆژی و سیاسیی خۆیان، ئەو پڕۆژەیەی کە بێتە نێو ھەر وڵاتێک بۆ رۆژگارێک گەندەڵی دەکات، وەک میسرو جەزائیرو لیبیاو ئەفغانستان و کوردستان، عێراق لەدوای رووخانی رژێمی بەعسیش بەدەست ئایدیۆلۆژیەتەوە دەناڵێنێت، بەردەوامیش دەبێت تا ئەو کاتەی ئەو ئایدیۆلۆژیەتە ئایینییە لەبەین دەچێت و دەوڵەتی مەدەنی و دیموکراسی بە کردار جێی دەگرێتەوە.
کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ساڵی ٢٠١١ ھەڵەیەکی گەورە بوو، گۆڕەپانەکەی چۆڵکردو بواری دایە دەوڵەتان کە بڕوایان بە دیموکراسی نییە ئەم بۆشاییە پڕ بکەنەوە، مالیکی ئەو کاتە ھیوای دەخواست ھێزەکانی ئەمریکا بڕۆن، تاکو بەتەنیا دەسەڵاتی سەربازی بگرێتەدەست و نەیارە سیاسی و ئایینی و مەزھەبییەکانی لەناوبەرێت، بواریش بداتە ئەوانەی کە پشتیوانیی لە پڕۆژە ئایدیۆلۆژییەکەی دەکەن، لەو دەوڵەتانەی کە لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیای ئایینی دامەزراون کە دژ بە دەوڵەتی مەدەنی و دیموکراسی و فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەو ئایینی و مەزھەبی و نەتەوەیین، بەمەش عێراق بوو بە نێچیری ستەمکاریی ئایینی و سیاسی، عەرەبی سوننەش ھەڵەیەکی گەورەی کرد کاتێ دەستبەرداری عێراق بوون، ئەگەر بەشدارییان بکردایە لە ھاوکاریکردنی عێراق رەنگە پڕۆژە نیشتمانییەکە بەسەر پڕۆژە ئایدیۆلۆژییەکە سەربکەوتایە، لە راستیدا باشترین چارەسەر بۆ عێراقییەکان پشتبەستنە بە پڕۆژەی نیشتمانی لەجیاتی پڕۆژەی ئایینی ئایدیۆلۆژی، یان پڕۆژەی عەرەبیی نەتەوەیی کە ھەردووکیان بۆ وڵات ناگونجێن، بەڵام بە بەراورد لەنێوان ھەردوو پڕۆژەکەدا دەبینین کە پڕۆژە عەرەبییەکە لە پڕۆژە ئایدیۆلۆژییەکە باشترە، چونکە پشت بە رەھەندی نەتەوەیی دەبەستێت، بەڵام ئایدیۆلۆژییەکە پشت بە رەھەندی ئایینی مەزھەبی دەبەستێت، ئەو کاتە پڕۆژە عەرەبییەکە بۆ کورد ئاسانترە کە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، چونکە نابێت ئێمە لەنێو ئەو پڕۆژەیەدا بتوێینەوە، چونکە نەتەوەیەکی سەربەخۆین و تایبەتمەندیی مێژوویی و جوگرافی و کەلتووری و ئایینیمان ھەیە، لەکاتێکدا ئاسانە ھەندێ لە نەتەوەکەمان لەنێو پڕۆژە ئایدیۆلۆژییەکەدا بتوێتەوە، شتێکی دیکە ئەگەر پڕۆژە عەرەبییەکە گۆڕا بۆ ستەم، ئەوا دەبێتە ستەمێکی سیاسی، بەڵام ئایدیۆلۆژییەکە دەبێتە ستەمێکی ئایینی، زانراویشە لە رووی فەلسەفی و زانستییەوە ستەمی ئایینی مەترسیدارترە لە ستەمێکی سیاسی، یەکەمیان لەناوت دەبات و دەتکوژێت، چونکە لە نەتەوەیەکی جیاوازیت، ئەو کاتە دەبیتە شەھیدێک لەپێناو نەتەوەکەت، بەڵام ستەمی ئایینی دەتکوژێت لەبەر ئەوەی کافریت و لە ئیسلام چوویتە دەرەوە کە خۆت دروستت کردووە بەپێی بڕوای ئەوان، دوای ئەوەی موفتی دەوڵەتە ئایینییە ئایدیۆلۆژییە ستەمکارەکە فتوای دەرکرد کە کوشتنی سەرپێچیکار حەڵاڵ دەکات چونکە حەڵاڵکردنی خوێن دەرچوونە لە ئایین، کە شایانی دۆزەخە، ئەو کاتە پێی ناگوترێت شەھید لەبەر کفرەکەی بەپێی ئەو کۆمەڵگەیەی کە ئەو ستەمکارە ئایینییانە حوکمی دەکەن.
سەردەمی ئایدیۆلۆژیخوازیی دەوڵەت لە کاتی جەعفەری و مالیکی کۆتایی ھات، حەیدەر عەبادی ھەوڵیدا دەوڵەت لەو مۆرکە ناشارستانییە رزگاربکات، چونکە لەگەڵ سرووشتی کۆمەڵگەی عێراقیدا ناگونجێت، ئەو پێیوایە کە قۆناخی دوای ٢٠٠٣ کارەسەتبارو شکستخواردوو بووەو پێویستە لە ھەموو روویەکەوە چاک بکرێت، یەکەم شت دەستی پێکرد، نەیھێشت شەڕ لەنێوان بەغداو ھەولێر رووبدات، کەوتە گفتوگۆی جددی لەگەڵ رێزدار مسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردو ھەماھەنگی لەگەڵدا کرد بۆ شەڕکردنی داعش بەتایبەتیش ئازادکردنی موسڵ، چەندین جاریش دانی بەو ھەماھەنگییەدا نا لەنێوان پێشمەرگەو ھێزە عێراقییەکاندا، ھەوڵیدا بودجەو چەکی پێشمەرگە بنێرێت، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە عەبادی پیاوێکی لاوازە نەک لە کەسایەتییەکەیدا، بەڵکو لەنێو ھاوپەیمانیی شیعەدایە کە زۆربەی ئەندامەکانی بەردەوام دژی بەرژەوەندییەکانی کوردستان کاردەکەن، ناتوانێت بەرامبەر ئەو رەوتە بوەستێت، چونکە چەندین جار ھەڕەشەی لابردنی لە پەرلەمان لێکراوە، بۆیە دەیەوێت ھاوسەنگییەک لە پەیوەندیەکانی ناوخۆو دەرەوەدا بکات، بۆیە کاتێ سعودیە میوانداریی کرد، یەکسەر دوای ئەو چووە تاران، ئیدارەی تازەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا عێراق لەو قەیرانە دەربکات، دوای ئەوەی سەرۆک ئۆبامای بە شکستھێنان لە عێراق تۆمەتبارکرد، کە ئەو ھۆکاری ئەو رەوشەی عێراق بووە، بۆیە ئیدارەی تازە کاری جددی کرد لەگەڵ ئەوانەی پڕۆژەکەی ئێرانیان رەتکردۆتەوە لەناوەوەو دەرەوەی عێراقدا، لەبەرئەوە دەوڵەتانی عەرەبی بەتایبەتیش کەنداو و لە سەروویانەوە سعودیە بڕیاریان دا چاو بە سیاسەتە ھەڵەکانیاندا بخشێننەوە بەرامبەر بە عێراق، بۆیە کاریانکرد لەگەڵ عەبادی و ئەوانەی دەیانەوێ نزیک ببنەوە لە چوارچێوەی عەرەب و عێراقێک دامەزرێت دوور لە ململانێی تایفەگەری، بێگومان ئامانجی ستراتیژیی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کەمکردنەوەی رۆڵی ئێرانە، یان بە یەکجاری بنبڕکردنیەتی لە ناوچەکەدا، بەتایبەتیش لە عێراق و سووریا، چونکە قەناعەتی وایە کە ھۆکاری کاولبوونی عێراق و پەرتەوازەبوونی سیاسەتوانەکان بریتییە لە رۆڵی نێگەتیڤانەی ئێران، بۆیە ئیدارەی ئەمریکا لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی لە ناوەوە دەرەوەی عێراق کاردەکات تاکو ئەو وڵاتە بگێڕێتەوە دۆخی سرووشتیی خۆی، ھاوکات نەھێشتنی ھەموو بەربەستەکانی دیموکراسی و مەدەنیی دەوڵەت، ئەمەش بەدڵنیاییەوە دەبێتە ململانێی ئیقلمی لەنێوان دەوڵەتانی عەرەبی و بەتایبەتیش کەنداو لە سەروویانەوە سعودیە و تورکیا کە پشتگیریی سوننە دەکەن، لەبەر ئەوەی پەراوێزخراون و لەنێوان ئێراندا کە پێیانوایە بەرپرسە لە ھەموو شیعییەک لە جیھاندا بەپێی تیۆری ولایەتی فەقیھـ کە لەسەر ئەو بنەمایە دەوڵەتی ئێران دوای ھاتنی خومەینی لە ١٩٧٩ دامەزراوە، دیارە سعودیە لەمیانی لێدوانی سەرانی ئەو وڵاتە بە پشتیوانی ئەمریکا شەڕی دژی ئێران راگەیاندووە، ئێرانیش ناتوانێت رووبەڕووی عەرەب ببێتەوە، ھەر چەندە دەزانێت کە کێ لە پشتیانەوە وەستاوە، بۆیە پەنادەباتە بەر بژاردەی دیکە لە ترسی رووبەڕووبوونەوە، سیاسەتوانانی عێراق قەناعەتیان وایە کە قۆناخی داھاتوو لەگەڵ پێشوو جیاوازدەبێت، ھەندێکیان لە راستییەکە گەیشتن قیبلەکەیان لە ئێرانەوە بۆ عەرەب گۆڕی وەک رەوتی سەدر، ھەندێکیشیان دەیانەوێت بیگۆڕن، بەڵام بە ئایدیۆلۆژیای ئایینییەوە کۆت وبەند کراون، وەک ئەنجومەنی باڵا کە عەمار حەکیمی لێ جیابۆوەو رەوتی حیکمەی پێکھێنا، ھەندێکی دیکە سوورە لەسەر پڕۆژەی ئایدیۆلۆژیای سیاسی و تاکۆتایی لەگەڵ ئێران دەوەستێت، وەک حزبی دەعوەو گروپەکانی دیکەی حەشدی شەعبی، بەڵام سوننە ھیچ چارەیان نییە تەنیا لەپاڵ دەوڵەتانی عەرەبی نەبێت، پێکھاتەکانی دیکە ھەمیشە لەگەڵ بەھێزی گۆڕەپانەکەدان، بەتایبەتیش کورد، ئەوان لەگەڵ ئەو لایەنانەدان کە پشتگیریی لە دەوڵەتی دیموکراسی و مەدەنی دەکەن، لەبەرئەوەی دەرفەتەکە لەدەستچووە، بۆیە بەرەو سەربەخۆیی ھەنگاو دەنێن، دوای ئەوەی لە عێراقی تازە بێ ئومێد بوون، لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٠٧ ریفراندۆم بۆ چارەنووسی کوردستان ئەنجامدەدرێت.
جا لەبەرئەوەی موقتەدا سەدر یەکەم کەس بوو کە دژی دەستتێوەردانی دەرەکی بوو لەنێوماڵی شیعەدا، بەتایبەتیش ئێران، بۆیە سعودیە میوانداریی کرد، نەک بۆ ئەوەی بیکاتە سوننە، بەڵکو لەپێناو گەڕاندنەوەی شیعە بۆ ئامێزی عەرەبی، شیعە لە عێراق عەرەبن، مافی خۆیانە شانازی بە نەتەوەی خۆیان بکەن، ئەمەش مانای ئەوە نییە کە واز لە مەزھەبی خۆیان دەھێنن، چونکە ئەوە لە چوارچێوەی ئازادییە گشتییەکاندایە، بۆیە دەبینین کە ململانێی سعودیەو ئێران ئاشکرایە لە عێراق، سعودیە دەیەوێت شیعە لە عێراق ناسیۆنالیستییان پێ باشتر بێت لە ئایدیۆلۆژییەت، بەڵام ئێران دەیەوێت مەزھەبیان پێ باشتربێت لە نەتەوەخوازی، ھەردوو شتیش لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی فرەڕەنگی عێراقدا نین، ناسیۆنالیستی ھۆکاری وێرانکاریی عێراق بوو لەسەردەمی بەعسدا، ئایدیۆلۆژییەتی ئایینییش ھۆکاری کاولکاریی وڵات بوو لەسەردەمی حزبی دەعوە، چونکە عێراق بە فرەئایینی و مەزھەبی و نەتەوەییەوە پێویستی بە دەوڵەتێکی دیموکراسیی مەدەنییە، دەوڵەتی ناسیۆنالیستی بۆ یەک پێکھاتە دەگونجێت وەک زۆربەی دەوڵەتانی عەرەبی، دەوڵەتی ئایینیش بۆ یەک ئایین باشە وەک زۆربەی دەوڵەتانی موسڵمان، بۆیە پێموایە عێراق لەو قەیرانە رزگاری نابێت مەگەر بە وازھێنان لە وەلای دەرەکی جا چ ناسیۆنالیستی، یان ئایینی، یاخود مەزھەبی بێت، پێویستە وەلا تەنیا بۆ نیشتمان بێت.. مایەی پێکەنینە ھەمووان باس لە وەلا تەنیا بۆ عێراق دەکەن، بەڵام لە تەنگژەدا وەلای دەرەکی وەک خۆر دیارە، کاتێ پەنا دەبەنە بەر دەرەوە بۆ تازەکردنەوەی وەلا.
لە گەرمەی ململانێی ئینتیمای مەزھەبی و ئینتیمای ناسیۆنالیستیدا، ترس و دڵەڕاوکێ لای حزبە عێراقییەکان بە تایبەتیش ئیسلامییەکان لە شیعەو سوننەدا ھەیە لەھەمبەر ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا، ھەرچەندە پێموایە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە ٢٠١٨ ئەستەمە لەبەر ئەو ھەلومەرجە سەختەی عێراق، لەبەر چەند ھۆکارێک، یەکەم: عێراق لە رووی سەربازییەوە ھێشتا لە داعش رزگاری نەبووە، دووەم: تائێستا ئاوارەکان لە خێوەتگەکان و لە دەرەوە دەژین، سێیەم: ھەندێ شارو گوند بە تەواوی وێران بووە بۆ نموونە لای چەپی موسڵ، کە پێویستی بە بنیادنانەوە ھەیە، چوارەم: عێراق ئەمڕۆ لە قەرزێکی کوشندەدا رۆچووە، ئابووریی عێراق ئەگەر قەرزی نێودەوڵەتی و یارمەتیی بانکی ناوەندی نەبێت ھەرەس دەھێنێت، پێنجەم: ئەگەر ھەڵبژاردن بەم حاڵەتە کرا براوەی یەکەم تەنیا شیعە دەبێت، بۆیە مالیکی لە گوتارە سیاسییەکانیدا ھۆشداریی لە دواخستنی ھەڵبژاردن دەدات، چونکە دەزانێت دواخستن لە بەرژەوەندیی ئەودا نییە، چونکە دیارە ھەوڵی جددی ھەیە بۆ بەشداریکردنی نھێنیی حەشدی شەعبی لە سیاسەتدا، من ناوی حەشدی سیاسیم لێناوە، بێگومان ئەگەر ھەڵبژاردن کرا دەسەڵات بۆ ئەوان دەبێت، ئەوەی پەیوەستە بەکورد پارتی دیموکراتی کوردستان دوو مەرجی بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا ھەیە، یەکەمیان: عێراق ھەمووی ببێتە یەک بازنەی ھەڵبژاردن، دووەمیان: رەتکردنەوەی زۆرینەی سیاسی کە مالیکی باسی دەکات، چونکە زۆرینەی ئایدیۆلۆژییە، لە گریمانەی ھەڵبژاردندا ھاوپەیمانییەکی بەھێز دروست دەبێت لەنێوان ئەیاد عەلاوی و رەوتی سەدر و زۆرینەی سوننە، زۆربەی کوردیش لەگەڵ ئەو ھاوپەیمانییەدایە، بەتایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەموو ئەمە لەپێناو وەستان لەبەردەم گەڕانەوەی ئیسلامگەرایی ئایدیۆلۆژی بە سەرۆکایەتی حزبی دەعوە، موقتەدا سەدر لە دیدارەکەمدا لە نەجەف داوای لێکردین ریفراندۆم دوابخەین، چونکە پێویستی پێمانە تاکو سەرکردەی پێویستی(قائد الچرورە) نەگەڕێتەوە، بەڵام کورد بڕیاریان داوە ریفراندۆم بۆ چارەنووسی خۆیان ئەنجام بدەن، ھەموو ھەوڵەکانی کورد بۆ شەراکەتی راستەقینەی نیشتمانی و ھەروەھا لەپێناو دیموکراسی و مەدەنییەت و برایەتیی راستەقینەی نێوان پێکھاتەکانی عێراقدا بێھودە بوو، بۆیە سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ مەینەتیی تاڵی گەلەکەمان زۆر باشترە لە مانەوە لەگەڵ عێراقدا کە ھیچ ئاییندەیەکی نییە.
==================================================
سپۆت:
ھەموو ھەوڵەکانی کورد بۆ شەراکەتی راستەقینەی نیشتمانی و ھەروەھا لەپێناو دیموکراسی و مەدەنییەت و برایەتیی راستەقینەی نێوان پێکھاتەکانی عێراقدا بێھودە بوو، بۆیە سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ مەینەتیی تاڵی گەلەکەمان زۆر باشترە لە مانەوە لەگەڵ عێراقدا کە ھیچ ئاییندەیەکی نییە
ئامانجی ستراتیژیی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کەمکردنەوەی رۆڵی ئێرانە، یان بە یەکجاری بنبڕکردنیەتی لە ناوچەکەدا، بەتایبەتیش لە عێراق و سووریا، چونکە قەناعەتی وایە کە ھۆکاری کاولبوونی عێراق و پەرتەوازەبوونی سیاسەتوانەکان بریتییە لە رۆڵی نێگەتیڤانەی ئێران
عێراق لەدوای رووخانی رژێمی بەعسیش بەدەست ئایدیۆلۆژیەتەوە دەناڵێنێت، بەردەوامیش دەبێت تا ئەو کاتەی ئەو ئایدیۆلۆژیەتە ئایینییە لەبەین دەچێت و دەوڵەتی مەدەنی و دیموکراسی بە کردار جێی دەگرێتەوە
نیشتمان لە ئایین و مەزھەب و نەتەوەش گەورەترە، مەبەستم لەوە ئەوەیە کە تاکەکان بڕوا بە ئایین دەھێنن لەناو ئەو نیشتمانە، چونکە نیشتمان جێی ھەموو ئایین و مەزھەب و نەتەوەکانی تێدا دەبێتەوە، بەڵام ئایین تەنیا بۆ ئەوانەیە کە بڕوایان پێیەتی، کاتێ ئیسلامی سیاسی دەیەوێت نیشتمانی گەورە بە ئایین و مەزھەب رەنگ بکات، زوو شکست دێنێت
سەدر لە ٢٠١٧ بەرنامەی سیاسیی خۆی و پڕۆژەی ئایندەی گۆڕی بەرەو بەعێراقیکردنی بڕیاری سیاسی بێ دەستتێوەردانی دەرەکی، بۆیە یەکەم جار جەماوەرەکەی دەیگوت: ئێران بۆ دەرەوە و بەغدا ئازادە و بۆ یەکەم جاریش رەحمەتی بۆ ھەر سێ خەلیفە (ئەبوبەکرو عومەرو عوسمان) نارد، لەبەردەم زانایانی شیعە لە نەجەف، کە ئەمانە لای فیکری شیعە حەرامن، بۆیە ھێرشێکی دڕندانە دژی سەدر لەلایەن کۆمەڵە پەڕگیرو سەر بە دەوڵەتانی ئیقلیمی دەستیپێکرد
چینی سیاسی کە دوای ٢٠٠٣ حوکمی عێراقی کرد شکستخواردوو بوو، ئێستاو لە ئایندەشدا ھەر شکست دێنێت، ناتوانێ سەربکەوێت، مادام لەسەر ئەو عەقڵییەتە سیاسییەی پێشووی بمێنێتەوە، کە رەھەندی ئایدیۆلۆژی بەسەر رەھەندی نیشتمانیدا زاڵە، رەھەندەکانی ئایدیۆلۆژی ھەڕەشە لە ئاستیی کۆمەڵگە دەکەن، تا کار گەیشتە ئەوەی کە ھاووڵاتی عێراقی لەسەر ناسنامەی ئایینی و مەزھەبی بکوژرێت
کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ساڵی ٢٠١١ ھەڵەیەکی گەورە بوو، گۆڕەپانەکەی چۆڵکردو بواری دایە ئەو دەوڵەتانەی کە بڕوایان بە دیموکراسی نییە، ئەم بۆشاییە پڕبکەنەوە، مالیکی ئەو کاتە ھیوای دەخواست ھێزەکانی ئەمریکا بڕۆن تاکو بەتەنیا دەسەڵاتی سەربازی بگرێتەدەست و نەیارە سیاسی و ئایینی و مەزھەبییەکانی لەناوبەرێت
سەردەمی ئایدیۆلۆژیخوازیی دەوڵەت لە کاتی جەعفەری و مالیکی کۆتایی ھات، حەیدەر عەبادی ھەوڵیدا دەوڵەت لەو مۆرکە ناشارستانییە رزگاربکات، چونکە لەگەڵ سرووشتی کۆمەڵگەی عێراقیدا ناگونجێت، ئەو پێیوایە کە قۆناخی دوای ٢٠٠٣ شکستخواردوو و کارەسەتبار بووە، پێویستە چاکبکرێت لە ھەموو روویەکەوە، یەکەم شت دەستی پێکرد نەیھێشت شەڕ لەنێوان بەغداو ھەولێر رووبدات