ریفراندۆم زۆرێك لە ماسكەكانی خست

ریفراندۆم  زۆرێك لە ماسكەكانی خست
رۆژانی دوای 25ی ئەیلوول و رووداوەكانی دوای 16 ئۆكتۆبەری ئەمساڵ زۆر شتی شاراوەی ناخی زۆرێك لە بەرپرسانی ناوخۆ و عێراقی خستەڕوو، كە زەمانێكە ئەو بەرپەرسانە پەردەپۆشیان كردووەو لە بەر زۆر هۆكاری خودی و بایەتی نەیاندركاندووە، لەوانەش بۆ نموونە:
یەكەم: دەركەوت بڕوایان بە دەستوور نییە، كەچی سەری زمان و بنی زمانیان باسی دەستوورە، ئەوان تەنیا ئەو ماددانەیان قەبووڵە كە لە بەرژەوەندیی خۆیانە، كەچی زۆر ماددەی دیكە هەن، ئەوان دژی دەوەستنەوە بۆ نموونە:
1- ئەم ناوچەیەی ئێمە لە دەستووردا ناوی هەرێمی كوردستانە كەچی حەیدەر عەبادی لەناو پەرلەمان و لەنێو پەرلەمانتاراندا دەڵێت: هەرێمی باكووری عێراق، ئەمە لەكاتێكدا تەنانەت سەددام حوسێنی سەرۆكی ئەوسای عێراقیش قسەی وای نەدەكرد، چونكە ئەو دەیگوت: ناوچەی ئۆتۆنۆمی كوردستان.
2- دەستوور دەڵێت: حكومەتی ئیتیحادی، چونكە عێراق فیدڕاڵییە، كەچی ئەوان دەڵێن: حكومەتی مەركەزی، كە حكومەتیش مەركەزی بوو واتە هەرێمی كوردستانیش دەبێتە لامەركەزی، یان ئۆتۆنۆمی.
دووەم: رووداوەكان دەریانخست كە زمانی زبر و ناخێكی پڕ لە قین هەیە لای زۆرینەی عەرەبی عێراق بە سوننەو شیعەوە دژ بە كورد وەك نەتەوە و، دژ بە كوردستان وەك هەرێم و خاك.
سێیەم: رووداوەكانی كەركووك رووی راستەقینەی زۆر لایەنی دەرخست، وەك بەرەی توركمانی كە زیاتر لە حەشدی شەعبی دژ بە ئاڵای كوردستان و سیمبوڵەكانی كوردستان وەستانەوەو، زیاتر لە حەشدو سوپای عێراق دڵخۆشتر بوون بە كەوتنی كەركووك و هەوڵدان بۆ پڕكردنەوەی شوێن و پێگەو پۆستەكانی كورد.
چوارەم: رووداوەكان دەبڵ ستاندارداردی زلهێزەكانی زیاتر خستەڕوو، كاتێك ئەوان گڵۆپی سەوزیان بۆ عێراق هەڵكردو خۆیان بێدەنگ كرد لە ئاست ئەو كارەساتەی بەسەر كورددا هات، زیانی ئەم هەڵوێستەشیان لە داهاتوودا بۆ دەردەكەوێت كە چ هەڵەیەكی ستراتیژیی گەورەیان كردووە.
پێنجەم: رووداوەكان رووی راستەقینەی ئەو دەوڵەتە ئیسلامییانەشی دەرخست كە هەڕەشەی داخستنی سنوور و برسیكردنیان لەگەلی موسڵمانی كورد كرد، ئەمە لە كاتێكدا هەر یەك لە توركیا و ئێران دەیانگوت ئابڵوقەی ئابووری سەر غەززە و قەتەر ناشەرعییە، كەچی گەمارۆی ئابووری سەر كوردی موسڵمان ئاساییە.
شەشەم: رووداوەكان رووی راستەقینەی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی دەرخست كە ئەوان لەبیری خۆیان بردەوە كە دەستووری عێراق دەڵێت: عێراق وڵاتێكی فرە نەتەوەیە، نەك دەوڵەتێكی عەرەبی.
حەوتەم: رووداوەكان پەردەی لەسەر رووی ئەنجومەنی هاوكاری ئیسلامی هەڵماڵی كاتێك دەوڵەتە ئیسلامییەكان پشتیان لە چل ملیۆن كوردی نەوەی سەڵاحەددینی ئەیووبی كردو پشتگیریی سنوورە دەستكردەكانی سایكس پیكۆ-یان كرد.
هەشتەم: رووداوەكان ماسكی لەسەر رووی راستەقینەی ئەزهەری بەناو شەریفی لادا، كاتێك ئامادە نەبوو رێز لە رای گشتی و زۆرینەی گەلی كوردستان بگرێت و ئەویش كەوتەوە داوی ئاوازی عروبەو عەرەبایەتیكردن و وەك بڵێی زمانحاڵی وەزارەتی دەرەوەی میسر بێت، نەك بڵندگۆیەك بۆ موسڵمانان.
نۆیەم: عێراق لە پێناوی چەواشەكردنی خەڵكی كوردستان لە رۆژانی دوای ریفراندۆمەوە هات ژێرنووسێكی بە كوردی بۆ كەناڵی ئەلعیراقییە زیاد كردو رۆژانەش تەنیا دە خولەكی هەواڵەكانی ئێواران بە كوردی و پاشان تەنیا دوو سەعات بە زمانی كوردی لە یەكێك لە كەناڵەكانی سەر بە ئەلعێراقییەوە زیاد كرد، وەك بڵێی تازە بە تازە لە زەمانی حوكمی زاتیی سەددام حوسێندا بین و، ئەوەندە مافە بەكورد رەوا ببینێت.
دەیەم: عێراق لەپەنای هێزی سەربازیدا گەڕاوەتەوە بۆ حوكمی عەسكەری و هاتووە هەردوو كەناڵی (كوردستان24 و رووداو)ی قەدەغە كردووە لەكاركردن لە تەواوی عێراقدا، بەوەش نەوەستاوە دەڕوات لە میسرەوە لەسەر مانگی دەستكردی نایلساتیش قەدەغەی پەخشیان بكات.
ئێستا ئیدی كاتی بەخۆداچوونەوەیە بۆ ئێمەی گەلی كوردستان پاش ئەوەی سەر لەنوێ دۆست و دوژمن و یارو نەیاری خۆمان ناسی، ئێستا كاتی خۆڕاگری و ئارامگرتن و بەڕەنگاربوونەوەی دوژمنان و بنیادنانەوەی ژێرخان و سەرخانی وڵاتی خۆمانە، بە سیاسەتی نەفەسی درێژ و ئومێد و بڕوابوون بەخۆ و بەئیرادەی گەڵی خۆمانەوە.

Top