شکاندنى گەورەترین و دوا تابۆ (Taboo) ى سەر کورد

شکاندنى گەورەترین و دوا تابۆ (Taboo) ى سەر کورد
سه‌ده‌ى بيسته‌م له‌هه‌موو پارچه‌كانى كوردستاندا بۆ كورد تاريك و تاڵ بوو. ده‌كرێت به‌سه‌ده‌ى تابۆكانى سه‌ر كورد ناوزه‌د بكرێت. تابۆ له‌سه‌ر ناوى كورد، خاكى كوردستان، زمانى كوردى، هزرى كوردانه‌، چ جاى قه‌واره‌ى كوردى و ده‌وڵه‌تى كوردى.
(تابۆ) ووشه‌يه‌كى پۆلينيزيه‌، ماناى به‌كاربردراوى له‌سه‌رجه‌م زمانه‌كاندا واتا قه‌ده‌غه‌كردنى كارێك يان خواردن و خوارنه‌وه‌يه‌كى دياريكراو يان ووتنى ووشه‌يه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى به‌دووربيت له‌زيان و ئازارێك كه‌ له‌خۆى گرتوه‌.
به‌ڵێ داگيركه‌رانى كوردستان چوار ده‌ورى تاكى كورديان به‌تابۆ ته‌نى بوو، ته‌نها و ته‌نها دوو ڕيگايان له‌به‌رده‌مدا كردبۆوه‌، ئه‌وانيش يان خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و سڕينه‌وه‌ى ناسنامه‌ نه‌ته‌وايه‌تيه‌كه‌ى، يان هه‌ڵبژاردنى مه‌رگى به‌تاك و كۆمه‌ڵ.
ئه‌وه‌ى مێژووى كۆن و نوێ بۆمان ده‌گێڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌ى خۆمان بينيمان، ئه‌وه‌ى خۆمان هه‌ڵمانبژارد ڕێگاى به‌رخۆدان تا سه‌ركه‌وتن يان مردن بوو.
زۆر شه‌هيد بووين، زۆر ئاواره‌ و سه‌رگه‌ردان بووين، زۆر ماڵ و حاڵمان كرايه‌ سوتماك. به‌ڵام ئه‌و ڕێگه‌يه‌مان به‌رنه‌دا.
ئه‌وه‌ى سه‌ده‌ى بيست و يه‌كه‌م بۆمان تۆمار ده‌كات، ده‌كرێت به‌ سه‌رده‌مى شكاندنى تابۆكانى سه‌ركورد ناوزه‌د بكرێت، كه‌له‌م ڕاستيانه‌ى خواره‌وه‌دا خۆيان ده‌نوێنن:
١) هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان: له‌و رۆژه‌وه‌ى كۆمارى كوردستان له‌ مهاباد خنكێنرا، ئاڵاى كوردستان يه‌كێك بوو له‌تابۆكان بۆ هه‌موو كوردێك، به‌ڵام له‌دواى ڕووخانى ڕژێمى سه‌دام، كورد بڕيارى دا كه‌ كورد نه‌ته‌وه‌يه‌كە و خاوه‌ن ئاڵاى خۆيه‌تى و ده‌بێت له‌سه‌ر داموده‌زگاكانى هه‌رێمدا هه‌ڵبدرێت. بارزانى ووته‌نى (له‌ژێر په‌رچه‌مى ئه‌و ئاڵايه‌دا له‌دايك ده‌بين و له‌ژێر په‌رچه‌ميشيدا ده‌مرين).
٢) هه‌رێمێكى فيدراڵى بۆ كورد: هه‌ميشه‌ داگيركه‌رانى كوردستان جه‌ختيان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌، خاكێك نيه‌ به‌ناوى كوردستان، ئێمه‌ به‌شێكين له‌خاكى عه‌ره‌ب يان تورك يان فارس. تابۆ بوو گه‌ر قه‌واره‌يه‌كى كورديمان هه‌بێت. به‌ڵام له‌نووسينه‌وه‌ى ده‌ستورى عێراقدا له‌ساڵى 2005، توانيمان ئه‌و تابۆيه‌ش بشكێنين و بۆيه‌كه‌م جار له‌ده‌ستورى داگيركه‌راندا ڕاستيى بوونى خاكى كوردستان و قه‌واره‌ سياسيه‌كه‌ى بچه‌سپێنين.
٣) سه‌رۆكايه‌تى ووڵات: داگيركه‌رانى كوردستان له‌لاوازترين كاتياندا ته‌نها پۆستى جێگرى سه‌رۆك كۆماريان بۆ كورد به‌ڕه‌وا ده‌بينى، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌عێراقدا و بۆ جێگرێكى كارتۆنى، چ جاى سه‌رۆكى ووڵات. ئه‌مه‌ تابۆيه‌ك بوو، به‌ڵام كورد توانى له‌ دواى ڕووخانى ڕژێمى ديكتاتۆرى سه‌ددام، ئه‌م تابۆيه‌ش بشكێنێت و مافى پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق بۆ خۆى بسه‌لمێنێت. گه‌لێك جار به‌بيانوى جياجياوه‌ وويستويانه‌ ئه‌و مافه‌ له‌كورد وه‌ربگرنه‌وه‌، به‌ڵام سووربوونى كورد ئه‌و هه‌وڵانه‌ى پوچه‌ڵ كردۆته‌وه‌.
٤) نه‌وت: هه‌رچه‌ند زۆربه‌ى خاكى كوردستان پريه‌تى له‌نه‌وت، به‌ڵام دوژمنان تابۆيان دانابوو له‌سه‌ر هه‌ر كۆنترۆڵێكى كورد به‌سه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتيه‌يدا، بگره‌ هه‌موو داگيركه‌رانى كوردستان يه‌ك ده‌نگ و يه‌ك هه‌ڵوێست بوون له‌وباره‌يه‌وه‌. به‌ڵام له‌دواى ساڵى 2003 ه‌وه‌ هەرێمى كوردستان به‌به‌رنامه‌يه‌كى تۆكمه‌ كارى بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ نه‌وتى كوردستان بكه‌وێته‌ ژێر كۆنترۆڵى خۆى، ئه‌وه‌بوو له‌وپێناوه‌شدا به‌سوود وه‌رگرتن له‌ ده‌ستورى نوێى عێراق ده‌ستى كرد به‌پرۆسه‌ى دۆزينه‌وه‌ و ده‌رهێنان و پاشان ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌شى، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو دژايه‌تيه‌ى كه‌ حكومه‌تى عێراقى له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و پرۆسه‌يه‌دا نواندى.
٥) چه‌كداركردنى پێشمه‌رگه‌: هه‌ميشه‌ ده‌بوايه‌ كورد بێ چه‌ك بێت. بابه‌تى پڕ چه‌ك كردنى پێشمه‌رگه‌ يه‌كێك بوو له‌هه‌ره‌ تابۆ قورسەکانى سه‌ر نه‌ته‌وه‌ى كورد. قه‌ت پێشمه‌رگه‌ نه‌يتوانيوه‌ به‌فه‌رمى چه‌ك وه‌ربگرێت يان بكڕێت. كورد له‌سه‌ر ده‌مانچه‌يه‌ك، بگره‌ قەوانه‌ فيشه‌كێك، له‌سێداره‌ دراوه‌. حكومه‌تى عێراقى فیدراڵ به‌هه‌موو شێوه‌يه‌ك ده‌ستورى عێراقى پێشێل كرد بۆ ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بێ به‌ش بكات له‌هه‌ر مووچه‌ و ئيمتياز و چه‌كێك كه‌ سوپاى عێراقى لێى به‌هره‌مه‌ندبووه‌. به‌ڵام له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى ڕابردوو و له‌ئه‌نجامى شه‌رى كورد له‌ ڕووبه‌ڕوو بونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ تيرۆرستاندا و وه‌ك به‌ته‌نگه‌وه‌ هاتنى داواكانى سه‌ركردايه‌تى سياسى هه‌رێم، ئه‌م تابۆيه‌ش شكێنرا و به‌فه‌رمى له‌لايه‌ن ووڵاتانى ئه‌وروپى و ئه‌مريكيه‌وه‌ بڕياردرا كه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ پرچه‌ك بكرێت، به‌چه‌كى سووك و قورس.
٦) ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى كوردى: له‌ناوه‌ڕاسته‌كانى سه‌ده‌ى بيسته‌مدا ته‌نانه‌ت كوردبوونيش قه‌ده‌غه‌ بوو چ جاى بانگه‌شه‌كردن بۆ ده‌وڵه‌تێكى كوردى سه‌ربه‌خۆ. ئه‌م تابۆيه‌ تا كۆتايى سه‌ده‌ى بيسته‌ميش به‌رده‌وام بوو. به‌ڵام له‌م چه‌ند ساڵانه‌ى دواييدا كورد ڕاشكاوه‌نتر و له‌ژێر ناونيشانى جۆراوجۆردا (وه‌ك مافى چاره‌نووس) ئاماژه‌ى به‌و ئامانجه‌ داوه‌. تا ئه‌وه‌ى چه‌ند ساڵى ڕابردوو به‌ڕاشكاوى و فه‌رمى بابه‌تى ده‌وله‌تى كوردى له‌ناوه‌نده‌ فه‌رميه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا ڕاگه‌يه‌ندراو ئه‌م بابه‌ته‌ خرايه‌ به‌رده‌م سه‌رجه‌م كۆمه‌لگاى نێوده‌وڵه‌تى. بگرە لە حوزەیرانى ئەمساڵدا رۆژى ٢٥ ئەیلول بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسى هەرێمى کوردستان لەڕێگەى ڕیفراندۆمەوە دیاریکرا .
به‌ڵێ ئەگه‌ر سه‌ده‌ى بيسته‌م سه‌ده‌ى تابۆكانى سه‌ر مافه‌كانى نه‌ته‌وه‌ى كورد بێتە ژماردن، ئه‌وا سه‌ده‌ى بيست و یەکەم به‌سه‌ده‌ى شكاندنى تابۆكانى نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌ناسرێت.
بۆیە رۆژى ٢٥ ئەیلول رۆژى شکاندنى گەورەترین و دوا تابۆی سەر کوردە.
Top