بانگەشەیەكی جیاواز
September 6, 2017
وتار و بیروڕا
بانگەشەیەكی جیاواز لە تێكڕای بانگەشەكانی رابردوو. بانگەشەیەك بۆ دەنگدان بە كوردستان، نە بەم حزب و ئەو حزب . نە بەم لیست و ئەو لیست.
نە بەم دروشم و ئەو دروشم. نە بە فڵان و فیسار. بانگەشەیەك بۆ گەیاندنی كوردستان بە سەربەخۆیی، نەك گەیاندنی ئەم و ئەو بۆ سەركورسی پەرلەمانتاری و وەزیری و گزیری. بۆیەش بانگەشەكاران بە یەك دڵ و یەك گیان و بە یەك سرود و ئاواز بانگ و سەڵای سەربەخۆیی كوردستانیان دەگووتەوە.
هەموان رەنگی ئاڵای كوردستانیان لێ دەچۆڕا و هەمووان سیمای شەهیدانیان گرتبوو.
بانگەشەكەمان بۆ سەرخستنی ریفراندۆم نییە،ریفراندۆم هەر لە دەسپێكەوە بە سەركەوتوویی لەدایك بوو. ریفراندۆم مافی رەوای چارەنوس دیاریكردنی میللەتێكی مەغدور و موستەحەقە، هیچ هێزێك ناتوانێ شكستی پێ بێنێ.
بانگەشە بۆ ئامانجێكی دیكەیە و بانگەشەكاران ئەركێكی دیكەیان لە ئەستۆیە. ئەركی گێڕانەوەی ئەو رۆڵانەی نیشتمان كە كینەلەدڵ و فاشیل و بەكرێگیراوان فڕیویان داون و دەیانەوێ بەرەو زەلكاوی (نەخێر بۆ سەربەخۆیی) پەلكێشیان بكەن. ئەركمان رزگار كردنی ئەو هاوزمان و هاوچارەنوسانەمانە لەو كوێرە رێگە تاریكە و ئەو بەدبەختی و شەرمەزارییەی دەیانەوێ دوچاریان بكەن.
ریفراندۆم سەردەكەوێ و كوردستان دەگات بە سەربەخۆیی، بەڵام مخابن و خەسارەتێكی گەورەیە گەر تاكە كوردێكیش خۆی لەو شەرەفە، لەو شانازییە، لەو ووڵاتپارێزییە بێبەش بكات و تامردن بە خەجاڵەتی و بە ئازاری ویژدانەوە بتڵێتەوە.
ئەركی هەمومانە تا دەگەینە رۆژی ریفراندۆم، دەستبدەینە دەستی هاونیشتمانییە فڕیوخواردۆكانمان و لەو تەڵەزگە شەرماوەر و لەو نەنگییە مێژوویی و لەو روورەشییە بێوێنەیە قورتاریان بكەین. نەهێڵین تاكە كورد و تاكە كوردستانییەكی پاك و دڵسۆز و قوربانیدەر ببێتە كەرەستەی دەستی خائینان و دەسكێشانی بێگانە. نەهێڵین گلەیی و گازندەكانیان بقۆزرێتەوە، نەهێڵین لە نێوان دەنگدان بە نیشتمان و دەنگدان بە حكومەت و بەرنامەی ئەحزاب سەریان لێ بشێوێنرێ. نەهێڵین ببنە هاوچارەنووسی سیاسییە كاڵفام و شكستخواردۆكان و كینەلەدڵان و بازرگانانی دەسبڕ و داردەستانی نەیاری سەربەخۆیی كوردستان.
دەبێ كارێك بكەین دەنگی هەموو كورد بەڵێ بێت، بەڵێیەك هەزاران هەزار نەخێری لەهەناودا بێت بۆ ئەنفال، بۆ كیمیایی، بۆ سەربڕین، بۆ نانبڕین، بۆ سوتماكی خاك، بۆ كۆڕەو، بۆ سێدارە، بۆ زیندان، بۆ تەعزیب، بۆ پاشكۆیەتی و ژێردەستەیی،بۆ شۆڤێنیزم و مەزهەبگەرایی، بۆ زەوتكردنی خاك و سەروەت و سامانی كوردستانی داگیركراو. بەڵێیەك بۆ كۆتاییهێنان بەسەد ساڵ زوڵم و ستەم و كۆیلایەتی.
بەڵێیەك بۆ ئازادی و گێڕانەوەی شكۆ و كەرامەتی ئینسانیمان. بۆ خۆشگوزەرانی و كۆتایی قەیران و كارەساتەكان. بەڵێیەك بۆ ئەوەی نەوەكانی ئایندەمان وەك بەشەر بژین. بەڵێیەك بارتەقای روباری خوێنی شەهیدان.