(نەخێر)یش وەك (بەڵێ) نیشتمانپەروەرییە!!

(نەخێر)یش وەك (بەڵێ) نیشتمانپەروەرییە!!
پێموایە رۆژێك زووتر نیقاشی نێوخۆیی كورد لەسەر سەربەخۆیی كۆتایی بێت، درەنگە، چونكە سەربەخۆیی دەبێت مایەی نیقاشی نێوان كورد و دەرەوەی كورد بێت نەك نێوان كورد خۆی. ئەمە سەرقاڵكردن و ئیستنزافی توانای كورد و دروستكردنی چەلەحانێی بێ سەمەری نێو كورد خۆیەتی تا نەپەرژێتە سەر حیوار لەگەڵ عێراق و تورك و فورس. ئەمە تەڵە و فێڵێ هێزێكی ئیقلیمیی دژە ریفراندۆمەو نیقاشێكی موفتەعەل و دروستكراوە و بۆ ئەوە بوو كێشمەكێش لەسەر سەربەخۆیی كوردستان لە كێشمەكێشی نێوان كورد و دەوروبەریەوە، بگوێزێتەوە بۆ نێو كورد خۆی

، دەنا سەربەخۆیی كوردستان هەرگیز خاڵی خیلافی نێوخۆیی كورد نەبووە. بۆیە هەرچی زووترە دەبێ كورد لەو تەڵەیە قورتار بێ و ئەم نیقاشە بێ سەمەرە كۆتایی پێبێنێ و ئەو مانگەی ماومانە لەگەڵ دەرەوەی خۆمان بئاخفین و دوای ریفراندۆمیش هەر لەگەڵ ئەوان درێژەی پێبدەین. بەڵام بەداخەوە هەندێ جار لەو نیقاشە بێ هودە نێوخۆییەدا قسەی وا دەگوترێت، ناچارت دەكات قەوسێكی دیكەی ناچاری بۆ نیقاشی نێوخۆیی بكەیتەوە.

لە چوارچێوەی كەمپینی نەخێر و لە دیبەیتەكدا لە سلێمانی، رەئیەكی سەیر مەترەح كرا. بەداخەوە لەسەر زاری ئەندامێكی سەركردایەتی حزبێكەوە كە پێش هەموان دروشمی مافی چارەی خۆنوسینی بەرز كردەوە و ئێستاش لەنێو گەرمەی خەباتی سەربەخۆییخوازیدایە. ئەو پێی وابوو دەنگدان بە (بەڵێ) و بە (نەخێر) هەردوكیان نیشتمانپەروەرییە و هەردوولا نیشتمانپەروەرن!!

پرسیار ئەوەیە: ئەگەر (بەڵێ بۆ مافی چارەی خۆنوسین) و (نەخێر بۆ مافی چارەی خۆنوسین) هەردوكی نیشتمانپەروەرییە، ئەدی حزبەكەی و حزبەكانی دیكەی كوردستان ساڵانی شۆڕش ئەو هەموو كوردەیان بۆ لەسەر (دژایەتی مافی چارەی خۆنوسین) ئیغتیال و ئیعدامی شۆڕشگێڕانە كرد؟؟. هەزاران كوردی بەعسی و رەفیق حزبی وجاش و ئیستخبارات و پیاوی حكومەتیان لەسەر چی كوشت. ئەوان جگە لە هەڵوێستی (نیشتمانپەروەر!!)انەی (نەخێر بۆ مافی چارەی خۆنوسین)، چ تاوانێكیان هەبوو؟. جگە لە (نا بۆ سەربەخۆیی كوردستان) و (بەڵێ بۆ عێراق)چ گوناهێكیان هەبوو؟. كەواتە ئەو هەموو (نیشتمانپەرەرو!!)ەتان لەسەرچی كوشت؟. ئەی ئەوان لەسەرچی كون بە كون و شاخ بە شاخ بە دوای ئێوەی پیشمەرگەی (بەڵێ بۆ مافی چارەی خۆنوسین)دا دەگەڕان تا بتانكوژن، هەر بە راستی ئێمەی (نیشتمانپەروەر) و ئەوانی (نیشتمانپەروەر!!) لەسەرچی شەڕمان بوو، لەسەر چی یەكترمان دەكوشت؟. ئەدی بۆ پێشمەرگە خۆشەویست و جاش قێزەون بوون؟. ئەسلەن پێشمەرگە و عەسكەر لەسەرچی شەڕیان بوو!! ئەدی بۆ بە پێشمەرگە دەگوترا رزگاركەر و بە عەسكەر داگیركەر؟.

ئەگەر (بەڵێ بۆ مافی چارەی خۆنوسین) و (نەخێر بۆ مافی چارەی خۆنوسین) هەردوكیان نیشتمانپەروەرین، خەباتی تۆ و هەڤاڵەكانت، حزبەكەت و كۆی حزبەكانی دیكە، تێكڕای شۆڕشەكانی كورد، سەد ساڵ نێكۆشان و خوێنڕشتن وئەو هەموو كارەساتە بۆ چی و بۆ كام ئامانج بوو؟ گەر وایە، شۆڕش جگە لە پوچگەڕایی و عەبەسێكی شێتانە، چی بوو!!!.

بوونی خانەی (نەخێر) لە فۆرمی ریفراندۆمدا ماناكەی ئەوە نییە بەڵێ و نەخێر هەردوكیان نیشتمانپەروەریین، بوونی خانەی (نەخێر) بۆ ئەوەیە بە بەتاڵی نیشانی جیهان و یار و نەیار بدرێ و بگوترێ كورد لە پرۆسەیەكی دیموكراتیدا بە كۆی دەنگ سەربەخۆیی خواست، بۆ ئەو نەتەوانەشە كە كورد نین و رەنگە وەك كورد لەسەر سەربەخۆیی هاودەنگ نەبن و بەشێكیان رای جیاوازیان هەبێت و دەبێ رێز لەو رەئیە جیاوازەیان بگیرێ.

كە دیفاع لە دەنگی (نەخێر بۆ مافی چارەی خۆنوسین) مومكین نەبێ و شەرمئاوەر و قێزەون بێت، بە بوونی خانەی (نەخێر) لە فۆرمەكەدا پاساوی بۆ ناهێنرێتەوە و شەرعییەتی نادرێتێ و ناكرێتە دەنگێكی نیشتمانپەروەر.

مانگێكمان ماوە بۆ ریفراندۆم. هەموو راستییەكان روونبونەتەوە. هەموو گومانەكان رەویونەتەوە. دردۆنگی و راراییەكان وا كۆتاییان دێت. بەردەوامی لەسەر ئەم جۆرە نەغمە نەشاز و بێ هودەیە، لەسەر ئەم پەتپەتێن و بێ روئیایی و سەرلەخۆشێواندنە، لەهەر كەسێكەوە بێت، ئیدی شەرمە.
Top