بۆ ئەوەی بەهەڵە لە فەلسەفەی ناسیۆنالیزم نەگەین..

بۆ ئەوەی بەهەڵە لە فەلسەفەی ناسیۆنالیزم نەگەین..
ناسیۆنالیزم Nationalism ئینتیمایەكی شارستانی و نەتەوەیی گەلێكی دیاریكراوە لەگەڵ توخمەكانی وەك نیشتمان و مێژوو و رەگەزو زمان و كلتووردا، ناسیۆنالیزم دوو جۆرە، یەكەمیان ناسیۆنالیزمی سرووشتی: ناسیۆنالیزم دیاردەیەكی سرووشتییە لە سایكۆلۆژییەتی مرۆڤدا، ئەمەش لە خۆشەویستیی نیشتمان و زمان و رەگەزو مێژوودا رەنگدەداتەوە، ئەم خەسڵەتانەش لای هەموو مرۆڤایەتییەكدا هەیە، لەكۆندا هیندییەكان گوتوویانە: حورمەتی وڵاتەكەت وەك حورمەتی دایك و باوكتە، چونكە خۆراكی تۆو دایك و باوكت لەو وڵاتەوەیە، تەنانەت سوكراتیش داوای كردبوو كە نەخۆش بە دەرمانی وڵاتەكەی چارەسەربكرێت، ئەم بابەتە لە ئیسلامدا زیاتر لە رەفتارەكانی پێغەمبەر(دخ) دەردەكەوێت، كاتێ لە مەككەی پیرۆز دەركرا كە شوێنی لەدایكبوونی بوو، گوتی: بەخوای تۆ پیرۆزترین خاكیت، خۆشەویستترین خاكی خوایت بۆ من، ئەگەر من لێت دەرنەكرابام دەرنەدەچووم.
دووەم: ناسیۆنالیزمی ناسروشتی: بریتییە لە ناسیۆنالیزمی ئایدیۆلۆجیی سیاسی، كاتێ دەبێتە ئامرازێكی سیاسیی كلتووری بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ناشەرعی و ناپەسندەكان، ئەو ناسیۆنالیزمیەی كە ئەم جۆرە سیمایانەی تێدا بێت رەتدەكرێتەوە، ئەمەش دەبێتە سێ حاڵەت: یەكەمیان كاتێ ناسیۆنالیزم دەبێتە ئامرازێكی كلتووری و سیاسی بۆ خۆسەپاندن بەسەر نەتەوەكانی دیكەدا، جیاوازیی و فرەڕەنگی و جیاوازیی رەنگ و زمان نیشانە گەورەكانی خوان، رەنگ بە لێكدانەوەی قورئان بەواتای فرەڕەنگیی لە نەتەوەو گەلاندا، جیاوازیی لە زمانەكاندا واتا جیاوازی لە زمان و دیالێكتەكاندا، هیچ رەگەزو زمانێك لەوی دیكە باشتر نییە، «.{وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَاتٍ لِّلْعَالِمِينَ}، بەڵام مەترسیدارترو دوا حاڵەت ئەوەیە كاتێ ناسیۆنالیزم ببێتە ئایین لای كەسانێكی دیكە، ئەمە لە ئەوروپا دوای شۆڕشی فەرەنسی French Revolution (1798 دەستی پێكرد، دوای ئەوەی كە شۆڕش گەیشتە لوتكە لە رێی بزووتنەوە رۆشنگەرییەكان Enlightenment Movements و پێشەنگەكانیان وەك ڤۆلتێر، بەڵام برتراند رسل ئاماژەی بۆ بزووتنەوەی رۆمانتیكی Romanticism داوە، كە وەك پەرچەكردارێك بوو بۆ بزووتنەوەی رۆشنگەریی، ئەم هەستە نەتەوەییە تازەیە كۆنترۆڵی هەموو ئەو هێزانەی كردبوو كە شۆڕشی 1979یان بەرپاكرد، ناسیۆنالیزم لە ئەوروپا بووە ئامرازێكی سەركووتكردنی گەل، كە بووە هۆی سەرهەڵدانی شەڕوشۆڕ، كارین ئارمسترۆنگ باس لە شۆڕشی فەرەنسا دەكات و دەڵێت: بە بەهایەكی بەرز دەستی پێكرد، بەڵام ئەوەندەی نەخایاند رۆچووە ناو ئاژاوەو خوێنڕشتن و دڕندایەتی. كاتێ تەنیا مەیلی ناسیۆنالیزم رەگ لەناو خەڵكدا دادەكوتێ، رەنگە لە بەهای گیان و مرۆییان كەمبكاتەوە، لەوەی كە بەرزی بكاتەوە، شەڕی یەكەمی جیهانیش كۆئەنجامی تاڵی ئەم فەلسەفە رەگەزپەرستییەیەو لەوانەیە بزووتنەوەی نازییەت بە سەرۆكایەتیی ئەدۆلف هیتلەری ئەڵمانی و بزووتنەوەی فاشی بە سەرۆكایەتیی مۆسۆلینی ئیتاڵی باشترین نموونە بن كە ئەم راستییە بەرجەستەدەكەن، هەردوو بزووتنەوەكە پەڕگیربوون لە بانگەوازكردن بۆ بەچاكزانینی هەردوو رەگەزی ئەڵمانی و ئیتاڵی بەسەر رەگەزەكانی دیكەدا، هیتلەر قەناعەتی وا بوو كە جوو لەناوبەرێت، چونكە رەگەزی ئاری تیتۆنی لە رەگەزی سامی چاكترە، ساندرسۆن لە گوتە بەناوبانگەكەیدا دەڵێت: تەنیا رەگەزی ئاریی مەزن توانای هەیە سەركردایەتیی مرۆڤایەتیی بكات بەرەو رێگای ئازادیی ئایینی و سیاسی و ئازادیی فیكر، دیارە هیتلەر كەوتۆتە ژێر كاریگەریی فەلسەفەی هیگل و Friedrich Hegel و فیچتە Johann Gottlieb Fichte، فیچتە لە بانگەوازەكانیدا بۆ نەتەوەی ئەڵمانی دەڵێت: مرۆڤ ئەگەر بە رەوشت بوو یان ئەڵمانی بوو یەك شتە، هیگل زیاتر پەڕگیریی دەكات و دەڵێت: تەنیا ئەڵمانییەكانن لە هەموو چوارچێوەكانی ئازادی گەیشتوون، ئەوەی ئەم فەلسەفە رەگەزپەرستییەی پێش ئەوانە چەسپاند ئەرستۆ بوو، كاتێ باس لە دەوڵەتی نموونەیی كرد: پێویستە هاووڵاتییەكانی هەر گریك بن، چونكە هەر ئەوانن كە زیندوێتیی گەلانی باكوورو زیرەكیی گەلانی رۆژهەڵات پێكەوە گرێدەدەن، پاشان ئەرستۆ بەراورد دەكات لەنێوان یۆنانییەكان و گەلانی دیكەدا، ئەم بیرۆكە رەگەزپەرستییە لای فارسیش هەبوو، كاتێ ئەنوشیروانی شای فارس یارمەتیی سەیف بن زی یەزنی شای یەمەنی دا و لە دەست حەبەشە رزگاریكردن، شای فارس گوتی: فارس دەتوانن ژن لە عەرەب بهێنن، بەڵام نەك بە پێچەوانەوە، مایەی سەرنجە كە ئەم فیقهە نادروستە لای هەندێ زانایانی ئیسلام دیارە، كە نەیانهێشووە ژنخوازیی لەنێوان عەرەب و نەتەوەی دیكەدا بكرێت، چونكە ئافرەتی غەیرە عەرەب ئاستی وەك عەرەبی نییە.
دواتر ئەم بیرۆكە رەگەزپەرستییە هاتە ناو جیهانی ئیسلامییەوە بەتایبەتیش لای فارس و تورك و عەرەبی كریستیان و هەندێ رۆشنبیرانی كورد، لە ئێرانیش ناسیۆنالیستەكانی فارس داوای گێڕانەوەی شارستانێتیی فارسی و ئایینی زەردەشتییان كرد، لەوانەش ئاخۆمەندزادەو میرزائاغاخان كرمیانی، لە توركیاش لەسەردەمی عوسمانییەكان ناسیۆنالیستەكانی تورك داوای رەتكردنەوەی نموونەی ئاینییان كرد، هەروەها لاساییكردنەوەی رۆژئاوا لە هەموو شتێكدا، كۆمەڵەی فەتات(1889) و ئیتحادو تەرەقی(1899) پەیدابوون، ئەم بزووتنەوە ناسیۆنالیستانەی دژ بە ئایین توانیان دەوڵەتی عوسمانی لە 1924 لەناوبەرن، كە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیاتر لە پێنج سەدە حوكمی كرد، كە نوێنەرایەتیی تاكە دەسەڵاتی ئایینی دەكرد لە جیهانی ئیسلامیدا لە بەرەوڕووبوونەوەی ئەوروپادا، ئەم دەوڵەتە وەك دەوڵەتانی دیكەی نەتەوەیی رەگەزپەرست هەڵسوكەوتی دەكرد، ئەگەر سەردانی كۆشكی سوڵتانەكان بكەیت دەبینیت شوێنی تایبەتی بۆ مەشقكردنی سوڵتانە بچووكەكان دەبینی كە بۆ فێربوونی ئەوە بوو كە چۆن حوكمی رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ بكەن، لە راستیدا ئەو سوڵتانە بچووكانە لەجیاتی میرانی كورد لە كوردستان دادەمەزران، چونكە مرۆڤی كورد ناتوانێت ببێتە میر یان پاشا بەپێچەوانەی مرۆڤی تورك، ئەوە بوو هەر 18 میرنشینی كوردی لەناوبران و تورك لەجیانی میرانی كورد دانران.
شتێكی گرنگتر لە رووی سیاسییەوە، مامۆستا سەڵاح خالیدی داوای كرد كتێبێكی رێزمانی كوردی دابنێت، بەڵام رەتكرایەوە، گرنگترین بەندی شۆڕشی شێخ عەبدولسەلام بارزانی ئەوە بوو كە زمانی كوردی بكرێتە زمانی فەرمی لە كوردستان، بەتایبەتیش لە خوێندندا، بەڵام عوسمانییەكان رەتیانكردەوە و شێخ عەبدولسەلامیان لە ساڵی 1914 لەسێدارە دا، بۆیە ئەو دەوڵەتەی كە چەند سەدەیەك بە ناوی ئایینەوە حوكمیان دەكرد ناسیۆنالیستی رەگەزپەرست بوو، لەسەرەوە ئاینیان بۆ چەوساندنەوەی گەلان دەقۆستەوە، لە ناوەوەش بۆ بەتورككردن و بە عوسمانیكردن بوو لەپێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانیاندا، محەمەد شەوافی نووسەری تورك دەڵێت: كاتی ئەوە هاتووە دەوڵەتەكەمان چاو بە سیاسەتی خۆیدا بخشێنێتەوە و رێچكەی ئیتاڵیاو بڕووسیا بگرێت كە بوونەتە دوو دەوڵەتی نەتەوەیی، دەوڵەتمان دەبێت موسڵمانان یەكبخات لە چوارچێوەی نەتەوەی سەرتاسەریی عوسمانی، چوونە ناو عورف و شتی ناوچەیی دەوڵەتمان لەناودەبات، یەكێتیی دەوڵەت و نەتەوە لەسەر بنەمای یەكێتیی ئایینە، نەك لەسەر یەكێتیی ئیتنی، ئەو نووسەرە كەوتۆتە پارادۆكسەوە، كاتێ سەرەتا بانگەشەی یەكێتیی ئیتنی دەكات، كە رێكەوتنە لەسەر ئەو دەوڵەتەی عوسمانییەكان حوكمی دەكەن، لە كۆتاییشدا داوای یەكێتیی ئایینی دەكات كە موسڵمانانی گەلانی دیكە كۆبكاتەوە.
بەڵام بەنیسبەت عەرەبەوە ئەوان زۆر پەڕگیریان كردووە، وا دیارە كاریگەریی كریستیانانی عەرەب زۆر بەهێز بووە، بانگخوازانی نەتەوەیی عەرەبی كە شوێنی ئایین بگرێتەوە بریتین لە پوترس بوستانی و ناسیف یازجی و فارس شدیاق و میشێل عەفلەق و نەجیب حەدداد، لە ساڵی 1904 نەجیب عازوری كە كریستیان بوو حزبێكی عەرەبی لەپێناو یەكێتیی عەرەبی دامەزراند، لە 1913 كۆنگرەیەك لە پاریس دەربارەی هاوبەندیی نەتەوەیی عەرەبی بەسترا شوێنی هاوبەندیی ئایینی بگرێتەوە، زۆربەی بەشداربووانیش لە كریستیانان بوون، تەنانەت موسڵمانانی عەرەبیش لەم جۆرە بیرۆكانەی رۆژوا تێوەگلان، عەلی حەسەنی خەربوتڵی لە كتێبەكەیدا (محمد والقومیة العربیة) دەڵێت: جێگەی سەرسامی نییە كە قورئانی پیرۆز بكەینە زیندووكەرەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی، پێغەمبەریش(دخ) یەكەم پیاوە كە بە نموونەی گیانی عەرەبی دابنێین، هەندێ توێژەری عەرەبی كاتێ باسی نەتەوەی كورد دەكەن وای دادەنێن كە یەكێكە لەوانەی كاریگەر بووە بە بیرۆكەی ناسیۆنالیزمی گشتیی لە ئەوروپاو نەتەوەكانی دەوروبەری، لە راستیدا وا نییە، ناسیۆنالیزمی كوردی لە دەرهاویشتەكانی واقیعی خەمناكی كوردە، لە ئەنجامی سیاسەتی ئەو دەوڵەتانەیە كە حوكمیان كردووە، بۆیە دەبینین كە ناسیۆنالیزمی كوردی سیماو جیاووكی خۆی هەیە، گرنگترینیان:
یەكەم: ناسیۆنالیزمی كوردی بە درێژایی مێژوو ئامرازێكی سرووشتی بووە بۆ درووستكردنی قەوارەیەكی نەتەوەیی و سیاسیی كە كورد لە ستەم و چەوسانەوە بپارێزێت، ئەوەی كە شاعیرانی كورد نووسیویانە ئەم راستییە دەسەلمێنێت، نموونەی ئەمانەش ئەحمەدی خانی لە داستانی مەم و زیندا كە لە 1591 نووسیویەتی بەر لە شۆڕشی فەرەنسی 1789، واتا نزیكەی سێ سەد ساڵ زووتر، دیارە شۆڕشی فەرنسا بە دیدی توێژەران سەرەتای دامەزراندنی تەنزیریی بیری ناسیۆنالیزمی ئەوروپایە، كاتێ لاپەڕەكانی داستانی ئەحمەدی خانی هەڵدەدەینەوە ئەو دێڕە شیعرانە دەبینین كە باس لە پەرتەوازەیی نەتەوەی كورد دەكات لەنێو دەوڵەتاندا، هەروەها ئەو ستەمەی لەلایەن نەتەوەكانی دیكەوە لێیان دەكرێت كە ئەوكاتە حوكمڕان بوون، هاوكات باس لە پێویستیی یەكێتی و رێككەوتن دەكات لەنێو كورددا بۆ گەیشتن بە قەوارەیەكی سەربەخۆ كە نەتەوەی كورد لە هەموو كارەسات و مەینەتی بپارێزێت.
دووەم: ناسیۆنالیزمی كوردی بە درێژایی خەبات نەبۆتە ئامرازێكی كلتووری بۆ شوێنگرەوەو دژایەتیكردنی ئایین، ئایین هەمیشە شوێنێكی پیرۆزی هەبووە لەنێو كورددا بەتایبەتیش لای سەركردەكانیان، هەموو شۆڕشەكان لەسەر هەمان رێباز بوونە، بۆ نموونە: بزووتنەوەی محەمەد پاشای رواندزی ناسراو بە میری كۆر (1832-1836) و میر بەدرخان (1846-1847) ویژدان شێر(1853-1855) و عوبێدوڵا نەهری(1878-1881)وعەبدولسەلام بارزانی(1907-11914) وسمكۆئاغای شكاك(1921-1922) و شێخ مەحمودی حەفید(1922-1924) و سەعیدی پیران(1925)وئەحمەد بارزانی(1931) و ئیحسان نوری باشا(1927-1933) و قازی محەمەد (1947) و مەلا مستەفای بارزانی (1943).
دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی كورد بەڵگەی روونە لەسەر ئەو بابەتە، بێ گومان لەنێو كورددا رۆشنبیران هەبوون كە دەیانەویست رێڕەوەكە بگۆڕن بەرەو مەزهەبگەری و بزووتنەوەی دژ بە ئایین، بەڵام شكستیان هێنا، پاشان ئێمە باس لە رێبازی گشتیی ئەو شۆڕشانە دەكەین نەك لەسەر نموونەگەلێكی دیاریكراو لە مێژوودا.
سێیەم: ناسیۆنابیزم بە سروشتیی خۆی پێویستە ببێتە هۆكارێك بۆ بەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەكان، قسەكردن لەسەر ناسیۆنالیزم بەنیسبەت نەتەوەكان كە قەوارەی نەتەوەیی سەربەخۆ و ئیدارەیەك بە خۆیان نەبووە، زۆر پێویستە و ئەركیشە، چونكە رەهەندی نەتەوەیی مێژوو و كلتوورو شارستانی و داب و نەریت و زمان و نیشتمانیی هەموو قەوارەیەك دەپارێزێت، كاتێكیش ئەو رەهەندە لەق دەبێت هەموو شتێك هەرەس دەهێنێت، بە راشكاوانەتر دەڵێم واقیعی كورد ناچاری دەكات كە گرنگییەكی جیددی و پراكتیكی بەو رەهەندە نیشتمانی یان نەتەوەییە بدات، بەڵام دەستەوەسان لەدەوری هەر رەهەندێكی دیكە و بە تایبەتیش رەهەندی ئایینی لەم هەلومەرجەدا چارەنووسی كورد بەرەو نەمان و لێكهەڵوەشاندن و دابڕان دەبات، هۆكاری ئەمەش دیارە، ئەویش ئەوەیە كە رەهەندی ئایینی لە فەلسەفەكەی خۆیدا قابیلی لێكدانەوەی زۆرە، بۆیە ئیشكالییەتەكانی ئایین و مەزهەبەكان و راوبۆچوونی فیقهـی رێگای نادروستن بۆ سەرهەڵدانی كێشەی زیاتر لە واقیعێكی ئاڵۆز و تاڵتردا، نەتەوەی كورد پێویستی بە ئامرازێكە بۆ كۆكردنەوەی فرەڕەنگیی ئایینی و مەزهەبی و جیاوازیی نەتەوەیی، لە یەك قەوارەدا كە هەموو چین و توێژەكان قایل بكات، پێموایە ئەو نەتەوانەی سەربەخۆ بوون و قەوارەیەكیان بۆ خۆیان پێكهێنا پێویستیان بە قسەكردن نییە لەسەر ناسیۆنالیزم بەو ئاستەی كە نەتەوەكانی دیكە باسی دەكەن، مەبەستم ئەو نەتەوانەیە كە بەدوای چارەنووسی خۆیاندا دەگەڕێن، نووسەرێك دەڵێت: دیارە كە كۆڵۆنیالیزم دەوڵەتی تایبەتی بەخشی بە نەتەوەكانی عەرەب و فارس و تورك، بەڵام كورد هیچ دەوڵەتێكی پێ نەداون، هەتا ئەگەر بچووكیش بێت بە قەدەر رووبەری بەحرەین یان كوێت، بۆچی ؟!
چوارەم: كورد لەو شوێنانەی تێیدا دەژین نامۆ نین، ئەوان خاوەنی خاكە راستەقینەكەن، مێژوو رەسەنێتیی ئەو نەتەوەی سەپاندووە، ئەوان كاتێ داوای دامەزراندنی قەوارە دەكەن، داوای گەڕاندنەوەی مافی زەوتكراویان دەكەنەوە، كۆڵۆنیالیزم قەوارەكەی دابەشكردوون، ئەوانی بەسەر چەند دەوڵەتێكی ناسراودا دابەشكردووە، زانایانی ئەنترۆپۆلۆجیا ئاماژەیان بەوەكردووە كە گەلی كورد رەسەنەو شارستانییەتێكیان بنیادناوە كە بەشێك بووە لە شارستانیی ئاری Arian Civilization و بە ئیمپراتۆریەتی میدیا Meedi Empire ناسرا بوو، پایتەختەكەشی هەمەدان یان ئەكبەتان بووە.
لەگەڵ روونبوونەوەی ئەو راستییەدا دەبینین كە نووسەرێك بەمە ئامۆژگاریی كورد دەكات: بۆچی
داوای دووركەوتنەوە یان جودابوونەوە دەكەن؟ برایانتان بەتەنگەوەتانن وەك چۆن بۆ خۆیان وان، ئایا ستەمتان لێكراوە؟ سووكایەتیتان پێكراوە؟ رازی نین كە ئێوەی كەمینە یەكسانن بە زۆرینە، ئایا ئەو سەركێشییەتان لە چییە، یەك نیشتمان، یەك ئامانج، یەك چارەنووس، ئەم جۆرە ئامۆژگاری و راسپاردانە باویان نەماوە، ئێستا ئێمە لە سەردەمی جیهانگەرایی و تەكنەلۆژیاو مافی مرۆڤ و فرەیی پەرەسەندن و پێشكەوتنداین، كێشەی زۆرینەو كەمینە بەسەرچووە، دواتر ئەو قسانە تەنیا ئەوانە دەیكەن كە بە تەواوی شارەزا نین لە واقیعی كورد، لەو ستەم و چەوسانەوەی كە لەسەر دەستی دەسەڵاتە یەك لەدوایەكەكانی عێراق چەشتوویانە.
پێنجەم: ناسیۆنالیزمی كوردی بە درێژایی مێژوو هۆكار نەبووە بۆ دابەشبوونی نەتەوەی ئیسلام، ئەو جیابوونەوەو لێكدابڕانەی روویانداوە هۆكارێكی كۆلۆنیالیزمی رۆژئاواو بووە كە ئەو وڵاتانەی داگیركردووە، گەلانی موسڵمانی بەسەر چەند دەوڵەتی ناسیۆنالیستی دابەشكردووە، بێ گومان كوردیش قوربانیی ئەو دابەشبوونە بووە، تاكە نەتەوەیە كە وەك گەلانی دیكەی ناوچەكە سەربەخۆ نەبووە، بۆیە هەوڵدەدەن ئەوەی كە كۆڵۆنیالیزم تێكیداوە چاكی بكەنەوە، ئەمە بەمانای دامەزراندنی دەوڵەتی گەورەی كوردستان نییە، بۆ نموونە كورد لە كوردستانی عێراق دوای 2003 داوای یەكسانیی راستەقینەو شەراكەتی نیشتمانی و هاووڵاتیبوونی راستەقینەی كرد لەسایەی سیستەمێكی دیموكراتی و فیدرالی و فرەییدا، بەڵام دوای 14 ساڵ هیچ لەمانە نەهاتەدی، دەوڵەتی عێراق بوو بە دەوڵەتی ئایدیۆلۆجی كە هەڕەشە لە سیستەمی دیموكراسی دەكات، بۆیە سیستەمی فیدرالی شكستی هێنا، لەبەر ئەوە پێویستە پەناببرێتە بەر سیستەمێكی باڵاترو ژیانێكی لەبارتر لەگەڵ شەریكەكانمان لە عێراقدا، بۆیە كۆنفیدرالی چاكترین چارەسەرە تاكو وەك هاوكارو برا بمێنینەوە، چونكە مافی كوردە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان هەبێت وەك هەموو نەتەوەكانی دیكە.
دوا وتە: لەبەر ئەوەی ئێمە بەرەو دەنگدان دەچین لە 25-9 بێ پاشگەزبوونەوە دوای ئەوەی بێئومێد بووین لە سیاسەتە ستەمكارەكانی بەغدا دەرحەق بە كوردستان، بۆیە ئێمە دەوڵەتێكی ناسیۆنالیستی تەنیا تایبەت بە كورد دانامەزرێنین، بەڵكو دەوڵەتێكی نیشتمانی بۆ هەموو پێكهاتەكانی كوردستان لە كوردو توركمان و كلدۆئاشوری و ئەرمەن و عەرەب و هەموو ئەوانەی لە كوردستان نیشتەجێن، لە هەمان كاتدا هەوڵدەدەین هەموو پێكهاتەكان رازی بكەین كە هەست بە ئینتیما بكەن بۆ ئەم نیشتمانە، پێویستە چاو بە هەموو شتێكدا بخشێنینەوە كە مۆركی نەتەوەیی ببەخشێت و شێوازێكی تایبەت بە پێكهاتەیەكی دیاریكراو بەتایبەتیش كورد، هەر لە سروودی نیشتمانی و رۆژی نیشتمانی و ئاڵای كورد و زۆر شتی دیكە، سەرۆك مسعود بارزانی لەكاتی قسەكردن لەگەڵ پێكهاتەكانی كوردستان ئاماژەی بەم خاڵە گرنگە داوە، پێشنیاری كردووە كە تەنانەت چاو بە ناوی كوردستانیشدا بخشێنرێتەوە، چونكە ئەو ناوە نیشانەیەكی دیارە بەوەی كە ئەو نیشتمانە تەنیا بۆ كوردە، بێ گومان كورد زۆرینە لە كوردستان پێكدەهێنن، بەڵام پێویستە ئەو قۆناغە پۆلێنكراوە نیگەرانییە تێپەڕێنین و ئیشكالییەتی زۆرینەو كەمینە لەبیربكەین، راستەوخۆ و بێ دوودڵیی و گفتوگۆو ململانێ بچینە نێو سەردەمی راستەقینەی دەوڵەتی نیشتمانیی مەدەنی و دیموكراسییەوە، چونكە پێویستە پەندو وانە لە ئەزموونی سەركەوتوو و شكستخواردوو وەربگرین، لە راسستیدا ئامانجی سەرەكی لەم بانگەوازە ئەوەیە كە پێكەوەژیانی ئاشتییانەو برایەتیی راستەقینەی نیشتمانی بێتەدی، تاكو هەمووان هەست بە ئینتیما بۆ ئەو نیشتمانە بكەن، ئەو دەوڵەتانەی سیفەتی ناسیۆنالیزمیان هەیە نەیانتوانیوە پێكەوە ژیان لەنێو پێكهاتەكان بەدی بهێنن، بەڵكو تووشی ململانێی خوێناوی بوونە، چونكە وڵات لە پێكهاتەی جیاواز پێكدێت، ناكرێ نەتەوەیەكی دیاریكراو بەسەر نەتەوەكانی دیكەدا بسەپێنرێت، دەوڵەتی ناسیۆنالیستی بۆ ئەو وڵاتە باشە كە یەك نەتەوەی هەبێت وەك دەوڵەتانی عەرەبی، بەڵام بۆ نموونە عێراق و توركیا و ئێران ناكرێ دەوڵەتی ناسیۆنالیست بن، بەڵكو دەبێت نیشتمانی بن بۆ هەموو پێكهاتەكانیان.

Top