غەڵەتی كاكە فەرید . غەڵەتی
August 28, 2017
وتار و بیروڕا
ئەوەی جێی سەرنج بوو تەنیا قسەی كاك فەرید ئەسەسەرد بوو. ئەو پێی وایە دەنگدان بە بەڵێ و دەنگدان بە نەخێر هەردوكیان نیشتمانپەروەرییە و هەردوولا نیشتمانپەروەرن!!
من پێموایە رۆژێك زووتر نیقاشی نێوخۆیی كورد لەسەر سەربەخۆیی كۆتایی بێت، درەنگە، چونكە سەربەخۆیی دەبێت مایەی نیقاشی نێوان كورد و دەرەوەی كورد بێت نەك نێوان كورد خۆی. ئەمە سەرقاڵكردن و ئیستنزافی توانای كورد و دروستكردنی چەلەحانێی بێ سەمەری نێو كورد خۆیەتی تا نەپەرژێتە سەر حیوار لەگەڵ عێراق و تورك و فورس. ئەمە تەڵەی ئێرانە و هەرچی زووترە دەبێ كورد لەو تەڵەیە قورتار بێ و ئەم نیقاشە بێ سەمەرە كۆتایی پێبێنێ و ئەو مانگەی ماومانە لەگەڵ دەرەوەی خۆمان بئاخفین. بەڵام بەداخەوە هەندێ جار قسەی وا دەبیستی ناچارت دەكات قەوسێكی دیكەی ناچاری بۆ نیقاشی نێوخۆیی بكەیتەوە.
باشە ئەگەر كاك فەرید (بەڵێ بۆ مافی چارەی خۆنوسین) و (نەخێر بۆ مافی چارەی خۆنوسین) هەردوكی بە نیشتمانپەروەری دەزانێ، ئەدی حزبەكەی و حزبەكانی دیكەی كوردستان ساڵانی شۆڕش ئەو هەموو كوردەیان بۆ لەسەر (دژایەتی مافی چارەی خۆنوسین) ئیغتیال و ئیعدامی شۆڕشگێڕانە كرد؟؟. هەزاران كوردی بەعسی و رەفیق حزبی وجاش و ئیستخبارات و پیاوی حكومەتیان لەسەر چی كوشت. ئەوان جگە لە هەڵوێستی (نیشتمانپەروەر!!)انەی (نەخێر بۆ مافی چارەی خۆنوسین)، چ تاوانێكیان هەبوو؟. جگە لە (نا بۆ سەربەخۆیی كوردستان) و (بەڵێ بۆ عێراق)چ گوناهێكیان هەبوو؟.
كەواتە ئەو هەموو (نیشتمانپەرەرو!!)ەتان لەسەرچی كوشت؟. ئەی ئەوان لەسەرچی كون بە كون و شاخ بە شاخ بە دوای ئێوەی پیشمەرگەی (بەڵێ بۆ مافی چارەی خۆنوسین)دا دەگەڕان تا بتانكوژن، ئێمەی (نیشتمانپەروەر) و ئەوانی (نیشتمانپەروەر!!) لەسەرچی شەڕمان بوو؟؟.
ئەگەر (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنوسین) و (نەخێر بۆ سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنوسین) هەردوكیان نیشتمانپەروەرین، ئەدی پێشمەرگە و جاش لەسەرچی یەكدییان دەكوشت. ئەسلەن پێشمەرگە و عەسكەر لەسەرچی شەڕیان بوو!!ئەدی بۆ پێشمەرگە خۆشەویست و جاش قێزەون بوون؟ ئەدی بۆ پێشمەرگە رزگاركەر و عەسكەر داگیركەر بوون؟.
ئەگەر (بەڵێ بۆ مافی چارەی خۆنوسین) و (نەخێر بۆ مافی چارەی خۆنوسین) هەردوكیان نیشتمانپەروەرین، خەباتی تۆ و هەڤاڵەكانت، حزبەكەت و كۆی حزبەكانی دیكە، تێكڕای شۆڕشەكانی كورد، سەد ساڵ نێكۆشان و خوێنڕشتن وئەو هەموو كارەساتە بۆ چی و بۆ كام ئامانج بوو؟ گەر وایە، شۆڕش جگە لە پوچگەڕایی و عەبەسێكی شێتانە، چی بوو!!!.
بوونی خانەی (نەخێر) لە فۆرمی ریفراندۆمدا ماناكەی ئەوە نییە بەڵێ و نەخێر هەردوكیان نیشتمانپەروەریین، بوونی خانەی (نەخێر) بۆ ئەوەیە بە بەتاڵی نیشانی جیهان و یار و نەیار بدرێ و بگوترێ كورد لە پرۆسەیەكی دیموكراتیدا بە كۆی دەنگ سەربەخۆیی خواست، بۆ ئەو نەتەوانەشە كە كورد نین و رەنگە وەك كورد لەسەر سەربەخۆیی هاودەنگ نەبن و بەشێكیان رای جیاوازیان هەبێت و دەبێ رێز لەو رەئیە جیاوازەیان بگیرێ.
كە دیفاع لە دەنگی (نەخێر بۆ مافی چارەی خۆنوسین) مومكین نەبێ و شەرمئاوەر و قێزەون بێت، بە بوونی خانەی (نەخێر) لە فۆرمەكەدا پاساوی بۆ ناهێنرێتەوە و شەرعییەتی نادرێتێ و ناكرێتە دەنگێكی نیشتمانپەروەر.
مانگێكمان ماوە بۆ ریفراندۆم. هەموو راستییەكان روونبونەتەوە. هەموو گومانەكان رەویونەتەوە. دردۆنگی و راراییەكان وا كۆتاییان دێت. بەردەوامی لەسەر ئەم جۆرە نەغمە نەشاز و بێ هودەیە، لەسەر ئەم پەتپەتێن و بێ روئیایی و سەرلەخۆشێواندنە، لەهەر كەسێكەوە بێت، ئیدی شەرمە.