زەمەن بە تەوقیتی كوردی
August 26, 2017
وتار و بیروڕا
ئیدی هیچ یاسا و شەرع و عورفێكی نێودەوڵەتی نەماوە كەمترین شەرعیەت بە رێگرییكردن لە مافی بڕیاردانی چارەنووسی كورد بدات. هەموو كاردانەوەكانمان بینی و لە كاردانەوەی ئاسایی و چاوەڕوانكراو، زیاتر نەبوون. ترساندن و خۆگیڤكردنەوە و شەڕی سایكۆلۆجی و ئیرادەشكاندنمان بینی و هیچیان زەفەریان بە پێداگیریی و ئیسراری كورد و سەرۆك بارزانی نەبرد.
ئێستا ئیدی لە كورد خۆی بترازێ، هیچ هێزێك ناتوانێ رێ لە سەربەخۆیی كوردستان بگرێت. مەگەر كورد خۆی نەیەوێت سەربەخۆ بێت، دەنا كەس ناتوانێ بەژێردەستەیی بیهێڵێتەوە. ئەوانەی لەو دیو سنورەكانەوە گرەو لەسەر ئەو ئەگەرە دەكەن، زۆر كەمن، زۆریش كەم ئومێدن، پێیان وایە دواجار و لەسەر سندوقی دەنگدان، سەرباری ناكۆكی و ناڕەزایی و توڕەیی لە هەلو مەرجی ناوخۆ، مەحاڵە كوردگەلێك بە نەخێر بۆ سەربەخۆیی، چارەنوسی ووڵات و ئایندەی خۆیان كوێركەنەوە.
لە نێوخۆدا رۆژ بە رۆژ ئەو قەناعەتە باشتر دەچەسپێ كە سەربەخۆیی ئەجیندا و بەرنامە و بەرژەوەندی حزبێك نییە. قازانجەكەشی مەحاڵە حزبێك و دوو حزب بیچننەوە. (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) نە بەڵێیە بۆ وەك خۆ مانەوەی رەوشی نالەباری ئێستا و نە بە نەخێریش قەیران و گرفتە نێوخۆییەكان چارەسەر دەبن. (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) هەم تێپەڕاندنی قۆناغی ئێستای قەیراناوی كوردستانە و هەم كۆتاییهێنانە بە سەد ساڵ ژێردەستەیی. (بەڵێ) هەم نەخێرە بۆ بەردەوامیی رەوشی نالەباری نێوخۆیی ئێستا و هەم نەخێرە بۆ بندەستی و پاشگۆیەتی و بێ ئایندەیی.
لە دەرەوەش رۆژ بە رۆژ قۆناغی ناڕەزایی و تێبینی و تەحەفوز و تەنانەت چاوسوركردنەوەش بەرەو كاڵبونەوە دەچن. لە جیاتی ئەوە، قۆناغی دەست و پەنجە نەرم كردن لەگەڵ حەتمیەتی سەربەخۆیی كوردستان، سەرەتاتكێ لەگەڵ ساڵنامە و تەوقیتێكی كوردی دەكات كە بە بیست و پێنجی ئەیلول دەستپێدەكات.