ئه‌مڕۆ، پارتی، حەفتاوودووه‌مین مۆمی ته‌مه‌نی خۆی داده‌گیرسێنێت. حەفتاویه‌ك ساڵی ته‌واو له خه‌بات، قوربانیدان، هه‌وراز و نشێو، سه‌ركه‌وتن و نوشست، كه‌وتن و هه‌ستانه‌وه به‌ڕێده‌كات. شانزه‌ی ئابی ئه‌مساڵ، بارته‌قای هه‌ر شه‌ستویه‌ك شانزه‌ی ئابه‌كانی پێشووه. له هیچیان ناچێت، هه‌مووشیانه پێكه‌وه. پارتی كه له شانزه‌ی ئابی 1946 دروستبوو، بۆ ئه‌م شانزه‌ی ئابه‌ی ئه‌مساڵ دروست بوو. هه‌رچی خه‌بات و قوربانی داوه، بۆ ئه‌مڕۆ بووه. سه‌ركه‌وتنه‌كانی، بوونه‌ته به‌ردی بناخه‌ی ئه‌مڕۆ. ئه‌و زه‌برانه‌ش به‌ری كه‌وتووه هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌مڕۆ بووه. سه‌رباری ئه‌و هه‌موو ئاسته‌نگ و پیلان و گه‌له‌كۆمه‌كێیه، پارتی و ئامانجه‌كه‌ی به‌زیندوویی، له هه‌ركات زیندووتر، مانه‌وه. نهێنی مانه‌وه و به‌رده‌وامیی پارتی، له ده‌ستپێوه‌گرتنی ڕێبازی بارزانیدایه. ئه‌م ڕێبازه‌ش، هه‌رگیز له‌گه‌ڵ خۆی و ئامانجه‌كانیدا دژبه‌ر نه‌بووه. چی ویستووه، هه‌ر ئه‌وه‌ی گوتووه و كردووه. هه‌رگیز، شتێكی ڕانه‌گه‌یاندووه و شتێكی تر بكات. به‌سووربوون له‌سه‌ر ڕێبازی بارزانی، ئامانجی پارتی، له یه‌كه‌مین ڕۆژه‌وه تا ئه‌مڕۆ، سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه. بۆیه به‌درێژایی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردستان، هه‌رچی زه‌برێك به‌ر پارتی كه‌وتبێت، ڕاسته‌وخۆ به‌ر خه‌باتی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كه‌وتووه. ئه‌مڕۆش هه‌روایه؛ ئه‌وانه‌ی دژی پارتین، به ئاشكرا و بێ شه‌رموشكۆ، سێره‌یان له سه‌ربه‌خۆیی گرتووه. چونكه دووانه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و پارتی، مێژووكرده، هه‌ر هه‌وڵێك بۆ لێكدابڕینی ئه‌م دووانه‌یه، بێهووده بووه و ده‌بێت. ئه‌م بێهووده‌ییه‌ش، ئه‌مڕۆ له هه‌ر ده‌وروزه‌مانێكی تر، ڕووونتره. ئاخر زۆر جاران وابووه، پارتی بۆ دیفاعكردن له كوردستان، تاكه‌باڵ به‌رانبه‌ر پیلان و گێچه‌ڵی نه‌یارانی كوردستان وه‌ستاوه‌ته‌وه، وه‌لێ ئه‌مڕۆ، پارتی له ته‌ك زۆربه‌ی هێزه سیاسییه خه‌باتگێڕه‌كانی كوردستان و زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستاندا، به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه، ده‌ستباری پرسی ڕیفراندۆم و گه‌یاندنی كاروانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانن به كه‌ناری ئارامی. ئه‌گه‌ر شكاندنی یه‌كه‌م ته‌وقی دیلی به‌ر پارتی كه‌وتبێت، له شكاندنی دوایین ته‌وقدا، حزب و هێزه‌كانی كوردستان، سه‌رله‌به‌ری میلله‌ت، ده‌ستبار و هاوبه‌شن. ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ، ڕاسته‌وخۆ و به‌ئاشكرا، یان شه‌رمنانه و ژێربه‌ژێر، دژی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی وه‌ستاونه‌ته‌وه، تووشی دوالیزمێكی نه‌زانیی بوون. نه خه‌ڵكی كوردستان و مێژووی كوردستان ده‌ناسن، نه پارتی و هێز و حزبه هاوپه‌یمان و هاوئامانجه‌كانی. نازانن هه‌موو ئه‌و درووشم و بڕوبیانووانه‌ی بۆ دژایه‌تی سه‌ربه‌خۆیی ده‌یهێننه‌وه، دواجار كه‌س باوه‌ڕیان پێناكات، ڕیسوا ده‌بن، بیانه‌وێت یان نا، خۆیان له به‌ره‌ی داگیركه‌ران و نه‌یارانی كوردستاندا ده‌بیننه‌وه، مێژووش هه‌ر به‌و ناوه‌وه تۆماریان ده‌كات. دیسان، بێ‌ئاگان له‌وه‌ی به حزبیكردن و شه‌خسیكردنی ڕیفراندۆم و خه‌باتی سه‌ربه‌خۆییخوازیی، ناوهێنانی پرۆسه‌یه‌كی نیشتیمانیانه و مێژوویی وه‌ك ڕیفراندۆم به (ڕیفراندۆمی بارزانی یان پارتی)، حزب و هێزه به‌شداره‌كانی كاروانی سه‌ربه‌خۆیی، سارد ناكاته‌وه و پرۆسه‌كه، گه‌یشتووه‌ته خاڵی نه‌گه‌ڕانه‌وه. نازانن، ئه‌وه‌ی ئه‌وان وه‌ك تۆمه‌ت ده‌یبه‌خشنه‌وه: ڕیفرادۆمی بارزانی، یان پارتی، بۆ پارتی و پارتییه‌كان، شانازییه‌كه ئیدیعای ناكه‌ن، تۆمه‌تێكه ڕه‌تی ناكه‌نه‌وه. عێراقچی و نه‌خێربێژه ئازیزه‌كانی كوردستان، سوپاس بۆ ئه‌و تۆمه‌ته.