دەنگی سلێمانی دێ
August 15, 2017
وتار و بیروڕا
سلێمانی كانگای بیری نەتەوەیی و پێشەنگی كوردایەتییە. ئەو كاتەی كوردایەتی دەگاتە دوا مەنزڵ، ناكرێ و نابێ پێشەنگ و رچەشكێن و ئاڵاهەڵگرەكە لە دواوە بێت. ئەم هاوكێشەیە هەڵەیەكی نالۆژیكی و چاوەڕواننەكراو و بێ مەعنایە، راستدەبێتەوە.
ئیرهابی فكری، چەواشەكاری و شەڕی سایكۆلۆجی، بەلاڕێدابردن، قۆستنەوەی خراپیی گوزەران و مەینەتی، حیزباندنی هەموو كایەكان، چاندنی تۆوی رق و دووبەرەكی و بە شەیتان كردنی ئەم و ئەو، كاریگەرن، بە تایبەت لەسەر نەوەیەك كە تەمەن رێی نەداوە هاوژییانی مێژووی هەڵمەت و سەرسەختییەكانی شار بێ و هەوڵێكی زۆریش دراوە نەچێتەوە سەر ئەو مێژووە و لەبیری ببرێتەوە. بەڵام دواجار لە سەرچاوەوە چی هەڵقوڵێ، هەر ئەوە دەمێنێتەوە، هەموو ئەو خۆڵ و خاشاكەی دەكرێتە چەمی شارەوە، ئاوی زوڵاڵ و لە سەرچاوەوە روون و بێگەردی شار رایدەماڵێ و چەمی شار روون دەبێتەوە. مەعدەنی رەسەن چی بێت، دواجار هەر ئەو دەبریسكێتەوە.
ئیرهابی فكری، هیچ نەما بە سلێمانی نەكات. هەموو قودرەت و تواناكانی خۆی بۆ شكاندنی شكۆ و تاریكاندنی مێژووی شار،خستەكار. تەنانەت جەسارەتی كرد لە پایتەختی كوردایەتییەوە، كەمپینی دژایەتی كوردایەتی و سەربەخۆیی جاڕ بدات. هیچ زوخاوێكی پێ نەما نەیكات بە گەروی سلێمانییا. ئیتر نۆرەی سلێمانییە. نۆرەی ئەو دەنگە زوڵاڵەیە كە لە مێژوو و رەسەنایەتی و شكۆی نەبەزیوی شارەوە سەرچاوەدەگرێ. هەمیشە دیمەنە راستەقینەكان، دەنگ و رەنگە رەسەنەكان، دوای دامركانەوەی تەپو تۆز و لەپەلو پۆكەوتنی رەشەبا و ساماڵ بوونەوەی ئاسمان دەردەكەون. ئاسمانی سلێمانی ئیتر رووی لە ساماڵ بونەوەیە. بە ئاشكرا دەنگی ئەسپەشێی سلێمانی و دارولمولكەكەی بابان و دووبارە شەكانەوەی بەیداغی مەلیكی كوردان و بانگ و سەڵای راپەڕین دێتەگوێ.
سلێمانییەك نە سوغرەكێشیی ئالی عوسمان و نە حاكمییەتی عەجەم و عەرەبی قبوڵ كردبێ، بۆ هەموو شتێك دەگونجێ تەنیا بۆ ئەوە ناگونجێ بكرێت بەگژ سەربەخۆیی و كوردایەتیدا، بكرێ بەگژ خۆیدا.
سلێمانی بۆ كوردایەتی درووست بوو، تەمەنی لە كوردایەتیدا بەسەربرد، هەمومانی خستە سەر كەڵكەڵەی كوردایەتی و لووتبەرزی نەتەوەیی. ئەوانەی سلێمانی بە ئامرازی لەباری دژایەتی سەربەخۆیی دەزانن، سلێمانی نەناس و نەخوێندەواری مێژوو و غەوارەن بە ئەسل و فەسلی شار.
سلێمانی حزبایەتی دەكا، دەنگ هەڵئەبڕێ، ناڕەزایی دەدەبڕێ، پشتی ئەم دەگرێ و پشتی ئەو بەردەدات، چەپڵە بۆ ئەم لێئەیا و چەمۆڵە لەوی دیكە ئەنێ، بەڵام دواجار هەمووی بۆ كوردایەتی و ئازادی و ووڵاتێكی جوانترە. جوانییەك كە هەرگیز لە ژێر چەپۆكی داگیركەردا ناخەمڵێ.
دۆڕان و مایەپوچی هیچ حزبێك، دۆڕانی سلێمانی نییە. تەنیا پاشەكشەی كوردایەتییە كە بۆ سلێمانی پاشەكشە و دۆڕانە. تەنیا ناكامی و شكستی كوردایەتی بۆ سلێمانی شكستە، بیست و پێنجی ئەیلول سلێمانی هاوشانی كەركوك و هەولێر و دهۆك، دەستی شەهیدانی هەڵەبجە دەگرێ و (سەیوان و شەهیدان) بە پێش خۆی دەدا و پێش هەموومان لەسەر سندوقی (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی)یە.