چاكسازی لەحكومەتدا وەك فاكتەرێك بۆ سەربەخۆیی
August 15, 2017
وتار و بیروڕا
دیارەو بەڵگەنەویستە كە سەرهەڵدانی كێشەو قەیران لە ماوەی فەرمانڕەوایی هەر حكومەتێكدا شتێكی چاوەڕوانكراوەو دەیان نموونەی بەرچاویش لە رابردوو تا ئێستاش هەن كە شایەدی بۆ ئەو قسەیە دەدەن، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە جیاوازیی مامەڵەكردنە لەگەڵ قەیراندا، چونكە كاتێك حكومەتە جیاوازەكان تووشی هەمان قەیران دەبن، دەبینین هەندێكیان خۆڕاگرانە بەرگەی دەگرن و هەڵدەستنەوە، هەندێكیشیان شكست دێنن لە بەرەنگاربوونەوەیدا.
بۆیە ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بەپێویست دەزانم و دەكرێت لە ئێستادا حكومەت كاری خێرای لەسەر بكات:
1. بنیادنانەوەی پردی متمانە لەنێوان حكومەت و خەڵكدا وەك بەردی بناغەی هەر رێگەچارەیەك.
2. پێداچوونەوە بە خشتەی نوێی مووچە.
3. خۆ دوورگرتن لە كات بەفیڕۆدان و دواكەوتن لە ئەنجامدانی چاكسازی.
4. دامەزراندنی ئەنجومەنی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
5. سوودوەرگرتن لە ئەزمونی هاوشێوەی وڵاتانی دی كە بە هەمان قەیراندا تێپەڕبوون.
6. دۆزینەوەو كۆكردنەوەی قەرزەكانی حكومەت لەسەر كەرتی تایبەت و هاووڵاتییان.
7. بەشداریپێكردنی هاووڵاتیان لەهەڵگرتنی بەشێكی بەرپرسیارییەتییەكان.
8. زیندووكردنەوەی ئابووریی كشتوكاڵی.
9. پەرەپێدانی چەمكی گەشتوگوزاری ژینگەیی و ئایینی.
10. بووژاندنەوەی ئابووریی گوندو لادێ.
11. راستكردنەوەو چاككردنی پەیكەری ئیداری و رزگاربوون لە رۆتینی ئیداری.
12. گۆڕینی شێوازی دامەزراندنی كارمەندان لە تەزكییەوە بۆ ئەنجومەنی راژە.
13. گێڕانەوەی پێگەی شایان بۆ كاری راوێژكاری.
14. پەیڕەوكردنی سیاسەتی بەتایبەتكردن (الخصخصة)ی هەندێك لە سێكتەرە خزمەتگوزارییەكانی وەك شارەوانی و ئاو و كارەباو گواستنەوەو گەیاندن.
15. دەرچوون لە ئابووریی بەكاربەرەوە بۆ ئابووریی وەبەرهێن .
16. پێدانی هەل بە كارتی تایبەتی بەرپرسیار و بەشدار لەپەرەپێداندا.
17. گواستنەوەی زۆرێك لە چالاكییە بازرگانی و پیشەسازییەكان بۆ كەرتی تایبەت.
18. دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و پیشەسازییە خۆڕاكییەكان.
19. دامەزراندن و كاراكردنی رێكخراوەكانی تایبەت بە پاراستنی مافی بەكاربەر.
20. كۆبوونەوەی خولیی لەنێوان حكومەت و دەزگا میدیاییەكاندا بە مەبەستی خستنەڕووی راستییەكان و شەفافییەت لەهەواڵ و راپۆرتە شیكارییەكانی میدیادا.
ئەم پێشنیارو راسپاردانە زۆر ئاسانن لە جێبەجێكردندا ئەگەر ئیرادەی بەهێز هەبێت بۆ بەگەڕخستنی، چونكە ئەم راسپاردانە زیاتر لە واقیعی خۆمان و نێوخۆمانەوە نزیكن و رەچاوی زۆرێك لە رەهەندە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەی كوردەوارییان تێدا كراوە، بۆیە ئێمە لەم كاتە هەستیارەدا زیاتر پێویستیمان بە چاكسازیی خێرایە بۆ ئەوەی چاكسازیی بینراو ببێتە فاكتەری هاندانی هاووڵاتییان بۆ زیاتر بەدەمەوەهاتنی پرۆسەی ریفراندۆم و هەنگاونانی بەدڵنیایی و متمانەوە بەرەو سەربەخۆیی كوردستان.
هیوادارم بە هەموومانەوە بتوانین ئەم قۆناغە تێپەڕێنین بەرەو ئاسۆیەكی گەشتر و بە سوودوەرگرتن لەم قەیرانەش زیاتر و وردتر لە بیری ئایندەو داهاتوومان بین لە رووی دارایی و ئابوورییەوە، بەتایبەت لە سەردەمێكدا كە سەركەوتنی ئابووری ئاسانكاری دەكات بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەكانی هەر وڵات و هەرێمێك.