قەیرانەكان دەبێ هاندەرمان بن یان دەستوپێ گیر!
August 13, 2017
وتار و بیروڕا
بە كام شەرع و پێوەر، بوونی ناكۆكی سیاسی لە نێو نوخبەی سیاسیی میللەتێكدا، مافی چارەی خۆنوسین لەو میللەتە دەسێنێتەوە. ئایا ناكۆكییەكان لە پێناوی سەربەخۆییدا، دەبێ چارەبكرێن یان بكرێنە ئاستەنگ و بەهانە؟ كام میللەتی دونیا پێش و پاش بەدەوڵەتبوونیش، ناكۆكی لە نێو حزبە سیاسییەكانیدا نەبوون؟. ئەگەر (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی و كۆبونەوەی هەموان لەدەوری ئەو ئامانجە باڵایە، ناكۆكییەكان چارەسەر نەكات و یان لانی كەم هەڵیاننەپەسێرێ یان كاڵیان نەكاتەوە، ئایا (نەخێر و دواخستن) چارەیان دەكات و هاودەنگیی دێنێتەدی؟. ئەگەر لە خەمی سەربەخۆییداین و زەمینەسازیی نێوخۆیی بۆ بە پێویست دەزانین، ئایا دەبێ بەپیر پیكهاتنەوەوە بێین و زەمینە سازكەین یان تا دەرفەتەكە لەدەست دەچێ هەربڵێین زەمینە ناسازە!!
ئایا قەیرانی دارایی بە دواخستنی ریفراندۆم و رەتكردنەوەی سەربەخۆیی چارەسەر دەبێ؟. ئایا لە ئەساسدا قەیرانی دارایی دەرهاویشتەی ئابوری پاشكۆ و دەستگرتنی دەوڵەتی مەركەزییە بەسەر داهات و موقەددەراتی دارایی كوردستاندا یان ئەنجامی بەدەوڵەتبوون و سەربەخۆییە، دەبێ بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە، پاشكۆیەتی ئابوری رەتكەینەوە یان سەربەخۆیی و دەوڵەت؟.
كام تەجروبەی گەلانی دونیا پێمان دەڵێ هەر میللەتێك باری ئابوری نالەبار و قەیراناوی بوو، مافی سەربەخۆیی و دەوڵەتداریی نییە؟. كام یەك لە میللەتانی سوودانی باشوور و چیك و سلوڤاكیا و تیموری ڕۆژهەڵات وڵاتانی بالكان و وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو كاتێ سەربەخۆییان راگەیاند، لەوپەڕی خراپی گوزەران وقەیراندا نەبوون؟. جگە لە سەربەخۆیی و رزگاربوون لە پاشكۆیەتی، چی دواجار ئاسۆی گەشەی ئابوری بۆ كردنەوە و وڵاتەكانی خستنە سەر راستەرێی بوژانەوە و خۆشگوزەرانی؟. ئایا بە مانەوە لە ناو ئەو عێراقەی غەرقی قەیران و قەرز و فەشەلە و بە بۆدجەی دزراوی ئێمە و بەتاڵكردنەوەی یەدەگی بانكیی مەركەزی، خۆی بە پێوە راگرتووە، قەیرانی داراییمان چارەسەر دەبێ؟.
قەیرانەكانی كوردستان و لەسەروو هەمویانەوە قەیرانی ئابوری، نەتیجەی (بەهەرێم مانەوە) و بێ دەوڵەتییە. رێگای ستراتیجی بۆ قورتاربونی هەتاهەتایی كوردستان لە قەیرانی ئابوری، زگاربونە لە حاڵەتی هەرێمبوون. كوردستان بۆ ئەوەی پێشكەوێ و ببوژێتەوە و بتوانێ پلانی درێژخایەنی ئابووری دابنێت و لە گەشەی سیاسی و ئابوری و تەنانەت قووڵكردنەوەی دیموكراسیش بەردەوام بێت، پێویستە ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆَ .