بزوتنەوەی گۆڕان و خیتابێكی شایستەتر
August 1, 2017
وتار و بیروڕا
بزوتنەوەی گۆڕان وەك بەشێك لە بزوتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان شایانی خیتابێكی شایستەترە بە خۆی، خیتابێك لەگەڵ ئەو بەڵێنانە تێكبكاتەوە كە بە دەنگدەرەكانیان دا. كە هیچ یەكیان بریتی نەبوو لە دژایەتی سەربەخۆیی و ئازادی كوردستان. خیتابێك دژی حكومەت و لەگەڵ دەوڵەت بێت. دژی كەموكورتییەكان و پشتیوانی ئازادی و سەربەخۆیی بێت. خیتابێك لێی تێك نەچێ و وانەزانێ موخالیفانی كەم و كورتییەكانی نێوخۆیی، بۆ ئەوە دەگونجێن بكرێنە كەرەستەی لەبەین بردنی خەون و ئاواتی سەد ساڵەی میللەت و بەهەدەردانی خوێنی شەهیدان.
دەبێ ئەوانەی بە ناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەدوێن و ئیدیعای تەعبیر لە هەڵوێستی بزوتنەوەكە و جەماوەرەكەی دەكەن، وەك هۆشیار عەبدوللا نەڵێن: ( ریفراندۆم و سەربەخۆیی پیلان و دەسیسەی ووڵاتانی خلیجی عەرەبییە دژی عێراقی یەكپارچە) !! ئاخر ئەمە تەرجەمەی دەقاو دەقی قسەی مالكییە نەك قسەی دڵی گۆڕانخوازان. ئەوەی بە ناوی گۆڕان دەدوێ، دەبێ وەك هوشیارعەبدوللا نەڵێ : ( سەربەخۆیی پیلان و بەرنامەی ئۆردوگانە بۆ دروستكردنی ئیمارەتێكی پاشكۆی تورك لە ویلایەتی موسڵ) و بەڵام كە لێیان پرسی ئەدی ئۆردوگان و توركیا بۆ دژی ریفراندۆمن، دەمی ببێ بە تەڵەی تەقیو.
پاش ئەوەی ئاستەنگەكانی بەردەم كاراكردنەوەی پەرلەمان و رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد لابران، ئیتر خەڵك چاوەڕوانی بەدەنگەوەهاتن وهەڵوێستی مەسئولانە و ئیجابی لە بزوتنەوەی گۆڕان و سەركردایەتییە نوێیەكەی دەكات. هەڵوێستێك تەعبیر لە كوردایەتی و نیشتمانپەروەریی جەماوەری گۆڕان، پەرۆشیی بۆ ئاشتەوایی و پێكهاتنەوە و زەمینەسازیی، گەرەنتی رۆڵ و پێگەی شایستە بە بزوتنەوەكە لە كاروانی سەربەخۆیی بكات. هەڵوێستێك تا چاو بڕبكات موخالیفی رەوشی ناوخۆ و پێداگیر بێ لەسەر پرنسیپەكانی بزوتنەوەكە، بەلام پەرۆش بۆ سەربەخۆیی كوردستان و حەوت فرسەخیش دوور بێت لە تەرجەمەكردنی قسەی مالكی و ئەوانەی بە مالكی سەرمەستن.