ئێمە نایگۆڕین، ئێوە بیگۆڕن
July 31, 2017
وتار و بیروڕا
لە پاش دوایین پێداگیری بێ چەندوچوونی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لەسەر وادەی پرۆسەكە لە بیست و پێنجی نۆدا، ئیدی حەق وایە دۆست و ناحەزانی ریفراندۆم لە دەوروبەر و جیهان ئەو یەقینەیان لە لا دروست بێت كە كورد نەك هەر بەجدییەتی، بەڵكو بە هیچ تكا و وەعد و بەڵێنێك و لەژێر هیچ گوشار و هەڕەشەیەكدا، ئامادە نییە پاشگەزبێتەوە یان كاتەكەی دەسكاری بكات.
ئیتر حەق وایە دۆستەكانی كورد دڵنیا بن كە كورد بڕیاری خۆی داوە و هەلو مەرجەكةشی باش هەڵسەنگاندووە و نیگەرانی هەموو دۆستانیشی پێ دەڕەوێندرێتەوە و بۆیەش جگە لە پشتیوانی، هیچی دیكە لەوان چاوەڕوان ناكات. هاوكات ناحەزەكانیشی دەبێ بە یەكجاری دڵنیا بن كە كورد لە بڕیارەكەی پاشگەزنابێتەوە و هەرەشە و گوڕەشە و شەڕی دەرونی و چاوسوركردنەوە هیچ فائیدەی نییە.
لەبەرامبەر وەها بڕیارێكی یەكلاكەرەوە و كۆنكرێتی و بێ دوودڵی و یەكجارەكی سەركردایەتی سیاسیی كوردستاندا، عەقڵانییەتی سیاسی وا دەخوازێت هەر دەوڵەتە لە لای خۆیەوە واقعبینانە بە هەڵوێستی سلبی خۆیدا بەرامبەر ریفراندۆمی كوردستان، چاوبخشێنێتەوە.
ئيدى دەركةوت كە كورد گەمە و موناوەرەی سیاسیی ناكات و جگە لە سەربەخۆیی، هیچ مەبەستی دیكەی لە ریفراندۆم نییە. ریفراندۆم نە فشاری سیاسییە و نە بۆ ناچاركردنی بەغدا و دەوروبەرە تا پێشێلكاری لە دژمان راوەستێنن. ریفراندۆم دوا بڕیاری گەلی كوردستانە پاش ئەوەی هەموو رێگاكانی دیكەی تاقیكردەوە و گەیشتە ئەو یەقینەی ژیان لەگەڵ دەوڵەتی مەزهەبیی فاشلی بێ ئایندەی عێراقن مەحاڵە. سەربەخۆیی ئامانجێكە سەد ساڵە كورد بە خوێن بەرنامەی بۆ دادەرێژێ و ئامادەباشی بۆدەكات و بۆ كاتی گونجاوی جێبەجێكردنی دەڕوانێ. بە بڕوای كورد ئێستا كاتە گونجاوەكەیە و نە پێشتر و نە لەمەودواش هەرگیز كاتی وا گونجاو پەیدا نابێ. ئەو لایەنەش كە بۆی هەیە تەقدیری كاتی گونجاو بكات تەنیا و تەنیا كوردستان خۆیەتی نەك هیچ دەوڵەت و لایەنێكی دیكە.
گەلی كوردستان نە دەستبەرداری مافی خۆى دەبى و نە بڕیار و ئامانج و وادەی ریفراندۆم دەگۆڕی. چونكە كورد مومارەسەی مافێكی رەوا و مەشروعی خۆى دەكات. ئەوانەی كە بە ناهەق و بێ جەدوا دژی ئەو مافەی خەڵكی كوردستانن، ئةوان دةبى هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن.