دڵنیاكردنی وڵاتانی دراوسێ بە میكانیزمەكانی كاری هاوبەش

دڵنیاكردنی وڵاتانی دراوسێ  بە میكانیزمەكانی كاری هاوبەش
ئەمڕۆ كە گەلی كوردستان و دۆزە رەواكەی بە قۆناغێكی گرنگ و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، بە ئومێدی گەیشتن بە سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان لە رێگەی ریفراندۆم و وەرگرتنی رای گەلی كوردستانەوە، بۆیە ئاساییە لە رووی سیاسییەوە دەوڵەتانی دەوروبەر جۆرێك لە نیگەرانییان بۆ دروست بێت، هەروەها ئاساییشە ئێمە هەوڵ بدەین بۆ رەواندنەوەی ئەو نیگەرانییانە لە رێگەی دانوستان و دیالۆگ و دانیشتن و سەردانەوە، هەموو ئەمانەش بە مەبەستی:-
یەكەم: پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ناوچەكە، لەمەشدا پێویستیمان بە هەماهەنگی دەبێت بۆ نزیككردنەوەی گۆشەنیگاكان سەبارەت بە:
1. ناسین و ناساندنی واقیعی راستەقینەی ناوچەكەو رووداو و خواستی رەوای گەلان.
2. گەیشتن بە كۆدەنگییەك بۆ چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی سەر هەمووان.
3. هەوڵدان بۆ بەرقەراركردنی ئاشتیی هەمیشەیی و سەقامگیری بۆ گشت لایەك.
4. زیادكردنی هەماهەنگی و هاوكاریی وەك رێگەیەك بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی.
5. دامەزراندنی ئەنجومەنێكی هەماهەنگی بۆ هاوكاری هاوبەش.
دووەم: ئابووری و ئاڵۆڕگۆی بازرگانیی هاوبەش، ئەمەش لە رێگەی چڕكردنەوەی زوومی تێڕوانینەكان لەسەر بابەتە ئابوورییەكانی پەیوەست بە دەوڵەت و گەلانی ناوچەكەو دەرخستنی قازانج و خستنەڕووی سوودەكانی كاری ئابووری و بازرگانیی هاوبەش لە رێگەی:
1. تیشكخستنەسەر ئەو راستییەی كە گەشەی ئابووری مایەی سوودی گەورەیە بۆ گشت گەلانی ناوچەكە.
2. تیشك خستنەسەر دەستپێشخەریی بازرگانیی ئازاد لە تەواوی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا.
3. تیشكخستنەسەر ئاراستەی ئابووری سیاسی و یەكخستنی هەڵوێستە ئابوورییەكان وەك دەروازەیەك بۆ نزیككردنەوەی هەڵوێستە سیاسییەكان، بە پشتبەستن بە ئەزموونی سەركەوتووی ئەوروپاو پەندوەرگرتن لە ئەزموونی هەرەسهێناوی وڵاتانی عەرەبی كە لە سیاسەتەوە دەچن بەرەو ئابووری هەتا ئەم ساتە.
سێیەم: كاركردن لەسەر هاریكاریی كەلتووری و هونەری، لەمەشدا باكگراوندێكی كەلتووریی چەند سەدساڵەی هاوبەش لەبەردەستماندایە بۆ كار لەسەر كردن بە ئاراستەی دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەكان، لەوانە:
1. قووڵكردنەوە كەلتووری پێكەوەهەڵكردن و پێكەوەژیان.
2. رەتكردنەوەی دووبەرەكی و هزری باڵادەستیی رەگەزی و توندوتیژی.
3. ئەنجامدانی كاری رۆشنبیری و هونەریی هاوبەش لە بۆنە جیاجیا هاوبەشەكاندا.
4. روانین لە خاڵە گەشەكانی رابردوو، كاركردن بۆ ئایندەو تیپەڕاندنی قۆناغە رەشەكانی مێژوو.
5. مامەڵەكردنی هەستیارانە لە بارەی جوگرافیاو مێژووی ناوچەكە.
6. ئاگاداربوون لە بارەی دەروونی گەلانی ناوچەكەو سایكۆلۆژیای گشتیی كارو كاردانەوەیان.
7. خۆدوورگرتن لە راپۆرتە ناڕەسمیەكان و نووسین و لێدوانی سیاسەتمەدارو لێكۆڵەرە سیاسییە جیهانییەكان كە هەر یەكەو بە ئاراستەیەكی دیاریكراوی گونجاو لەگەڵ بەرژەوەندیی وڵاتانی خۆیاندا دەنووسن.
8. بایەخدان بە قسەی وتەبێژی رەسمی حكومەت و دەزگا رەسمیەكان و خۆدوورگرتن لە بڵاوكردنەوەی زانیاری هەڵەو گومڕاكەر كە زیان بە بەرژەوەندیی لایەك، یان بەرژەوەندیی هاوبەش دەگەیەنێت.
9. خۆدوورگرتن لە بڵاوكردنەوەی كەلتووری ترس و گومان لە بەرامبەر.
10. كردنەوەی پەنجەرە داخراوەكان و كرانەوەی دەرگاكانی پەیوەندی بە رووی یەكدیدا.

Top